X

به‌ڤیدیۆ... چه‌كدارانی‌ تاڵیبان له‌ زیندانیكراوه‌وه‌ بوون به‌ پاسه‌وان

کراوەیی ئیسلامی

5 رۆژ پێش ئێستا     401 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میلله‌ت
ئه‌و گرتووخانه‌یه‌ی‌ ده‌وروبه‌ری‌ كابوڵی‌ پایته‌ختی‌ ئه‌فغانستان كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ بۆ زیندانیكردنی‌ چه‌كدارانی‌ تاڵیبان به‌كارده‌هێنرا، ئێستا له‌لایه‌ن ئه‌و چه‌كدارانه‌وه‌ پاسه‌وانی‌ ده‌كرێت.


ئانیلیسه‌ بورخیس په‌یامنێری‌ یۆرۆنیوز سه‌ردانی‌ گرتووخانه‌ی‌ پول چرخی‌ له‌ ده‌وروبه‌ری‌ كابوڵی‌ پایته‌ختی‌ ئه‌فغانستان كرد تا گۆڕانكارییه‌كانی‌ ناو گرتووخانه‌كه‌ دوای‌ كۆنترۆڵكردنی‌ ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ تاڵیبانه‌وه‌ ده‌ربخات، كه‌ پێشتر تیایدا زیندانی ده‌كران و ئێستا پاسه‌وانی‌ ده‌كه‌ن.

له‌ ئێستادا بزووتنه‌وه‌ی‌ تاڵیبان باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ زۆربه‌ی‌ ژووره‌كانی‌ گرتووخانه‌كه‌ چۆڵن.

چه‌كدارانی‌ تاڵیبان ده‌ڵێن: "گرتووخانه‌كه‌ زوڵم و سته‌می‌ ئه‌مریكییه‌كانمان بیر ده‌خاته‌وه‌، ژووره‌ بچووكه‌كانی‌ پڕبوون له‌ زیندانی‌".

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ گرتووخانه‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستی‌ خۆیان، چه‌كدارانی‌ تاڵیبان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌نها 60 زیندانیكراوی‌ تێدایه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی‌ دادوه‌رانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ‌ ده‌كرێت و كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ تاوان كه‌م ببێته‌وه‌.

به‌ڵام زیندانیكراوێك به‌ ناوی‌ محه‌مه‌د چیرۆكێكی‌ جیاواز ده‌گێڕیته‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ زوڵمی‌ لێكراوه‌ و له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ كه‌تیبه‌ی‌ به‌دری‌ 313ی‌ تاڵیبان لێیدراوه‌ و زیندانیكراوه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكرێت و بێتاوانه‌.