X
د. سه‌ردار عه‌زیز

ئایا کێ چارەت دەنوسێت؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، هاوڕێم کاک د. نیاز نەجمەدین بە سوپاسەوە کتێبی: ‘کێ چارەنوس دیاری دەکات؟ ‘ی بۆ ناردم. هەر کە بە دەستم گەیشت دەستم بە خوێندنەوەی کرد، بەڵام چونکە کار و سەفەرم هەبوو، پلانم دانا لە ڕێگای سەفەرەوە بە تەواوی بیخوێنمەوە. ئەو بەیانیە زوو، چەند ڕۆژێک لە مەوپێش، هاوسەرەکەم، بە ئۆتۆمبیل گەیاندمیە سەر سنوری نەمسا لە ئیتالیاوە و لە ژیر تریفەی مانگەشەوێکی ساماڵی سارددا، ماڵ ئاواییم لێکرد. کە سواری شەمەندەفەرە نەمساوییەکە بوم، لاپتۆپەکەم کردەوەو دەستم بە خوێندنەوە کرد. کتێبەکە وەک ئاو ڕەوان نوسراوە. هەرچەندە زۆرجار کاتێک چەمکی ئابوریمان بەرچاو دەکەوێت خێرا وێنایەکی ئالۆزی پڕ لە ژمارە و داتا و ڕای زۆری جۆراوجۆر دێتە خەیاڵمان، بەڵام د. نیاز توانیویەتی کتێبێکمان بۆ بنوسێت بە زمانێکی ئێجگار خوێنراوە و بۆ هەموان. ئەمە دەرخەری ئاستی توانای ئەوە بە سەر بابەتەکەیدا. ڕەواننوسین نیشانەی شارەزاییە بە سەر بابەتەکەدا، ئەوەش هاوکاری ئەوی کردوە کە زۆربەی سەرچاوەکانی لە دونیای ئەنگلۆساکسۆنەوەیە، چونکە دونیای فرانکۆفۆن دونیای ڕستەی ئالۆز و تەکنیکییە.

سەرەتا حەزدەکەم بە ناونیشانەکە دەست پێبکەم. چەمکی چارەنوس، لە زمانی کوردیدا جێگای سەرنجە. پێکەوەگرێدانی چارە لە گەڵ پاشگری نوس-دا، دەرخەری ئەوەیە کە لە ئاگایی بونیادنەری ئەو چەمکەدا، چارە نوسەرێکی هەبوە. نوس، کە ئاماژەیە بۆ نوسەر یان نوسراو، دەرخەری ئەوەیە کە کەسێک یان هێزێک هەیە کە پلانڕێژی ژیانی کەسەکان دەکات و چارەیان دەنوسێت. بەمجۆرە کەسەکان موخەیەرنین بەڵکو موسەیەرن. ئەم پرسە بوارێکی زۆری دونیای باوەڕ و فەلسەفەی داگیرکردوە. ئایا مرۆڤ خاوەن بڕیار و ئیرادەی خۆیەتی یان نەخێر لە چارەی نوسراوە یان بەرهەمی ژینگەی کۆمەڵایەتییە؟؟.

دەکرا ئەم یارییە زمانەوانییە بۆ ناونیشانەکە سەرنجڕاکێش بوایە بەوەی کە چارە و نوسین وەک دراوێک وەرنەگرین بەڵکو لە یەکیان بترازێنین و بیانخەینە ژێرپرسیارەوە. بەڵام وەک ئاماژەم پێدا کتێبەکە لە بواری کۆگنەتیڤدا نەنوسراوە، بەڵکو لە بواری ئابوری کۆمەڵایەتیدا کاری کردوە.

دەکرێت چارەنوس بۆ زۆر دۆخ و مانای جیاواز بەکار بێت. بۆ نمونە زۆرم بیستوە لە گەرمیان ژنان لە نێوان خۆیاندا لە یەکتریان پرسیوە، بۆ شوتکرد بەم سوێڵ (سمێڵ) قەوییە، (زللە)؟ لە وەڵامدا بە ئاهێکەوە دەڵێن، بەخوا چی بکەم، ئەڵبەت لە چارەم نوسرابوو. لێرەدا چارە ڕەنگە تەنها ئاماژەنەبێت بۆ قەدەرێکی ئیلاهی بەڵکو بۆ خێزان و کەسوکاریش.

د. نیاز زۆر بەباشی ژینگەکان دەستنیشان دەکات و کاریگەریی باش و خراپیان ڕون دەکاتەوە. ژینگەی خێزان، گەڕەک، قوتابخانە، کۆمەڵگا، هەروەها کاریش. سەرباری ئەم پۆلێنکارییە کۆمەڵایەتییە، کتێبەکە زیاتر فەلسەفەی سیاسییە بەوەی لە هەموو شتێک زیاتر جەخت لە سەر چەمکی ئازادی دەکاتەوە.

ئەم بایەخەی ئازادی لە ئابوریناس و بیرمەندی گەورەی هیندی ئەمارتیا سینەوە وەردەگرێت. گەشە وەک ئازادی ناوی کتێبێکی سین و هاوەڵەکەیەتی کە لە ساڵی ١٩٩٩ چاپکراوە. سین پەیوەندییەکی دیالیکتیکیانە لە نێوان و گەشە و ئازادیدا دەبینێتەوە. ئازادی، بە تایبەتی ئازدای تاک بە کۆڵەکەی گەشە لە قەڵەم ئەدا، بەڵام ئازادی تاک ئەرکێکی کۆمەڵایەتییە. ئەوە کۆمەڵگایە دەبێت زەمینەی ئەوە برەخسێنێت هەتا تاک ئازادبێت. بەمجۆرە ئازادی وەک لابردنی بەربەست و دروستکردنی بنەما بۆ سەرکەوتن بە سەر بەربەستەکاندا بینراوە. (ئەشعیا بەرلین و پۆلێنکردنەکانی بۆ ئازادی، بهێنەوە یادی خۆت).

هەروەها ئازادی لە ئاستێکی تردا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە چارەوە هەیە لە تێگەیشتنە عەلمانییەکەیدا، یان تێگەیشتنە دونیاییەکەیدا، ئەویش ئەوەیە کە بۆ ئەوەی ئازادی فەراهەم بێت دەبێت بنەماکانی دابڕێژرێت و زەمینەی بۆ بسازێت. بۆ نمونە بۆ ئەوەی مرۆڤ ئازادبێت دەبێت دووربێت لە نەخۆشی، بۆیە دەبێت هەموو کەسێک بەبێ ڕێگری مافی ئەوەی هەبێت کە چارەسەر بکرێت، کە بخوێنێت، کە پەرە بە تواناکانی خۆی بدات. لای سین ئازادی تاک، پەیوەستە بە کۆمەڵگاوە، ئەگەر کۆمەڵگا بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە کار لە سەر بنەمای یەکتر تەواکردنی تاکەکان و پاشان کۆمەڵگا بکات ئەوا لە ژینگەیەکی وەهادا مرۆڤەکان دەتوانن ببنە نوسەری چارەی خۆیان.

دیارە بێگومان کۆمەڵگا ناتوانێت هەموو بنەماکان دابین بکات، چونکە کەسایەتی تاک پێش هاتنی بۆ ناو کۆمەڵگا دەست پێدەکات. کاتێک ژن و پیاوێک بڕیاری دروستکردنی منداڵێک دەدەن، ئەوە جین و دی-ئێن-ئەی ئەوانە کە کاریگەری گەورەی هەیە لە سەر کێیەتی و چۆنێتی منداڵەکە. ئەم ڕەهەندە جینییە ئەوەندە تیشکی نەخراوەتە سەر لە کتێبەکەدا.
لێرەوە ڕۆڵی باوان، نەک تەنها بەخێوکردنە بەڵکو گواستنەوەیەکەی نائیرادەییە. بەڵام لە بواری بەخێوکردندا کتێبەکە زۆر بەباشی تیشک دەخاتە سەر ئاستی خوێندەواری باوان و گواستنەوەی بە پۆزەتیف بۆ منداڵان. کاتێک لە گەشتەکەمدا، گەشتمە فڕۆکەخانەی میونخ، بڕیارمدا کتێبێک بکڕم بۆ خوێندنەوە لە ناو فڕۆکەدا، کتێبێکی فلیپا پێریم کڕی، لە ژێر ناونیشانی [ئەو کتێبەی ئاواتەخوازبوی باوانت بیانخوێندایەتەوە (هەروەها منداڵەکانت دڵشاد دەبن ئەگەر تۆ بیخوێنیتەوە)]. سەرتاپای کتێبەکە لە سەر دوو تێز کار دەکات، یەکەم، دەبێت هەمیشە خواستی منداڵان بە جیدی وەربگیرێت، نەک لە ڕوانگەی گەورەوە.

زۆرجار منداڵان لە سەر شتی بێ مانا کێشەیان هەیە، بەڵام نابێت پێیان بڵێی کە بێمانایە. بەڵام تێزی دوەمی جێگای سەرنجە، ئەویش چۆن هەمومان لە مامەڵەمان لە گەڵ مناڵەکانماندا، بەبێ ئاگایی مناڵی خۆمان دوبارە دەکەینەوە.

کتێبەکە لە پاش خێزان دەچێتە بوارەکانی خوێندن و حکومەت و سیستەمی ئابوریی وبوارەکانی ترەوە. لێرەدا دەبێت چەند پرسێکمان لە لا ڕون بێت. لە کاتێکدا کتێبەکە دەیەوێت دیدی تەقلیدی چارەنوسین بگۆڕێت بۆ دیدێکی لیبرال، بەو مانایە کە ئەوە چیدی هێزە دەرەکیەکان نین کە بەبێ توانا و خواستی مرۆڤ چارەیان نوسیوە، بەڵکو هێز و بوارە کۆمەڵایەتییە دونیاییەکانن لە گەڵ دیدی و ئاگایی و توانای مرۆڤەکاندا پێکەوە چارە دەنوسنەوە. کرۆکی ئەم بیرە لیبرالە لەو ڕوانگەیەوەیە کە مرۆڤەکان بەرپرسن لە چارەنوسی خۆیان، یان دەبێت مرۆڤەکان بواریان بۆ بڕەخسێت هەتا ببنە نوسەری چارەنوسی خۆیان.

ئێمە دەزانین کە دیدی لیبرالیزم لە بیری ئەورپیدا بەرامبەر دیدی ئیلاهی یان خودایی گەشەی کرد. کرۆکی دیدی لیبرالیزم لە سەر بنەمای ئازادییە. ئازادی یانی هەبونی دەرفەت و ئاگایی هەڵبژاردن یان توانای بژاردە. هەتا کۆمەڵگا بتوانێت بژاردەی زیاتر بخاتە بەردەم تاکەکان و تاکەکان بتوانن بە باشی بژاردەکان هەڵبژێرن ئەوا باشتر دەبنە نوسەری چارەنوسی خۆیان.
لەم ڕوانگەیەوە کتێبەکە ڕەخنە لە بیر و ئایدەلۆژیاکانی تر دەگرێت. لە نێویاندا سۆشیالیزم. ڕەخنەکانی لە سۆشیالیزم لە دیدی هایەکەوەیە، کە یەکێکە لە باوانی نیولیبرالیزم. هایەک سۆشیالیزم بە ڕێچکەی کۆیلەیەتی دادەنێت. ئەم دیدە لە دونیای ئەمرۆدا کە نیولیبرال لە قەیراندا لە ژێر ڕەخنەدایە. د. نیاز دیدەکانی تریش ریز دەکات وەک رێگر لە بەردەم ئازادییەکانی تاک، لە نێویاندا ناسیونالیزم. لەم ڕوانگەیەوە تەنها هێندە ئاماژە بە ئەوە دەدات کە یەکێتی و پارتی ناسیونالیزمن. بەڵام حەزم دەکرد زیاتر لە سەر ئەم بوارە بوەستایە. چۆن ناسیونالیزم دەتوانێت بونیادنەر و ڕوخێنەریش بێت. بەڵام لە راستیدا ئایا دانانی یەکێتی و پارتی وەک ناسیونالیست خراپ دەستنیشانکردنی دۆخەکە نیە؟

کتێبەکە بە زۆر بواردا سەفەر دەکات لە کوردستان. چۆن ئەم بوارانە زۆر لە بڕی بەخشینی توانا ڕەنگە تواناکان سنوردار بکەن. خوێندەواری گرنگە بەڵام جۆری خوێندن گرنگترە. حکومەتداری گرنگە بەڵام کوالتی حکومەت و سیستەمی سیاسیش گرنگە. کەرتی نەوت بەسودە بەڵام ڕەنگە ببێتە مایەی کێشەش. داهاتی گشتی یەکێکە لە کۆڵەکانی بونیادی تاک، بەڵام کاتێک لە هەرێم لە دە ساڵی رابودودا بودجە بونی نیە، ئەوا مانای ئەوەیە هیچ پلانڕێژییەک نیە بۆ داهاتی گشتی و چۆنێتی بەکارهێنانی لە ڕوانگەیەکی ستراتیژییەوە بۆ سودی گشتی.

د. نیاز زۆر کارامانە کار لە سەر جیندەر دەکات. چۆن ئافرەت زیاتر قوربانی بونیاندە کۆمەڵایەتیی و ئابورییەکانە، کە لە ئەنجامدا دەرفەتەکانی کەمتر دەکەنەوە و بژاردەکانی سنوردار دەکەن.

لە دوا بەشدا کتێبەکە داوایەکی لە خوێنەرانی هەیە: وەک تاکێکی بەرپرسیار ئەو ڕێگایە تاقیبکەرەوە کە کەمترین تاقیکراوەتەوە لە کوردستان، ئەویش ڕێگای فێربون و زانستە. فێربون تەنها لە پێناو بژێویدا نیە، بەڵکو هاوکاریت دەکات هەتا لە گەردەلوکانی ژیاندا باشتر تێپەڕیت.

د. نیاز لە کتێبەکەیدا بواری تاک و کۆ پێکەوە گرێدەدات. دەیەوێت تاک بە ئاگابێتەوە لە ئالانگەرییەکانی و چۆن بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و لەو پێناوەدا خۆی تەیار بکات. کتێبێکە شایستەی خوێندنەوەیە. پرسێکە هەموومان ڕوبەڕوی دەبینەوە، خۆشمان بێت یان ترشمان بێت.

هەواڵی زیاتر

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 3 کاتژمێر پێش ئێستا

باڵيۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا هۆشداری دەدات

هەواڵی کوردستان 4 کاتژمێر پێش ئێستا

كۆمەڵی دادگەری بڕیاریدا

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 4 کاتژمێر پێش ئێستا

وەڵامێكی توندی ئەردۆغان درایەوە

هەواڵی کوردستان 5 کاتژمێر پێش ئێستا

راگەیەنراوێك لە قائیمقامیەتی سلێمانییەوە