X
ئ|

نەفرەتی گازی سروشتی: شەڕی پارتی و پەکەکە لە سەر چی یە ؟

سۆشیال میدیا

پێش 4 هەفتە     1383 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text


مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە بە شێوەیەکی سەرەکی ئاگادارکردنەوەی خەڵکو هێزە چەکدارەکانی کوردستانە تا خۆ یان نەکەنە قوربانی شەڕی کۆمپانیا زەبەلاحەکان، ئەوەی لە گەڵ ئەوەشدا ئامادەیە خۆی بکاتە قوربانی بەرژەوەندی خەڵک ئازادە.

پێشەکی 
کەم شەڕ هەیە لە مێژودا کەوا هۆکارە ڕاستقینەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت کە بە زۆری ئابوریە،بەڵکو لە بەرگێکی ناسیۆنالیستی، ئاینی، یا ئایدۆلۆجی لول دەدرێت تا سۆزی خەڵک بە دەست بهێنرێت، ئەگەرنا زەحمەتە کەسێک ئامادە بێت خۆی بۆ بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانی و قازانجی کەسانی تر بە کوشت دات.

ئەم شەڕەی کەوا ئێستاش لە دەڤەری بادینان بە کردار لە نێوان هێزەکانی پارتی و پەکەکە دەستی پێکردوە بە هەمان شێوە شەڕێکی ئابوری یە بە چەندین شێواز لە هەردولا بۆیاغ دەکرێ و پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە.

شەڕەکە لە سەر ڕاکێشانی بۆڕی گواستنەوەی گازی سروشتی کوردستانە بۆ تورکیاو لەوێشەوە لە قۆناغی داهاتودا بۆ ئەورپا کەوا کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی پێ ی هەڵدەستێت، بۆیە پارتی هەوڵدەدات ڕێڕەوی ئەم بۆڕی یەو ناوچە سنوری یەکان بە هێزەکانی پەکەکە چۆلبکات کە ئەم بۆڕی یە ستراتیژی یەی پێدا دەڕوات.

بیرۆکەی ڕاکێشانی ئەم بۆڕی یەش لە سەرەتادا لە لایەن کۆمپانیای گێنێل ئینێرگی بەریتانی خرایە پێش حکومەتی هەرێمی کوردستان، گێنێل ئینێرگیش لە لایەن گەورە سەرمایەداری جیهان ناتان ڕۆتشێڵدو چەند پسپۆرو سەرمایەداری تری بەریتانی دامەزرا تەنها بە مەبەستی بەرهەمهێنان لە بواری نەوت و گازی کوردستان.

لە سەرەتادا گێنێل ئینێرگی لە کوردستان بێ ڕکابەر بو سودێکی زۆریان پێگەیشت تا کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی بۆ بەربەرەکانی کردنی ئەم کۆمپانیا بەریتانی یە بە هاوکری بنەماڵەی بارزانی دابەزی یە گۆڕەپانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی کوردستان، بەمەش خۆری گێنێل ئینێرگی لە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاوا بون چو بەڵام کێشەی جۆراوجۆریشی بۆ هەرێمی کوردستان لێکەوتەوەو بەردەوامیشە، دواترینیان پێکدادانی هێزەکانی پارتی و پەکەکەیە لە دەڤەری بادینان.

بۆ تێگەیشتن لەم کێشەیە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ مێژوی چاڵاکی یەکانی ئەم دوو کۆمپانیایە لە باشوری کوردستان:

گێنێل ئینێرگی شای نەوت و گازی کوردستان
کۆمپانیای گێنێل ئینێرگی کەوا ساڵی ٢٠١١ لە لایەن سەرمایەدار نات رۆتشێڵدو ژمارەیەکی تر لە پسپۆران و سەرمایەدارانی بەریتانی دامەزرا هەر لە سەرەتاوە توانی دەست بگرێت بە سەر شەش کێڵگەی نەوتی بە بڕو دوو کێڵگەی گازی سورشتی، لەوانە کێڵگەی نەوتی تەق تەق و تاوکی، وە کێڵگەکانی گازی بنە باوی و میران.

