گرنگ
وەزارەتی تەندروستی: لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا هەشت تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە
بەڤیدیۆ: چرکەساتی تەقینەوەی کارگەیەکی دروستکردنی چەک و تەقەمەنی لە تورکیا
له‌مه‌ودوا ئاشكرابوونى ئه‌نجامى پشكنینی كۆرۆنا له‌ كۆیه‌ ته‌نها 10 خوله‌كى پێویست ده‌بێت

هەواڵی کوردستان

لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنه‌كانی سلێمانی 17 بڕیاری‌ نوێی‌ ده‌ركرد

پێش 4 هەفتە

میلله‌ت
لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنه‌كانی سلێمانی 17 بڕیاری‌ نوێی‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا و رێگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ده‌ركرد و رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ وه‌كو خۆیان جێبه‌جێ‌ بكرێن‌و هه‌ر خه‌مساردیی‌و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك، لایه‌نی فه‌رمیی جێبه‌جێكار ڕووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ و ڕێكاری یاسایی ‌و كارگێڕیی توند ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2020 لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنه‌كانی سلێمانی كۆبۆوه‌ و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "پاڵپشت به‌ به‌یانی ژماره‌ (38)ی ساڵی (2020)ی وه‌زاره‌تی ناوخۆو پاشكۆكانی و بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌پێناوی پاراستنی ئاسایشی ته‌ندروستی‌و ته‌ندروستیی گشتیی هاووڵاتیان‌و به‌رگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تای كۆرۆناو به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خۆپارێزیی له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا بڕیاری له‌م ڕێكارو ڕێنماییانه‌ی خواره‌وه‌ داو پێویسته‌ وه‌كو خۆیان جێبه‌جێ‌ بكرێن‌و هه‌ر خه‌مساردیی‌و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك، لایه‌نی فه‌رمیی جێبه‌جێكار ڕووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌و ڕێكاری یاسایی‌و كارگێڕیی توند ده‌كاته‌وه‌:

١-به‌یانی ژماره‌ (٣٨)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ردوو نووسراوی ژماره‌ (٧٢٥٣ و ٧٢٥٤)ی ڕۆژی (١/ ٦/ ٢٠٢٠)ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ وه‌كو خۆیان جێبه‌جێ‌ ده‌كرێن‌ جگه‌ له‌و بڕگانه‌ی كه‌ له‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا هه‌مواركراونه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ هه‌موولایه‌ك پابه‌ندی بڕگه‌كانی ئه‌م بڕیارانه‌ بن.

٢-له‌ سه‌عات (٦)ی ئێواره‌ی ڕۆژی (٣/ ٦/ ٢٠٢٠)ه‌وه‌ به‌پێی ئه‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌و ڕێكارو ڕێنماییه‌كانی پێشتر له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنه‌كانی پارێزگای سلێمانی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆناو قائمقامیه‌تی قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی‌و فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی تر په‌یوه‌ست به‌ بواره‌ جیاجیاكان دیاریكراون، له‌ژێر چاودێریی‌و لێپرسینه‌وه‌و پشكنینی وردو توندی لیژنه‌كانی به‌دواداچوون‌و لیژنه‌كانی قائمقامیه‌ته‌كان‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستیدا، سێكته‌ره‌كان ده‌كرێنه‌وه‌، هه‌ركه‌س‌و شوێنێك پابه‌ندی ته‌واوی ڕێكارو ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییه‌كان نه‌بێت، شوێنه‌كه‌ی بۆماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك داده‌خرێت‌و ڕێكاری یاساییش به‌رامبه‌ر خۆی ده‌گیرێته‌به‌ر.

٣-پێویسته‌ هه‌موو ئه‌و بوارو سێكته‌رو شوێنی كارو دامه‌زراوانه‌ له‌ كه‌رتی گشتی‌و تایبه‌تدا، پابه‌ندی ته‌واوی ڕێوشوێنه‌كانی ته‌ندروستیی‌و خۆپارێزیی بن‌و پێداویستی پاكژكردنه‌وه‌و كه‌لوپه‌لی خۆپارێزیی به‌كاربهێنن و په‌یڕه‌وی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بكه‌ن.

