X
ئ|

لاهور شێخ جه‌نگی: یه‌كێتی به‌ بڕیار و به‌ یاسا، زه‌مینه‌ی هه‌موار كردووه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی كچان و ژنانی شایسته‌ بۆ پێگه‌ باڵا‌كان

هەواڵی کوردستان

25/11/2020     1373 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میلله‌ت
لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ یه‌كێتییه‌كه‌ی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال، باوه‌ڕی ته‌واوی به‌ پاراستنی كچان و ژنان هه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر جۆره‌ زوڵم و نادادی و ده‌ستدرێژییه‌كدا، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "لێره‌ین تا هه‌موومان پێكه‌وه‌، پشت و په‌نای كچ و ژن و دایكه‌ شۆڕشگێڕ و نوێخوازه‌كانی كوردستان بین".

هه‌رگیز كیژی كوردستان، به‌ پاشكۆیه‌تی ڕازی نه‌بووه

لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی ڕیشه‌كێشكردنی تووندوتیژی دژی ژنان ده‌ڵێت: "هه‌رگیز كیژی كوردستان، به‌ پاشكۆییه‌تی، لاوازی و ده‌سته‌مۆكارییه‌ ڕه‌گه‌زی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كارگێڕی و سیاسییه‌كان، ڕازی نه‌بووه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌  "كچان و ژنانی ئه‌م كوردستانه‌، ڕۆڵی پێشه‌نگیان هه‌بووه‌ له‌ پاراستنی یه‌كێتیی و سه‌رخستنی خه‌باته‌ ڕه‌واكه‌یدا".

یه‌كێتییه‌كه‌تان باوه‌ڕی به‌ ڕاماڵینی هه‌ر به‌ربه‌ستێك هه‌یه‌، كه‌ ڕێ له‌ یه‌كسانیی ژن و پیاو بگرێت

وتیشی‌: "یه‌كێتییه‌كه‌تان به‌ كرده‌وه‌، به‌ها گه‌ردوونییه‌كانی پاراستووه‌ و، باوه‌ڕی به‌ ڕاماڵینی هه‌ر به‌ربه‌ستێك هه‌یه‌، كه‌ ڕێ له‌ یه‌كسانیی ژن و پیاو بگرێت".

جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "یه‌كێتییه‌كه‌تان به‌ بڕیار و له‌ هه‌ڵبژاردن و كۆنگره‌كانی ڕابردووشدا به‌ یاسا، زه‌مینه‌ی هه‌موار كردووه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی كچان و ژنانی شایسته‌ بۆ پێگه‌ باڵا حزبییه‌كان".

یه‌كێتی‌ هه‌وڵیداوه‌ كه‌ كچان و ژنانی خاوه‌ن توانا و باوه‌ڕ و ئیراده‌، ڕابه‌رایه‌تی جڤاته‌كه‌یان بگرنه‌ ده‌ست

وتیشی‌: "یه‌كێتی‌ هه‌وڵیداوه‌ كه‌ كچان و ژنانی خاوه‌ن توانا و باوه‌ڕ و ئیراده‌، له‌ پێگه‌ی حكومڕانییه‌ باڵاكانی كوردستان و عێراق و ده‌ره‌وه‌ی دا، ڕابه‌رایه‌تی جڤاته‌كه‌یان بگرنه‌ ده‌ست".

به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ له‌ هه‌ڵكشانی تاوانی دژ به‌ كه‌رامه‌ت و ئازادی و ژیانی كچان و ژنانی گه‌له‌كه‌مان ده‌ڕوانین

لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی راشیگه‌یاند كه‌ "به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ له‌و ڕوداو و ئامارانه‌ ده‌ڕوانین، كه‌ هه‌ڵكشانی تاوانی دژ به‌ كه‌رامه‌ت و پێگه‌ و ماف و ئازادی و ژیانی كچان و ژنانی گه‌له‌كه‌مان نیشان ده‌ده‌ن".

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌یه‌:

با له‌ ڕۆژی جیهانیی ڕیشه‌كێشكردنی تووندوتیژی دژی ژنان، هه‌مووان پشت و په‌نای ژنانی كوردستان بین.

مێژوو ئه‌ڵێ دایكانی كوردستان، دایكی شارسته‌نییه‌تی مرۆڤایه‌تین كه‌ ده‌یان هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ دامێنی ئه‌وان و زنجیره‌ چیا سه‌ركه‌شه‌كانی كوردستاندا، مرۆڤی نوێ و خێزانی نوێ و كۆمه‌ڵگه‌ی نوێیان په‌روه‌رده‌ كردووه‌ و، شۆڕشه‌ یه‌ك له‌ دوا یه‌كه‌كانی ئه‌م گه‌له‌یان ژیاندووه‌، پاراستووه‌ و گه‌شه‌پێداوه‌.

دایكانی ئێمه‌، جیاواز له‌ ژنان و كچانی تری دنیا، جه‌رگ سوتاوانی شۆڕشی نیشتمانی و، سوتماكی داگیركاری و شه‌ڕی ناوخۆ و، ئازاردراوانی ده‌روونی و جه‌سته‌یی ده‌ست كولتوری چه‌وت و كۆن و ناڕه‌سه‌نن، به‌ڵام سروشتی ڕه‌سه‌نیان وایكردووه‌ كه‌ هه‌رگیز نادادی و سته‌م و جیاكارییه‌ جێنده‌رییه‌كان ڕۆ نه‌چێته‌ ناو دڵ و ده‌روونییان و، هه‌رگیز كیژی كوردستان، به‌ پاشكۆییه‌تی، لاوازی و ده‌سته‌مۆكارییه‌ ڕه‌گه‌زی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كارگێڕی و سیاسییه‌كان، ڕازی نه‌بووه‌.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتێكی جه‌ماوه‌ریی و، هه‌ڵقوڵاوی بیر و توانای هه‌موو چین و توێژه‌كانی كوردستانه‌ و، جێی سه‌رنجه‌ كه‌ كچان و ژنانی ئه‌م كوردستانه‌، ڕۆڵی پێشه‌نگیان هه‌بووه‌ له‌ پاراستنی یه‌كێتیی و سه‌رخستنی خه‌باته‌ ڕه‌واكه‌یدا.

پارته‌ ڕه‌سه‌نه‌ سۆشیاڵ دیموكراته‌كه‌ی كوردستان، یه‌كێتییه‌كه‌ی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال، باوه‌ڕی ته‌واوی به‌ پاراستنی كچان و ژنان هه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر جۆره‌ زوڵم و نادادی و ده‌ستدرێژییه‌كدا.

یه‌كێتییه‌كه‌تان به‌ كرده‌وه‌، به‌ها گه‌ردوونییه‌كانی پاراستووه‌ و، باوه‌ڕی به‌ ڕاماڵینی هه‌ر به‌ربه‌ستێك هه‌یه‌، كه‌ ڕێ له‌ یه‌كسانیی ژن و پیاو بگرێت.

یه‌كێتییه‌كه‌تان به‌ بڕیار و له‌ هه‌ڵبژاردن و كۆنگره‌كانی ڕابردووشدا به‌ یاسا، زه‌مینه‌ی هه‌موار كردووه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی كچان و ژنانی شایسته‌ بۆ پێگه‌ باڵا حزبییه‌كان، په‌روه‌رده‌كردنیان و، هه‌میشه‌ش هه‌وڵیداوه‌ كه‌ كچان و ژنانی خاوه‌ن توانا و باوه‌ڕ و ئیراده‌، له‌ پێگه‌ی حكومڕانییه‌ باڵاكانی كوردستان و عێراق و ده‌ره‌وه‌ی دا، ڕابه‌رایه‌تی جڤاته‌كه‌یان بگرنه‌ ده‌ست.

سه‌رباری هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتیی و ڕێكخراوه‌ لۆكاڵی و جیهانییه‌كان بۆ ڕیشه‌كێشكردنی تووندوتیژی دژی ژنان، و كردنه‌وه‌ی ده‌یان ڕێكخراو و ناوه‌ند و ده‌زگا بۆ به‌رگریكردن له‌ ژنان، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ له‌و ڕوداو و ئامارانه‌ ده‌ڕوانین، كه‌ هه‌ڵكشانی تاوانی دژ به‌ كه‌رامه‌ت و پێگه‌ و ماف و ئازادی و ژیانی كچان و ژنانی گه‌له‌كه‌مان نیشان ده‌ده‌ن.

ئه‌م نیگه‌رانییه‌ی ئێمه‌، زاده‌ی كۆده‌نگییه‌كه‌ له‌ ناو ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و ڕێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی و كۆمه‌ڵانی سه‌ربه‌رزی كوردستاندا، كه‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌، ببینه‌ پارێزه‌ر بۆ كچان و ژنان و ڕێ نه‌ده‌ین ده‌ست درێژی بكرێته‌ سه‌ر ژیان و ماف و ده‌رفه‌ته‌كانی به‌رده‌میان. و هه‌ر جۆره‌ سه‌رپێچییه‌ك دژ به‌ ماف و ئازادییه‌كانیان، ڕووبه‌ڕووی یاسا و زیندوێتی ڕای گشتی كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌ینه‌وه‌.

له‌ ڕۆژی جیهانیی ڕیشه‌كێشكردنی تووندوتیژی دژی ژنان، ئێمه‌ لێره‌ین تا هه‌موومان پێكه‌وه‌، پشت و په‌نای كچ و ژن و دایكه‌ شۆرشگێڕ و نوێخوازه‌كانی كوردستان بین.

پێكه‌وه‌ باوك و برا و كه‌سوكاربین بۆ پاراستنیان، بۆ پێشخستنیان، بۆ گه‌شه‌دان به‌ تواناكانیان، بۆ سه‌رخستنیان بۆ پێگه‌كانی ڕابه‌ڕایه‌تی كردن.

به‌ درێژایی مێژووی گه‌لان، ژنان و كچانی كوردستان سێمبولی گه‌لیكی زیندوو، ئازا و ئازاد بوون... دڵنیابن كه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان تێ ده‌كۆشین، ئه‌و سێمبوله‌ بپارێزین و به‌هێزی بكه‌ین.

هەواڵی زیاتر