کوردستانیش خۆی یەکێکە لە ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان بە نەوت و گازی سروشتی، یەدەکی نەوتی کوردستان بە ٤٥ ملیار بەرمیل دەخەملێندرێت و یەدەکی گازی سروشتیش بە ٨ تریلیۆن مەتر سێجا کەوا ٣٪ یەدەکی گازی سروشتی جیهانی دەکات، جگە لە نزیکی کوردستان لە ووڵاتانی بە کاربەری سەرەکی نەوت و گاز وەکو تورکیاو ووڵاتانی ئەورپی.

ئەوەی زیاتر بۆ گێنیل ئینێرگی لە باشوری کوردستان گرنگ بو گازی سروشتی بو نەک  نەوت، چونکە گازی سروشتی سەرچاوەی ووزەی سەرەکی داهاتوە ڕۆڵی نەوت لەپاشەکشەدایە، لە گەڵ ئەوەشدا گێنێل ئینێرگی هەر لە سەرەتاوە گرنگی بە گەڕان و بەرهەمهینان و گواستنەوەی نەوتی کوردستان دا، هەر ئەم گێنێل ئینێرگی یە خاوەنی بیرۆکەی ڕاکێشانی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی کوردستانە بۆ تورکیا ئەمە بو بۆڕی یەکەیان لە ساڵی ٢٠١٤ خستە کارو تا ئێستاش بەردەوامە.

بەڵام گێنێل ئینێرگی ئامانجی سەرەکی خۆی کەوا گازی سروشتی کوردستانە خامۆش نەکرد بەڵکو دیسان بوە داهێنەری بیرۆکەی ڕاکێشانی بۆڕی یەکی تریش لە باشوری کوردستانەوە بۆ تورکیا، ئەمیش بۆڕی گواستەنەوەی گازی سروشتی یە بۆ تورکیاو لە قۆناغی داهاتوشدا بۆ ئەورپا، ئەم پڕۆژەی گێنێل ئینێرگی دەبوایە تا ساڵی ٢٠٢٠ تەواو بێتو ساڵانە ٢٠ ملیار مەتر سێجا لە گازی سروشتی لە باشورەوە بگوازێتەوە تورکیا.

بەڵام دابەزینی کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی بۆ گۆڕەپانی بەرهەمهێنانی نەوتو گازی کوردستان کەوا هۆکارە سەرەکی یەکەی سیاسی یە بۆ بەربەرەکانی کردنی بەرژەوەندی یەکانی بەریتانیاو ئەمەریکا، بەرژەوەندیی یەکانی گێنێل ئینێرگی خستە  لێژی لە مایە پوچ بونی نزیک کردەوە بەهای پشکەکانی لە بۆرسەدا بۆ خوار ٩٠٪ دابەزاند، هەتا نات ڕۆتشیڵد خۆشی لە کۆمپانیاکە کشایەوە، بەم شێوەیەش کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕوسی بوە میراتگری گێنێل ئینێرگی.

ڕۆزنەفتی ڕوسی: کودەتایەک بە سەر گێنێل ئینێرگی بەریتانی
ڕۆزنەفت خۆی گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهینانی ووزەیە لە جیهان وە سەر بە حکومەتی ڕوسی یە، باشتر بڵێین لە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی سەرۆک پوتیندایە، وە سەرۆکی کۆمپانیاکەش هەروەک سەرۆک پوتین خۆی کۆنە ئەفسەری دەزگای هەواڵگری ڕوسی یە. ڕۆزنەفت توانی لە ڕێگای نوێکردنەوەی پەیوەندی یە کۆنەکانی نێوان ڕوسیاو بنەماڵەی بارزانی کەوا لە ئەسڵدا مخابەراتین، دابەزێتە گۆڕەپانی بەرهەمهینانی نەوتو گازی کوردستان .