٤-پێویسته‌ دووریی نێوان كه‌سێك بۆ كه‌سێكی تر له‌ هه‌موو شوێنه‌ گشتیی‌و فه‌رمانگه‌و دامه‌زراوه‌كان‌و بازاڕو مۆڵ‌و ماركێته‌كاندا له‌ (یه‌ك مه‌ترو نیو) كه‌متر نه‌بێت‌و نابێت له‌ هیچ شوێنێكدا به‌ریه‌ككه‌وتن‌و تێكه‌ڵاوبوون‌و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌و قه‌ره‌باڵغی ڕووبدات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ داده‌خرێت‌و خاوه‌نه‌كه‌ی ڕووبه‌ڕووی ڕێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌، له‌ فه‌رمانگه‌كانی ده‌وڵه‌تیشدا به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كه‌ ڕووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی و كارگێڕیی ده‌كرێته‌وه‌.

٥-له‌ ڕۆژی (٧/ ٦/ ٢٠٢٠)ه‌وه‌ به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی پێشتر له‌لایه‌ن هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌كه‌وه‌ دیاریكراوه‌ ده‌وامی فه‌رمیی فه‌رمانگه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، پێویسته‌ فه‌رمانبه‌ران پابه‌ندی ته‌واوی ڕێوشوێن‌و ڕێكارو ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیی‌و خۆپارێزییه‌كان بن‌و پێشوازیی له‌ هیچ سه‌ردانكه‌رو هاووڵاتییه‌ك ناكرێت ئه‌گه‌ر كه‌لوپه‌لی خۆپارێزیی (ماسك‌و ده‌ستكێش)ی به‌كارنه‌هێنابێت، له‌ هه‌موو فه‌رمانگه‌كاندا پێویسته‌ له‌ڕێی سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره‌وه‌ مامه‌ڵه‌كان له‌ هاووڵاتیان وه‌ربگیرێت‌و له‌هه‌مان شوێنه‌وه‌ وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌و هاتنه‌ ناو به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌و به‌ش‌و ژووره‌كانی فه‌رمانگه‌كان قه‌ده‌غه‌یه‌، له‌ هه‌ر شوێنێكدا سه‌رپێچی بكرێت به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ ڕووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌و ڕێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

٦-پێویسته‌ هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست پابه‌ندی ته‌واوی بڕیارو ڕێنمایی و ڕێكاره‌ ته‌ندروستیی و خۆپارێزییه‌كان بن و ڕۆڵی شیاوی خۆیان له‌ پاراستنی ته‌ندروستی خۆیان و خه‌ڵكدا ببینن و له‌ ڕوودانی هه‌ر نه‌خۆشیی و ناخۆشییه‌ك و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كدا خۆیان به‌رپرسیار ده‌بن و ئه‌گه‌ر زیانیان به‌ ته‌ندروستیی گشتیی گه‌یاند له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتییه‌وه‌ ڕێكاری یاساییان له‌به‌رامبه‌ردا ده‌گیرێته‌به‌ر.

٧-تیمی ته‌ندروستی‌و پشكنین له‌ هه‌موو ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تی‌و بازگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان سلێمانی‌و شاره‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا به‌ جێگیریی ده‌مێننه‌وه‌و پشكنین‌و ڕێنمایی ته‌ندروستیی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، هه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك له‌م بواره‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌و مه‌رزو بازگه‌كان‌و به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتیی ته‌ندروستی ڕووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی‌و كارگێڕیی ده‌كاته‌وه‌.

٨-دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی كه‌ره‌نتینه‌كردنی دیاریكراوی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ وه‌ك له‌ بڕگه‌ی (ده‌یه‌م)ی به‌یانی ژماره‌ (٣٨)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا هاتووه‌، ده‌روازه‌كه‌ له‌ژێر ڕێوشوێن‌و ڕێكارو ڕێنمایی توندی ته‌ندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییدا ده‌كرێته‌وه‌و هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ لایه‌نی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كرێت بۆ كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی لایه‌نی ته‌ندروستیی له‌ هه‌ردوولاوه‌.

٩-هاتووچۆ له‌نێوان سنوری ئیداری پارێزگای سلێمانی‌و پارێزگاكانی تری ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا به‌ ڕاگیراوی ده‌مێنێته‌وه‌و له‌دوای (٧/ ٦ /٢٠٢٠)یشه‌وه‌ پێویسته‌ ته‌نها به‌ ڕه‌زامه‌ندیی وه‌زاره‌تی ناوخۆو به‌پێی پشكنین‌و ڕێكاری ته‌ندروستیی‌و كۆره‌نتینه‌كردن هاتووچۆی دیاریكراوی ڕێگه‌پێدراو هه‌بێت، بازگه‌ی جێگیرو تیمی گه‌ڕۆك له‌ هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ ڕاسپێردراون بۆ كۆنترۆڵكردن‌و ناوچه‌و ڕێگا لاوه‌كیی‌و نایاساییه‌كان‌و هه‌ركه‌س هه‌وڵی به‌ نایاسایی هاتنه‌ سنوری ئیداریی پارێزگای سلێمانی بدات ڕووبه‌ڕووی ڕێكاری یاسایی توند ده‌كرێته‌وه‌.

