X

زانایان سه‌باره‌ت به‌ ژه‌می‌ سێیه‌می‌ ڤاكسینی‌ كۆرۆنا بڕیاریان دا

لایف ستایڵ

4 رۆژ پێش ئێستا     882 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میلله‌ت
گروپێكی شاره‌زای ڤاكسینی نێوده‌وڵه‌تی‌ دژی ئه‌وه‌ن ژه‌می‌ سێیه‌می ڤاكسینی‌ كۆرۆنا له‌ خه‌ڵكی ئاسایی بدرێت و ئه‌مه‌ش بۆچوونێكه‌ دژ به‌و هه‌وڵانه‌ی له‌ ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی تر ده‌درێن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دووباره‌ زیادبوونه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كانی كۆرۆنا.


له‌ نوسراوێكدا كه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ گۆڤاری ته‌ندروستی The Lancet بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و شاره‌زایانه‌ ده‌ڵێن: "لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ ڤاكسینه‌كانی كه‌ ئێستا له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا به‌كارده‌هێنرێن به‌رده‌وامن له‌ دابینكردنی پاراستنێكی به‌هێز له‌ دژی ڤایرۆسه‌كه‌ سه‌ره‌ڕای بوونی جۆری ده‌لتای".

ئاماژه‌شیان به‌وه‌دا كه‌ "ئه‌و ڤاكسینانه‌ زۆر كاریگه‌ربوون له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرتنی ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ توندی و مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌".

مشتومڕكردن له‌سه‌ر لێدانی ده‌رزی سێهه‌می ڤاكسینی دژ به‌ كۆڤید-19 له‌ كاتێكدا ده‌ستیپێكرد كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی كه‌ له‌ ئیسرائیل ئه‌نجام دراون ده‌ریان خستووه‌ كاریگه‌رییه‌كانی دوو ژه‌می‌ ڤاكسینی فایزه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میان كردووه‌ له‌ نێو خه‌ڵكی به‌ساڵاچوودا كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵ دژ به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ كوترابوون. ئه‌و زانیاریانه‌ وای كرد كه‌ ئیسرائیل ده‌ستبكات به‌ دابه‌شكردنی ژه‌مێكی‌ تری ڤاكسین بۆ كه‌سانی ته‌مه‌ن 50 ساڵ و سه‌رووتر.

نوسه‌رانی بابه‌ته‌كه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ڤاكسینه‌كان هه‌مواربكرێنه‌وه‌ بۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌كانی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی ده‌رزی زیاتر له‌ خه‌ڵكی بدرێت.

نووسه‌ره‌كان بریتین له‌ ئانا ماریا هینۆ ڕیسترپۆ و سۆمییا سوامیناتان كه‌ دوو زانای پێشه‌نگن له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و دكتۆر ماریان گرۆبه‌ر و دكتۆر فلیپ كراوس، دوو به‌رپرسی سه‌ره‌كی له‌ به‌شی پێداچوونه‌وه‌ی ڤاكسینی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆراك و ده‌رمانی ئه‌مریكا كه‌ هه‌ردووكیان به‌رله‌ كۆتایی ئه‌مساڵ پۆسته‌كانیان كۆتایی پێدێت.

به‌م دواییانه‌ ڕۆژنامه‌وی نیویۆرك تایمز ڕایگه‌یاند گرۆبه‌ر و كراوس دڵگرانن له‌ ڕاگه‌یاندنی ئه‌م دواییانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بایدن له‌سه‌ر ژه‌می سێهه‌م بۆ هه‌ندێك له‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتوودا، به‌ر له‌وه‌ی له‌لایه‌ن ڕێكخراوی خۆراك و ده‌رمانه‌وه‌ پێداچوونه‌وه‌ی ته‌واوی بۆبكرێت.

له‌ ئێستادا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆراك و ده‌رمانی ئه‌مه‌ریكا نزیكه‌ له‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر پێدانی‌ ڤاكسینی كۆڤید-19 بۆ منداڵانی كه‌متر له‌ 12 ساڵان په‌سه‌ند بكات.

له‌ مانگی ڕابردووشدا هه‌ردوو به‌رێوه‌به‌رایه‌تی خۆراك و ده‌رمان و نێوه‌ندی كۆنترۆڵكردن و ڕێگریكردن له‌ نه‌خۆشییه‌كان پێشنیازی ئه‌وه‌یان كرد ژه‌می‌ سێهه‌می فایزه‌ر یان مۆدێرنا بۆ هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ په‌سه‌ند بكرێت كه‌ سیستمی به‌رگری له‌شیان لاوازه‌.