X

11ى سێپتەمبەر، تیرۆر فیکر و کارو کاردانەوەیە

هەواڵی کوردستان

7 رۆژ پێش ئێستا     648 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میلله‌ت
ئه‌ژی ئه‌مین سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری رایگه‌یاند: دواى 20 ساڵ لە هێرشە تیرۆریستییەکانى 11ى سێپتەمبەر، هێشتا تیرۆر مەترسییەکى گەورەیە، وەکو بیرکردنەوە هەمیش بەهۆى ئەو پێگە جیۆسیاسییەى کە هەرێمەکەمان خۆى تێدا دەبینێتەوە. 
له‌ وتارێكدا به‌بۆنه‌ی 20 ساڵ به‌سه‌ر هێرشە تیرۆریستییەکانى 11ى سێپتەمبەردا، سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌ سەرەڕاى هۆکارە ناوەکییەکان، هەندێجار تیرۆریزم هەناردە دەکرێت بەپشتیوانیى ئەو دەوڵەتانەى تیرۆریزم بەرهەمدەهێنن یاخود ئەجێنداکانیان لەڕێگەى گروپە تیرۆریستییەکانەوە بەدیدەهێنن. 

ده‌قی وتاره‌كه‌:
11ى سێپتەمبەر، تیرۆر فیکر و کارو کاردانەوەیە
دواى 20 ساڵ لە هێرشە تیرۆریستییەکانى 11ى سێپتەمبەر، هێشتا تیرۆر مەترسییەکى گەورەیە، وەکو بیرکردنەوە هەمیش بەهۆى ئەو پێگە جیۆسیاسییەى کە هەرێمەکەمان خۆى تێدا دەبینێتەوە. 
دەزگا ئەمنییەکانى کوردستان بەپشتیوانیى وڵاتانى هاوپەیمان و بەشێک لە وڵاتانى ئیقلیمیى ڕووبەڕووى تیرۆریزم و گروپە توندڕەوەکان بووینەتەوە. ئەم گروپانە لە هەر زەمان و پێگەیەکى جوگرافیدا بەشێوەى جیاواز دەرکەوتوون، دەتوانین بڵێین ساڵ بۆ ساڵ میتۆدى نوێتریان گرتووەتەبەر بۆئەوەى کردە تیرۆریستییەکانیان ئەنجام بدەن و ناسەقامگیرى کۆمەڵایەتى، سیاسى و ئابوورى دروست بکەن. 
بەداخەوە تیرۆریزم لە چەند ساڵى نزیکى ڕابردوودا، زیاتر سوودى لە تەکنەلۆژیاى مۆدێرن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەرگرتووە. گروپە تیرۆریستییەکان لەڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵکانى نوێ دەخەنە ڕیزەکانیانەوە، ئایدیۆلۆژیاکەیان بڵاودەکەنەوە و پروپاگەندەى بێبنەما دروست دەکەن. 
ناسەقامگیرى سیاسى و کۆمەڵایەتى، قەیرانى دارایى و پشێویەکانى ناوچەکە هۆکارى دیکە بوون کە گروپە تیرۆریستى و بزوتنەوە توندڕەوەکان لێى سوودمەند بوون لەناوچەکەدا. هەربۆیەشە قووڵبوونەوەى قەیرانە سیاسییەکان و دۆخى ناهەمووارى دارایى وادەکات گروپە تیرۆریستییەکان مۆڵگەى نوێ دابنێن.
سەرەڕاى هۆکارە ناوەکییەکان، هەندێجار تیرۆریزم هەناردە دەکرێت بەپشتیوانیى ئەو دەوڵەتانەى تیرۆریزم بەرهەمدەهێنن یاخود ئەجێنداکانیان لەڕێگەى گروپە تیرۆریستییەکانەوە بەدیدەهێنن. 
کاتى ئەوە هاتووە بەشێوازێکى دیکە ڕووبەڕووى تیرۆریزم ببینەوە، سەرەڕاى ڕێکارە ئەمنییەکان، دەستبخەینە سەر برینە ناوەکییەکان، کۆتایى بە ناسەقامگیرى سیاسی و تەنگژە داراییەکان بهێنین. دەبێت شەرعییەتى ئاینیى لە گروپە تیرۆریستییەکان وەربگرینەوە، لە رۆحى ئاینەوە، لەڕێگەى مامۆستایانى ئاینییەوە پەیامێک دوور لە مەرام و بەرژەوەندى سیاسى بەشێوەیەکى تەندروست بڵاوبکرێتەوە.
گروپە تیرۆریستییەکان ئایین بۆ مەرامى خۆیان بەکاردەهێنن، هەر کەس و لایەنێک لەدەرەوەى ئەو تێگەیشتنە ئاینییەى خۆیانەوە بێت، ڕاستەوخۆ دەکرێتە ئامانج، ئیتر بەلایانەوە گرنگ نیە کە سەر بە کام مەزهەب و ئاین و تێگەیشتنێکە. 
بەهەمانشێوە گروپە تیرۆریستییەکان نیشتمانیان نیە، کاتێک هاووڵاتییەک هەستى نیشتمانپەروەرى لاواز دەبێت، قۆناغێک نزیکتر دەبێتەوە لەوەى لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە مێشکى بشۆرێتەوە. کاتى ئەوەیە نیشتمان ببێتە لانکەى ئاسوودەیى و گۆشکردن و خزمەتکردنى هاووڵاتیانیى بۆئەوەى لەلایەن گروپە توندئاژۆکانەوە بەئامانج نەگیرێن، نە خۆیان ببنە قوربانى و نە بکرێنە قوربانى. دەبێت دەست لەناودەست ڕووبەڕووى هەر مەترسییەک ببینەوە کە ڕوودەکاتە نیشتمانەکەمان.
دروود بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان، هەموو ئەوانەى لەڕێگاى رزگارى کوردستان و ڕووبەڕوو بوونەوەى گروپە توندڕەوەکان گیانیان بەخت کرد.