١٠-داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و ده‌سته‌بژێرو كه‌سایه‌تییه‌ ئایینی‌و سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ڕۆشنبیرییه‌كان ده‌كه‌ین، كه‌ هه‌ماهه‌نگیی ته‌واوی داموده‌زگاكانی حكومه‌تی خۆجێی سلێمانی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بن‌و، ڕۆڵی شایان و پێویستی خۆیان له‌ پاراستنی ئاسایشی ته‌ندروستیی و ته‌ندروستیی گشتیدا ببینن‌و هه‌موو ئه‌ندام و لایه‌نگرو هه‌واداره‌كانیان دڵنیا بكه‌نه‌وه‌، كه‌ مه‌ترسیی په‌تای كۆرۆنا مه‌ترسییه‌كی جدییه‌و هه‌ر كه‌مته‌رخه‌میی‌و به‌كه‌مگرتنێك كاره‌ساتی گه‌وره‌ی ته‌ندروستیی‌و مرۆیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

١١-داوا له‌ هه‌موو ده‌زگاو كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن‌و چالاكانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ین، كه‌ ڕۆڵی مێدیایی‌و نیشتمانیی‌و مرۆیی خۆیان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆناو به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی پابه‌ندبوون‌و خۆپارێزیی هاووڵاتیاندا ببینن‌و وه‌ك هه‌میشه‌ چاودێرێكی وردی سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تیه‌كان بن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌رك‌و ڕێكاره‌ یاساییه‌كان، هه‌ركه‌س‌و كه‌ناڵێك گیانی سه‌ركه‌شیی‌و بێباكیی‌و گومانی به‌كه‌مگرتن‌و شێواندنی ڕاستییه‌كان بڵاوبكاته‌وه‌، له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی داواكاری گشتییه‌وه‌ ڕێكاری یاسایی پێویستی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.

١٢-هه‌ركه‌سێك هه‌وڵی به‌قاچاخ هاتنه‌وه‌، یان به‌قاچاخ هێنانه‌وه‌ی خه‌ڵك بدات، ڕێكاری یاسایی توندی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.

١٣-هه‌موو هۆكانی گواستنه‌وه‌ی گشتی (ته‌كسی، پاس، مینی پاس) پێویسته‌ پابه‌ندی ڕێكارو ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیی‌و خۆپارێزییه‌كان بن‌و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانییه‌وه‌ بۆماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌ست به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كانیاندا ده‌گیرێت.

١٤-لیژنه‌یه‌كی به‌دواداچوونی هاوبه‌ش له‌ هه‌موو یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا، له‌ (نوێنه‌ری قائیمقامیه‌ت، هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی لیژنه‌ی ئارامیی، نوێنه‌ری هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی ته‌ندروستی، ئه‌وقاف، گه‌شتوگوزار، شاره‌وانی) له‌ ئه‌مڕۆوه‌ له‌ژێر چاودێری قائیمقامی قه‌زاكاندا پێكده‌هێنرێت‌و ڕێكاری ڕاسته‌وخۆو خێرا به‌رامبه‌ر هه‌ركه‌س‌و شوێنێكی سه‌رپێچیكار ده‌گرنه‌به‌رو هه‌ماهه‌نگیی ته‌واوی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ته‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستیی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆپاراستنی ته‌ندروستیی ده‌بن.

١٥-پێویسته‌ به‌نزینخانه‌و كارمه‌ندانی به‌نزینخانه‌كان پابه‌ندی ته‌واوی ڕێكارو ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بن‌و له‌لایه‌ن كارگوزاری به‌نزینخانه‌كانه‌وه‌ سوته‌مه‌نیی بكه‌نه‌ ئۆتۆمبێله‌كانه‌وه‌و نابێت شۆفێر یان سه‌رنشین له‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان بێنه‌ خواره‌وه‌.

١٦-به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك سه‌ردانیكردنی نه‌خۆش له‌ نه‌خۆشخانه‌كاندا قه‌ده‌غه‌یه‌.

١٧-پرسه‌دانان‌و ئاهه‌نگگێڕان‌و، هه‌ر كۆڕو كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌ریه‌ككه‌وتن‌و تێكه‌ڵاویی دروست بكات قه‌ده‌غه‌یه‌.



ئه‌م بابه‌ته 1240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure