گرنگ
لیژنه‌ی باڵای كه‌یسی مناڵه‌ ونبووه‌كانی هەڵەبجە كۆبووەوە
ئەندامێكی پەرلەمان: دابەشكردنی هاوكارییە داراییەكەی نەخۆشخانەی رزگاری بە حزبی كراوە
تەندروستی راپەڕین سێ رۆژ بۆ پشكنینی كۆرۆنا تەرخان دەكات

هەواڵی کوردستان

په‌یامێك له‌ سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتییه‌وه‌

31/05/2020

میللەت

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
لە چل ‌و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چل ‌و چوار ساڵەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەكەین. لەم یادەدا، بانگهێشتتان دەكەین پێكەوە تاوێك لە كاروانی خەباتی نەپساوەی پڕ شەهید و پڕ دەسكەوتی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان رابمێنین. پێكەوە، سەری رێز و وەفا بۆ شەهیدەكانمان نەوی بكەین، كە لەپێناو سەرخستنی باوەڕە نەگۆڕەكانی یەكێتی بۆ ئاشتی ‌و ئازادی، مافی چارەی خۆنووسین، دیموكراسی، مافی مرۆڤ، دادپەروەریی كۆمەڵایەتی ‌و دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان، گیانی خۆیان بەخشی. پێكەوە بەڵێن بدەین بە كەسوكاری سەربەرزیان، بە پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەكان، بە رێكخستنە نهێنییەكان ‌و سەركردایەتیی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بە پارتیزانەكانی دوای ئەنفال، بە خەباتگێڕانی قۆناغە سەختەكانی خەباتی شاخ ‌و شار، بە دەستەی دامەزرێنەری (ی.ن.ك)، بە رۆحی بەرزی سەرۆك مام جەلال، كە پابەندبین بەو ئەمانەتە گرنگ ‌و ئەركە مێژووییەی دوای سەركەوتنی كۆنگرەی چوار خراوەتە سەرشانمان. ئێمە لە سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڵێن دەدەین درێژەپێدەری ئەم كاروانە بین، دەسكەوتەكانی بپارێزین ‌و دەسكەوتی زیاتری بخەینە سەر و لەم ساڵیادەدا، بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ، پێداگرتر بۆ دابینكردن ‌و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان، خەبات بكەین.

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەر بە سروشت پێشەنگە. دوای نسكۆ و بێئومێدی، هیوای بەخشییەوە و شۆڕشی كوردایەتی هەڵگیرساندەوە، بە بڕوایەكی نەگۆڕ، لەپێناو مافی چارەی خۆنووسیندا خەباتی كرد و، تا گەیشتن بە دوا ئامانجیش بۆ هەموو قوربانیدانێك ئامادەیە. وەك چۆن لە رووبەڕووبوونەوەی رژێمی بەعسی دیكتاتۆردا پێشڕەو بووە، لە شەڕی دژە تیرۆریشدا، ئەوە یەكێتی بوو توانی لە كوردستانی باشوورەوە تا رۆژئاوا، شكست بە تیرۆر  بهێنێت ‌و هەوڵی داگیركاری ‌و ئەفسانەكەیان پووچەڵبكاتەوە. لەپێناوی ئایندەی كوردستاندا، یەكێتی هەزاران پێشمەرگە و سەدان فەرماندە ‌و سەركردەی قارەمانی بەختكردووە، هەربۆیەش لەلایەن كۆمەڵانی خەڵكەوە، نازناوی حزبی شەهیدانی پێ خەڵاتكراوە. بوونی شەهیدانی سەربەرزی یەكێتی لە هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان، سەلمێنەری باوەڕی ئەو تێكۆشەرانەیە بە داكۆكیی هەمیشەیی یەكێتی لە ماف ‌و ئازادییەكانیان ‌و، نیشاندەری متمانەی كەسوكاریانە، بە ئامانجی رەوا و خەباتی روونی یەكێتییەكەتان. ئێمە لە یەكێتی نوێ، بە هیواوە لەگەڵتانین، باوەڕمان بە توانای ژنان و مامۆستایان و پیشەوەر و فەرمانبەران و سەرمایەدار و بازرگان و كاسبكارانی بازاڕ و رەنجدەرانی كوردەواری، لاوان و گەنجان و پێگەیشتووانی ئەم گەلە هەیە، كە باری لاری سەرشانی كوردستان ڕاست بكەینەوە و بێ دوودڵی، هەنگاو بەرەو سەركەوتن بنێین. لەم رێبازی چەپكە گوڵەشدا، كە هەڤاڵی كۆچكردوومان مام جەلال بۆی جێهێشتووین، دەرگامان كراوەیە بۆ هەر دۆست و دڵسۆزێك، كە بیەوێت لە رێی یەكێتییەوە خزمەتی نیشتمانەكەمان بكات. ئێمە دەمانەوێت شوێنی شیاو بە كەسی شیاو پڕبكەینەوە و، ژینگەیەكی كاری حزبی و حوكمڕانیی ئەوتۆ بڕەخسێنین، كە تیایدا گەنجان و خاوەن بڕوانامە و پسپۆڕییەكان، خەڵكانی ئاسایی و دڵسۆز، هەموو چین و توێژەكان بێ جیاوازی و بە یەكسانی، بتوانن دەرفەتی پێشخستنی خۆیان و بەرەوپێشبردنی كوردستانیان بۆ بڕەخسێندرێت و هیوایان بەم نیشتمانە، بۆ بگەڕێنرێتەوە.

هاونیشتمانیانی بەڕێز
لەم ساڵیادەدا، رایدەگەیەنین كە دوای كۆنگرە، یەكێتی نوێ، (خەباتی مافەكان)ی بەرەو پێشبردووە. ئێمە لە سەرۆكایەتیی یەكێتی دەمانەوێت بە سوود وەرگرتنی تەواو لە بنەما فیكری و دامەزراوەییەكانی سۆشیاڵ دیموكرات و پیادەكردنی لە كۆی سیستمی حوكمڕانی دا، كێشە بنچینەییەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەین و، ئەو واقیعه ‌بخوڵقێنین كه ‌رۆحی شەهیدان و ویژدانمان ئاسووده ‌دەكات. كوردستانێك بنیادبنێین، كە تیایدا ماف و ئەركەكان دادپەروەرانە و بەهاوسەنگی دابەشكرابن. قۆرخی سیاسی و ئابووری نەهێڵین و، حوكمڕانییەكی بەرپرسیار و پارێزەری مافی هاووڵاتی دروست بكەین. ژیانتان ئاسان و خۆشگوزەران بێت و، نەهێڵین چاوچنۆكیی سیاسی، قەیران لە دوای قەیران بنێتەوە. بڕوای تەواومان بەوەیە كە شاڕێی گەیشتن بەم ئامانجانە، دروستكردنی باڵانسی هێزە، رێزگرتنە لە پێگەی هاووڵاتی و ماف و لە ئازادییەكان، پابەندبوونە بە دەسەڵاتی دامەزراوەكان و، ملكەچكردنە بۆ سەروەریی یاسا لە هەموو ئاستەكاندا.

تا داڕشتنی دەستوورێكی گەلپەسەند بۆ هەرێم، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ پەرلەمان، كارایی بۆ حكومەت و بە نیشتمانیكردنی هێزە چەكدارەكان، لەم قۆناغەدا جێبەجێكردنی پرۆژەی (لامەركەزیی ئیداریی و دارایی بۆ كوردستان) بە پێویست دەزانین. هەروەك لەرێكەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و كارنامەی حكومەتی هەرێمیشدا هاتووە، دەستوور، یاسا، جەماوەر و خواستی زۆرێك لە حزبەكانی تریش پشتیوانی لەم پرۆژەیە دەكەن. هەر بۆیە هەموو رێكارێكی سیاسی، یاسایی، ئیداری و مەدەنی بۆ پشتیوانیكردن لە لامەركەزیی، دەگرینەبەر كە بێگومان دەبێتە هۆی زیادبوونی كارایی حكومەت و بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان. بەكردەوە بەڵێنی ئەوەتان بۆ دەسەلمێنین كە یەكێتی حزبی خەڵكە و، بێ لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و گوشار و بەرژەوەندیی تایبەت، بەرگریكردن لە ماف ‌و بەرژەوەندییەكانتان بە ئامانجی باڵای خۆی دەزانێت ‌و بەرپرسیارە، كە خەباتی بۆ بكات. ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەرگامان كراوەیە بۆ هەموو كەس ‌و حزب ‌و لایەن ‌و جووڵانەوەیەك، تا لەسەر بەرژەوەندییە گشتییەكانی خەڵكی كوردستان، دەست لەناو دەست ‌و لەپێناو ئایندەیەكی باشتر، تێبكۆشین. دەمانەوێت لە ناوخۆی هەرێم لەگەڵ هەمووان كۆدەنگ بین. هەر هێزێكی سیاسی، بۆ بنیاتنانەوەی كوردستان لەگەڵمان بێت، دەستی هاوكاریی دەخەینە ناو دەست.



لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ‌و ناوچەكە، پەیوەندیی دراوسێیەتیی باش درێژە پێدەدەین ‌و، لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان، بۆ پاراستنی مافەكانی گەلەكەمان، كار دەكەین. لەگەڵ هێز ‌و لایەنە عیراقییەكان و پرۆسەی سیاسیی وڵات دەسازێین، بەڵام سازش ناكەین لەسەر ماف ‌و دەسكەوتەكان، كە بە خوێنی دەیان هەزار قوربانی بەدەستهاتوون. یەكێتی بەردەوام دەبێت لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، لە پارێزگاریكردن لە مافە دەستوورییەكانی گەلەكەمان ‌و، لە خاوەندارێتیكردن لە كەركوك ‌و ناوچە دابڕێنراوەكان، بەپێی ماددەی 140 لە دەستووری وڵات خەبات دەكەین بۆ زامنكردنی یەكلاكردنەوەی كوردستانیبوونی چارەنووسیان. ئێمە باوەڕی تەواومان وایە تا كوردێك لە كەركوك مابێت، یەكێتی دەمێنێت ‌و تا یەكێتیش بمێنێت، بەرگریی دەكات لە كەركوك ‌و تەواوی خاك ‌و خەڵكی كوردستان. لێرەوە یەكێتی پێداگر ‌و پشتیوانە بۆ سەرخستنی دانوستانەكانی نێوان هەرێم ‌و بەغدا، لەسەر مووچە ‌و بودجەی هەرێم ‌و، لەسەر یەكلاكردنەوەی چارەنووسی خاك ‌و سنوور ‌و دەسەڵاتەكانمان، بە پشتبەستن بە بنەما نیشتمانی ‌و دەستوورییەكان.

ئەندامانی دڵسۆزی یەكێتی
لە چل ‌و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتییەكەتاندا، یاد ‌و تێكۆشانی سەرۆك مام جەلال ‌و سەركردە نەمرەكان و شەهیدەكانمان بەرز دەنرخێنین، پێداگریی دەكەین لەسەر گرنگیی یەكێتیی ناو یەكێتی ‌و دووپاتیدەكەینەوە كە یەكێتی، بە هەمووتانەوە پتەو ‌و یەكێتییە. ئەم رێگەیەش كە ئێمە لە سەركردایەتیی نوێ گرتوومانەتە بەر، هەرچەند پڕ هەوراز ‌و نشێو بێت، بەڵام هەرگیز كۆڵنادەین ‌و بەردەوام دەبین. جێی شانازییشە كە لەم كاروانەدا تەنها نین ‌و دەبینین ئەندامە دڵسۆزەكانی یەكێتی، بە خواستیان بۆ چاكسازی ‌و بە پشتگیرییان لە (خەباتی مافەكان)، لەگەڵمانن ‌و بۆ پاراستنی مافەكانی خەڵك ‌و دەسكەوتەكانی كوردستان، تێدەكۆشن. بۆیە دڵنیاین بە پشتیوانیی ئێوە، بە دروستبوونی كۆدەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكان ‌و، بە یەكدڵی ‌و یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان، ئەم كاروانەش دەگاتە ئەنجام ‌و وەك هەمیشە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵی پێشەنگ ‌و مێژوویی خۆی دەگێڕێت.


لەكۆتاییدا تەئكید لە ھەڤاڵانی یەكێتی دەكەینەوە كە لەبەر  خۆپارێزی و پابەندی بە رێنماییە تەندروستییەكانەوە ھیچ گردبوونەوە و بۆنەیەكی جەماوەری ساز ناكرێت بە سەردانی مەزاری مامی گەورەشمانەوە. ھەڤاڵانی یەكێتی ھاوكار و پێشەنگ دەبن لە جێبەجێكردنی رێنماییەكان بۆ چاكەی گشتی و پاراستنی میللەتەكەمان. بەتایبەتی لەم شەپۆڵی دووەمی نەخوازراوی كۆرۆنادا. ھیوا دوارۆژی گەش بۆ ھەمووان دەخوازین و دڵیابن لە ئایندەی نزیكدا یادێكی شایستەی جەماوەری لە حزوری مەزاری سەرۆك مام جەلال دەكەینەوە

بەرز‌و پیرۆز بێت یادی 45 ساڵەی دامەزراندنی (ی.ن.ك)

سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان


ئه‌م بابه‌ته 35726 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure