X

ڕوحوڵا زم؛ قوربانی دەزگا هەواڵگرییەکانی فەڕەنسا و تورکیا و ئێران

ڕاپۆرت

پێش 3 هەفتە     258 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت

ئەندامێکی پێشووی ئاسایشیی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت، کە بەڕێوەبەری کەناڵی ئامەد نیوز، بە هەماهەنگی نێوان دەزگای هەواڵگری فەڕەنسا، ناسراو بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەرەوە (DGSE) و لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەفسەرێکی دەزگای ئاسایشی فەڕەنسا کە بە نهێنی چووەتە ناو داعش و لەلایەن ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە، ئازادکراوە.

نزیکەی ساڵێک دوای لەسێدارەدانی ڕوحوڵا زم، بەرپرسێکی پێشووی ئاسایشیی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران، گێڕانەوەکەی سوپای پاسدارانی بۆ ڕفاندنی ڕوحوڵا زم پێشێل کرد و بێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە لەگەڵ چەکدارێکی داعش ئاڵوگۆڕی پێکراوە.

ماڵپەڕی (رویداد24)ی نزیک لە ڕیفۆرمخوازان رۆژی سێشەممە 9-11-2021 لە زمانی (ئەکبەر خوش کوش) بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەزگا ئاسایشی و هەواڵگرییەکانی فەڕەنسا و تورکیا بۆ ڕفاندنی ڕوحوڵا زم هاوکاری یەکتریان کردووە.

ئەکبەر خوش کوش یەکێک لە ئەندامە ئاسایشییەکانی وەزارەتی ئیتڵاعات لەو چاوپێکەوتنەدا بانگەشەی ئەوەی کرووە، کە ڕوحوڵا زم لەگەڵ ئەفسەرێکی پلە مامناوەندی ئاسایشی فەڕەنسا کە "بە نهێنی بووە بە ئەندامی داعش" ئاڵوگۆڕی پێکراوە.

ناوبراو لەو چاوپێکەوتنەدا بێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک، چیرۆکێکی نوێی باسکردووە "ئەفسەرێکی پلەمامناوەندی دەزگای ئاسایشی فەڕەنسا کە بە نهێنی ببووە ئەندامی داعش دەکەوێتە دەستی چەکدارانی میحوەری بەرگری نزیک لە ئێران. ئەو بە ناو و نازناوێکی ساختەی عەرەبی بووە بە ئەندامی داعش. کاتێکی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت بۆیان دەردەکەوێت لە فەڕەنسییە. دەزگای ئاسایشی فەڕەنسا پەیوەندی بە دەزگاکەی ئێرانەوە دەکات و دەڵێن، ئەو کەسە لە پلەدارەکانی ئێمەیە، لەلایەن هێزێکی چەکداری نزیک لە ئێرانەوە دەستگیرکراوە، چونکە ئێران پەیوەندی نزیکی لەگەڵ ئەو هێزانە هەیە، خۆشحاڵ دەبین ئەو کەسە ئازاد بکرێت. لەلایەن ئێرانەوە بەدواداچوون دەکرێت و دەردەکەوێت کە ئەو کەسەی فەڕەنسا داوای دەکاتەوە، کەسێکی پلە نزم نییە و پلە بەرزە".

ئەمە بۆ یەکەمجارە بانگەشەی ئەندامێتی نهێنی بەرپرسێکی دەزگای هەواڵگری فەڕەنسا لەناو داعشدا باس بکرێت.

بانگەشەی ئاڵوگۆڕی نێوان هەواڵگری تاران و پاریس

ئەکبەر خوش کوش لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا زیاتر وتویەتی "دەزگا هەواڵگرییەکان لەگەڵ یەکتر مامەڵە و دانوستانیان هەیە، واتا داواکاریان لە یەکتر هەیە. دەزگای ئاسایشی فەڕەنسا هاوکارێکی زۆر باش بوو. ئەندامە چالاکەکانی ئیتڵاعاتی سوپاش پلانی وردیان دارشت. ئیتڵاعاتی سوپا سەرچاوەیەکی زۆرباشی لە نزیک ڕوحوڵا زم هەبوو. لەو لاشەوە فەڕەنسییەکانی پێیان وتین ڕوحوڵا زم-تان ڕادەستدەکەین، بەڵام بەپێی پلان".

سوپای پاسداران ڕۆژی دووشەممە 14-10-2019 لە بەیاننامەیەکدا دەستگیرکردنی ڕوحوڵا زم-ی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئیتڵاعاتی سوپا بە بەکارهێنانی شێوازی نوێی هەواڵگری و داهێنەرانە، دەزگا هەواڵگرییە بێگانەکانیان فریوداوە و بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی ئامەد نیوزیان بۆ ناو ئێران ڕێنمایی کردووە و دەستگیریان کردووە.

لەو بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕوحوڵا زم بەپێی ڕێنمایی دەزگای هەواڵگری فەڕەنسا و بە پشتیوانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل و پەیوەندیدار بە سەرجەم دەزگا هەواڵگرییەکانەوە دەستگیرکراوە.

ڕوحوڵا زم بەر لە دەستگیرکردنی لەگەڵ دوو منداڵ و هاوسەرەکەی لە فەڕەنسا دەژیا و وردەکاری دەستگیرکردنی هیچ کاتێک بە ڕوونی لەلایەن ئۆرگانە ئاسایشییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەنرا. ئەوەی دەرکەوت ئەوە بوو کە ڕوحوڵا زم ڕفێنراوە و دواتر حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە.

ڕۆژنامەی فیگارۆی فەڕەنسا 15ی ئۆکتۆبەری 2019 بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند، کە کۆمەڵێک بەڵگە بەردەستن و پیشانی دەدەن کە سوپای پاسداران ژنێکی گەنجی بەکرێ گرتووە بۆ ئەوەی ڕوحوڵا زم ڕازی بکات بە مەبەستی دیدار لەگەڵ ئایەتوڵا سیستانی سەردانی عێراق بکات، زم دوای سەفەر کردن بۆ عێراق لە شاری نەجەف دەستبەسەرکراوە و براوە بۆ ئێران.

بانگەشەی ئاڵوگۆڕی زم لەگەڵ ئەفسەرێکی هەواڵگری فەڕەنسا، ئەویش بە پەنابردنە بەر بابەتی بوونی فەڕەنسییەکان لەناو گرووپی داعش لە کاتێکدا دەخرێتەبەرباس کە لەو کاتەدا بە لایەنی کەمەوە دوو هاوڵاتی فەڕەنسی بە ناوەکانی (ڕۆناڵد مارشاڵ، فەریبا عادلخاهـ) کە توێژەر بوون لە بەندیخانەکانی ئێران بوون. ئەو زیندانیانەی کە بە وتەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەگەڵ هاوڵاتیانی وڵاتانی تری ڕۆژئاوا و ئەو ئێرانیانەی ڕەگەزنامەی وڵاتانی تریان هەیە لەلایەن دەزگا ئاسایشییەکانی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێن و دوای ئەشکەنجەدانیان فایلیان بۆ دروستدەکرێت و وەک فشارێک لەلایەن ئێرانەوە دژی وڵاتانی تر بەکاردێت.
دەوڵەتی فەڕەنسا لە بەیاننامەی جیاجیادا سەرەتا ڕفاندنی ڕوحوڵا زم و دواتر حوکمی لە سێدارەدانەکەی مەحکوم کرد. وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا 16ی ئۆکتۆبەر لە بەیاننامەیەکدا لەگەڵ مەحکوم کردنی ئیتاڵاعاتی سوپا بە هۆی ڕفاندنی ڕوحوڵا زم، خوازیاری ئازادکردنی (ڕۆناڵد مارشاڵ، فەریبا عادلخاهـ) بوو. هاوکات (ئەنیس فون درمول) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە پاریس جەختیکردەوە کە (زم) مافی پەنابەرێتی لە فەڕەنسا بەدەستهێنابوو، ناوبراو ڕایگەیاند "ئێمە خوازیارین ئێران ڕێز لە باڵادەستی یاسا، مافی پەنابەرێتی و ئازادی ڕادەربڕین بگرێت و دەستگیر کردنی ڕوحوڵا زم مەحکوم دەکەین".

هەواڵدان بۆ پیشاندانی ڕفاندنی زم وەک پرۆژەیەکی هەماهەنگ

ئەکبەر خوش کوش لە درێژەی وتەکانیدا فریودانی ڕوحوڵا زمی بۆ چوونە عێراق پشتڕاست کردووەتەوە و وتویەتی "هەرچۆنێک بێت ڕوحوڵا زم بەپێی پلانێک ڕازی بوو بێت بۆ عێراق. لە کاتێکدا کە بڕیار نەبوو لە نەجەف هیچ دیدارێکی هەبێت، هیچ کەسێکیش نەیدەویست هیچ پارەیەکی پێبدات".

بەڵام ئەو بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە دەزگای هەواڵگری فەڕەنسا (DGSE)، ئیتڵاعاتی سوپای ئاگادار کردووەتەوە کە ڕوحوڵا زم لە باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە بەغدا چووەتە دەرەوە، بەڵام سوپای پاسداران، ئەم هاوکارییەی شاردووەتەوە.

"زم لە باڵیۆزخانە هاتەدەرەوە، دەیویست بچێت بۆ نەجەف. لە بەغدا گەیشتە ئەو شوێنەی کە وەک تەڵە بۆی دیاریکرابوو. تەڵەیەکی زۆر باش و تەکنیکی و ورد بوو. خوا خێر بێنێتە ڕێگەی سوپاییەکان. تەڵەیەکی باشیان دانابوو. لە کۆتاییدا دەبوو کارەکە بە شێوەیەک بێت کە فەڕەنسییەکان وەک تۆمەتبار دەرنەکەون".

ئەم بەرپرسەی ئێران لە بارەی گواستنەوەی زم بۆ ئێران زیاتر وتویەتی "لە نەجەف ژنێک کە بە هاوکاری تورکیا خرابووە خزمەتمان، هاوکاری هێزەکانی ئێمەی کرد. لەوێ ڕوحوڵا زم دەستگیر کرا و خرایە ئۆتۆمبێلەوە و گەیەنرایە سنووری ئێران. کاتێکی باشیش بوو، چلەی ئیمام حسێن بوو. لە چلەدا ڕێگەی نەجەف بەرەو مهران بە تەواوی قەرەباڵغ و کۆنترۆڵکراو بوو. لە ئەنجامدا گواستنەوەی زم لە نەجەفەوە بۆ ناو ئێران بە سادەیی ئەنجامدرا".

هەروەها وتویەتی "کاتێک زم لە سنوور تێپەڕی و گەیشتە ناو ئێران، ئەفسەرە فەڕەنسییەکە لە دیمەشقەوە بۆ ئیستانبوڵ و لەوێ ڕادەستی فەڕەنسییەکان کرا".

ئەکبەر خوش کوش لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بە هاوکاری دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی تورکیا لەگەڵ ئۆرگانە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە و وتویەتی (فرود فولادوەند) دامەزرێنەی ئەنجومەنی پاشایەتی ئێران و (حەبیب ئەسیود)یش لەسەر داوای ئیتڵاعاتی ئێران ڕادەستی ئێران کراونەوە.

مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو کارمەندانی دەزگای هەواڵگری ئێران (حەبیب فەرەجوڵا چعب) ناسراو بە (حەبیب ئەسیود) ڕابەری پێشووی (بزووتنەوەی خەباتی عەرەبی ئازادیخوازی ئەهواز) بە هاوکاری وڵاتی سێیەم برایە تورکیا و ئەویان ڕفاند.

ئەکبەر خوش کوش جەخت دەکاتەوە لە سەر هاوکاری تەواوی نێوان دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی تورکیا لەگەڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامی و وتویەتی "میتی تورکیا لە چل ساڵی ڕابردوودا بەردەوام هاوکاری ئێمەی کردووە. ئێمەش هاوکاری میتی تورکیامان کردووە و ئاڵوگۆڕمان هەیە. تا ئێستا ئێمە و تورکەکان هەر داواکارییەکمان بۆ ئاڵوگۆڕ هەبووبێت، بەپێی ڕەزامەندی هەردوولا ئەنجامدراوە. لەمجۆرە مامەڵانەمان لە نیوان هێزە ئاسایشییەکانی ئێران و میتی تورکیا زۆر هەیە. هەڵبەتە ئەوانیش کۆمەڵێک داواکاریان هەیە، کە ئێمە ئەنجامی دەدەین".

س: رادیو زمانە
https://www.radiozamaneh.com/692104/?fbclid=IwAR3hOKcbV7tOtOFRq34gM-pKQnEe3s__M_JTZeSXlGnzr_5L6id9VXpazk8

هەواڵی زیاتر

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 25 خولەک پێش ئێستا

وەجبەیەكی نوێی ڤاكسینی فایزەر گەیشتە عێراق

هەواڵی کوردستان 1 کاتژمێر پێش ئێستا

هۆشدارییەك لە وەزیری پێشمەرگەوە

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بومەلەرزەیەك لە ئێران رویدا

هەواڵی جیهان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان گفتوگۆدەكات

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ناوی قەوارە و ژمارەی كورسییە براوەكان بڵاوكرایەوە