گفتوگۆکانی ڕۆزنەفتو بنەماڵەی بارزانی لە سەرەتادا لە ساڵی ٢٠١٠ ئاشکرابون، بەریتانی یەکان لە ساڵی ٢٠١١ وە گومانیان لا پەیدا بو کەوتنە ناڕەزایی دەربڕین بەو هۆیەی ئەوان ئەمەریکی یەکان عێراقیان ڕزگارکردو ئەم قەوارەیان بۆ کوردی باشور دامەزراند نەک ڕوسیا کەوا ئێستا لە خێروبێراتی باشوری کوردستان سودمەند بێت. پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێمو ڕۆزنەفتی ڕوسی بە مۆرکردنی گرێبەستێک بۆ بەرهەمهینان لە دوو کێڵگەی نەوتی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ هێشتا پتەوتر بو تا بە سەردانی مەسعود بارزانی بۆ ڕوسیا لە ساڵی ٢٠١٣ وە کۆبونەوەی لە گەڵ سەرۆک پوتین گەیشتە لوتکەی، لێرەوە ئەمەریکی بەریتانی یەکان کەتنە گومان لە بارزانی و کێشەکان بۆ حکومەتی هەرێم و بنەماڵەی بارزانی و خەڵکی کوردستان دەستی پێکرد وەکو بڕینی بودجەی کوردستان بۆ نمونە کەوا گومان هەیە ئەمەریکاو بەریتانیا پشتگیریان کردبێت وەکو تۆڵە سەندنەوەیەک لە هەرێمی کوردستان بە هۆی پەیوەندی یەکانی حکومەتی هەرێم لە گەڵ ڕوسیا.

ڕۆزنەفت تەنها بەم گرێبەستە نەوتی یانە نەوەستا بەڵکو کەوتە بەربەرەکانی کردنو قۆڵبادانی گێنێل ئینێرگی بەریتانی بە شێوەیەکی توندتر تا لە ساڵی ٢٠١٦ بە دواوە بە شێوەیەکی نیمچە تەواو شوێنی گرتەوە لە کوردستان. ڕزنەفت جگە لە گرێبەستی نەوتی لە گەڵ هەرێمی کوردستان  دەستی بۆ بواری گازی سروشتیش برد لە دەست گێنیل ئینێرگی دەری بێنێت، ئەوەبو ڕۆزنەفت لە ١٨.٩.٢٠١٧ واتە یەک هەفتە پێشی ڕیفراندۆم گەیشتە ڕێککەوتنێک لە گەڵ حکومەتی هەرێم بۆ ڕاکێشانی بۆڕی یەکی گواستنەوەی گازی سروشتی لە باشوری کوردستانەوە بۆ تورکیا لەوێشەوە لە قۆناغی داهاتودا بۆ ئەورپاش، ئەمەش ڕێک زەوتکردنی بیرۆکەی پڕۆژەکەی ، گێنێل ئینێرگی بو ئەم بۆڕی یە دەبوایە ساڵی ٢٠٢٠ تەواو بێت وە ساڵانە  ٣٠ ملیار مەتر سێ جا گازی سروشتی باشوری کوردستان بگوازێتەوە تورکیا. پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هەڵوێستی نەرێنی ئەمەریکاو بەریتانیا بەرامبەر ڕیفراندۆم کە داگیرکردنەوەی زیاتر لە نیوەی باشوری کوردستانی لە لایەن هێزە عێراقی یەکان لێ کەوتەوە بە ڕەزامەندی و هاوکاری ئەمەریکاو بەریتانیا،  حکومەتی هەرێم باوەشی زیاتر بۆ ڕۆزنەفتی روسی  کردەوە وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک وە لێدانی بەرژەوەندی یەکانی ئەمەریکاو بەریتانیا لە باشوری کوردستان، هەر سێ ڕۆژ پاش گرتنەوەی کەرکوک لە لایەن هێزە عێراقی یەکانەوە لە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، حکومەتی هەرێم ٦٠٪ پشکەکانی بۆڕی نەوتی کوردستانی فرۆشتە ڕۆزنەفتی ڕوسی هەرچەندە بۆڕی یەکە لە بنەڕەتدا بیرۆکەو پڕۆژەی گێنێل ئینێرگی بو ئەمەش تۆڵە سەندنەوەی ڕاستەوخۆی بارزانی بو لە بەریتانیا و ئەمەریکا بە هۆی هاریکاریان بۆ هێزە عێراقی یەکان لە کاتی گرتنەوەی کەرکوک، بەمەش سزادانی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمەریکاو بەریتانیا  هێشتا توند تربو، بەڵام زیاتر لە ڕێگای حکومەتی بەغداوە وەکو جۆرێک لە شەڕی نوێنەرایەتی دژ بە هەرێمی کوردستان.

بەربەرەکانی نێوان ڕوسیاو بەریتانیاو ئەمەریکا لە سەر نەتو گازی کوردستان ئێستا کەوتۆتە قۆناغێکی ترسناک ئەمیش پێکدادانی سەربازی یە لە نێوان هێزەکانی پارتی و پەکەکە کەوا خۆی شەڕی نوێنەرایەتیی یە لە نێوان هەردو بەرەی ڕوسی و  ئەمەریکی .

بارزانی چی لە پەکەکە دەوێت، وەڵامی پەکەکە چی یە؟
بۆڕی یە گازی یەکەی ڕۆزنەفت دەبوایە ئەمساڵ تەواو بێت بەڵام دوا کەوت، ئێستا وا دیارە دەست بە جێ بە جێ کردنی  ئەم پڕۆژەی ڕۆزنەفت دەکرێت بەڵام بارزانی و ڕوسیا هێزەکانی پەکەکە لەم دەڤەرەی کەوا ئەم بۆڕی یەی پێدا دەڕوات بە کۆسپ دەزانن لە بەردەم ئەم پڕۆژەیە بۆیە بارزانی داوا لە هێزەکانی پەکەکە دەکات ئەم ناوچانە چۆلکەن تا دەست بە کار بکرێت، بەڵام پەکەکە بە لێدانی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی کوردستان لە خاکی باکوڕ پەیامێک دەداتە بارزانی و ڕۆزنەفت کەوا ئەگەر لە خاکی باشوریش نەبێت دەتوانین لە خاکی باکوڕ کۆسپ بخەینە پێش جێبەجێکردن و کارکردنی  بۆڕی گواستنەوەی گازی سروستی کوردستان، بۆ ڕۆزنەفتو هەتا حکومەتی کوردستانیش بۆڕی گازی سروشتی کوردستان گرنگی زۆر لە بۆڕی نەوت زیاترە کەوا بە هۆی دابەزینی نرخی و زۆری لە بازاڕ داهاتی وای نەماوە.. ئەگەریشی زۆرە لێرەدا پەکەکە تەنها نەبێت بەڵکو ئەمیش بەشێک بێت لە بەرەی ئەمریکی بەریتانی دژی ئەم پرۆژەیەی رۆزنەفتی ڕوسی. ئەم گرژیانەی ئێستا لە نێوان هێزەکانی پارتی و پەکەکە وا پێدەچێت تەنها سەرەتا بن، ئەگەری شەڕێکی سەختو خوێناوی بە بەشداری تورکیاو پاڵپشتی ڕوسیاش دژ بە پەکەکە بە ڕێوەیە، زیانمەندیش دیسان تەنها هەمو کورد دەبێت..
و..
ە
ە

له‌ فه‌یسبوكی كه‌مال كه‌ریم وه‌رگیراوه‌

هەواڵی زیاتر

هەواڵی کوردستان 3 کاتژمێر پێش ئێستا

سبەینێ بڕیار لەبارەی خوێندنەوە دەدرێت

هەواڵی کوردستان 3 کاتژمێر پێش ئێستا

سێ كەس بە هۆی راوكردنی ئاسكێكەوە دەستگیركران

هەواڵی کوردستان 4 کاتژمێر پێش ئێستا

قەدەغەی هاتوچۆ لە توركیا ڕادەگەیەنرێت

هەواڵی کوردستان 4 کاتژمێر پێش ئێستا

دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ژنێف كۆدەبنەوە

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 4 کاتژمێر پێش ئێستا

فوئاد حسێن: خوازیاری پتەوكردنی پەیوەندییەكانین لەگەڵ توركیا