X

داعش دەست لە ناوچەی غەڕە و پەڵکانە هەڵناگرێت

کراوەیی ئیسلامی

پێش 1 هەفتە     302 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت

ناوچەی غەڕە و پەڵکانەی نێوان قەزاکانی خورماتوی پارێزگای سەڵاحەدین و کفری سنوری گەرمیان، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کراوەتە پێگەیەکی سەرەکی و ناوچەیەک بۆ پشوودان و جموجۆڵ پێکردنی هێز، لەنێوان 4 ویلایەتی سەربەو ڕێکخراوە، کە بریتین لە ویلایەتەکانی، دیالە، سەڵاحەدین، کەرکوک و باکوری بەغدا.

ناوچەی غەڕە و پەڵکانە کە داعش وەکو شوێنی پشوودان و جم و جۆڵ پێکردنی هێز بەکاری دەهێنێت، دەکەوێتە نێوان هێزە عێراقیەکان و هێزی پێشمەرگەوە، ئەو ناوچەیە لە دوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە کەوتووەتە دەست داعش، یەکێکیشە لەو بۆشاییە ئەمنیانەی تا ئێستا پێشمەرگە و سوپای عێراق، ڕێکنەکەتوون لەسەر پڕکردنەوەی.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ناوچەی غەڕە و پەڵکانە، سنورێکی تێدایە پێیدەوترێت تاوێرە کەوە، ناوچەیەکی پڕ لە شیو و تاوێرە، چەکدارەکانی داعش بن تاوێرەکان بۆ شوێنی حەوانەوە و خۆ شاردنەوە بەکاردەهێنن، بەڕۆژ لەبن تاوێرەکان دەمێننەوە و بەشەویش جم و جۆڵ و چالاکی ئەنجام دەدەن، بۆیە زۆرجار لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە دەشکرێنە ئامانج، کاتێک دەیانەوێت هێرش بۆ سەر ناوچەیەک ئەنجام بدەن.

مەلا کەریم شکور بەرپرسی مەڵبەندی حەمرین ی یەکێتی، کە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە دەکەوێتە سنوری کارکردنی مەڵبەندەکەیەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وتووە "غەڕە و پەڵکانە بووەتە شوێنی مانەوە و حەوانەی داعش، ناوبەناو ئۆپەراسیۆن بۆ ئەو ناوچەیە ئەنجام دەدرێت، بەڵام هێشتا ناوچەکە داعشی تێدایە."

ناوچەی غەڕە و پەڵکانە دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین و ڕۆژاوای قەزای کفریەوە، ناوچەیەکی گونجاوە بۆ دابەشکردنی هێز بەسەر پارێزگاکاندا، بەو پێ یەی هاوسنورە لەگەڵ کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین دا، بۆشاییەکی زۆریش لەنێوان خاڵە سەربازیەکانی عێراق دا هەیە و بە ئاسانی دەتوانن لەنێوان ئەو خاڵە سەربازیانەوە هاتووچۆ بکەن. پێشتریش دەنگی ئەمەریکا، وێنەی چەکدارانی داعشی لە ناوچەی غەڕە و پەڵکانە بڵاوکردەوە، وێنەکان بە کامیرای هێزەکانی هاوپەیمانان گیرابوون.

ناوبەناو هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوکاری هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ناوچەی غەڕە و پەڵکانە ئەنجام دەدەن، تا ئێستا ژمارەیەک بەرپرسی سەربازی و ئیداریشیان لێ کوشتوون و دەستگیرکردوون، بەڵام جوگرافیای ناوچەکە هێندە بۆ داعش گرنگە، دەستبەرداری نابن، بۆیە بەردەوام 30 چەکدار لەو ناوچە دەمێنێتەوە، ئەوانیتربۆ پشودان و پەڕینەوە بۆ ناوچەکانی تر دەهێنرێنە ئەوێ.

لیوا مەریوان محەمەد فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە، پێشتر بەدەنگی ئەمەریکای وتبوو "داعشەکانی غەڕە و پەڵکانە بە ڕێنمایی کاردەکەن، هەندێکجار کش و مات و هەندێکجار جوڵە دەکەن."

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، داعش والی نوێی بۆ عێراق داناوە، کە ناوی ( ئەحمەد حامد حسێن) ناسراو بە ( ئەبو موسلیم) ە و تەمەنی 39 ساڵە، خەڵکی ناوچەی ئەلبوعیسای بەغدایە، لە ساڵی 2007 لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە دەستگیرکراوە و دواتر لە زیندان هەڵاتووە.

دەنگی ئەمەریکا لەڕێگەی دەزگا ئەمنیەکانی عێراقەوە، دوو وێنەی ( ئەحمەد حامد حسێن) ی دەستکەوتووە، یەکێک لە وێنەکان پێشتر و کاتێک زیندان بووە گیراوە، بەڵام وێنەی دووەم، کاتێک گیراوە کە چووەتە نێو داعش و بەرپرسیارێتی وەرگرتووە، وێنەکەش لە دەشتایی و بیاباندا گیراوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وتووە "داعش چەکدارەکانی زیادکردووە و مانگانە پێویستیان بە پارەیە، بۆیە پلانیان داناوە، لەڕێگەی نێوان کەرکوک/عوزێم خەڵک بفڕێنن و دواتر بە پارە ئازادی بکەن."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، داعش بۆ جم و جۆڵ لەنێوان شار و شارۆچکەکان، بەتایبەت پەڕینەوە لە غەڕە و پەڵکانەوە بۆ پارێزگاکانی تری عێراق، لەئێستادا وڵاخ بەکاردەهێنن، تا نەبنە ئامانجی فڕۆکەکان و وەکو شوانکارە خۆیان نیشان دەدەن، لەکاتێکدا پێشتر ماتۆڕ سکیلیان بۆ هاتووچۆ بەکاردەهێنا.

هەرچەندە سەرچاوەکەی دەنگی ئەمەریکا، جەختیکردەوە خواردن لە ناوچەکانی عێراقەوە بە ئاسانی دەگاتە دەست چەکدارانی داعش لە غەڕە و پەڵکانە، بەڵام کەریم شکوری بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی، بێ ئاگایی خۆی نیشانداوە لە چۆنێتی گەیشتنی خۆراک بەدەست چەکدارانی داعش، وتی"ناوچەکە ئاسانە بۆ ئەوەی خواردنی پێبگەیەنرێ، تەنانەت ئۆتۆمبێلیش دەتوانێت هاتووچۆ بکات."

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، جم و جۆڵی چەکدارانی داعش لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەشێوەیەک کەم شەو هەیە، پەلامار و هێرش ئەنجام نەدەن.