X

تەمەن: دەچمە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی قاچەکانم بۆ بگەڕێننەوەو بتوانم یاریی بکەم

ڕاپۆرت

پێش 2 هەفتە     198 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت
کۆچبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر سنووری پۆڵەندا و لە جەنگەڵێکی بیلاڕوسیا گیریان خواردووە و چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە دەرگای ئەو وڵاتە بەڕوویاندا بکرێتەوە و بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت ئەڵمانیا بڕۆن و لەوێ جێگیر بن.


لەنێو کۆچبەراندا، چەندین ژن، منداڵ، کەمئەندام و نەخۆش هەن کە بە بیستنی چیرۆکەکانیان مرۆڤ دڵی دەگوشرێت.

یەکێک لە خەمناکترین چیرۆکەکانی نێو کۆچبەرانی سەرسنووری بیلاڕوسیا منداڵێکی هەشت ساڵانە کە ئەو بەئومێدی گەڕانەوەی قاچەکانی بۆی لەگەڵ باوکیدا هاتووە بۆسەر سنووری بیلاڕوسیا لەگەڵ پۆڵەندا، ئەو بە دەم پێکەنین و هیواوە دەڵێت "برغوی قاچە دەستکردەکانم تێک چووە، ناتوانم رێی پێوە بکەم. دەگەمە ئەوروپا لەوێ قاچم بۆ دروست دەکەن و دواتر دەتوانم یاریی بکەم بۆخۆم".

ئەریوان پشتیوان کە لە ٢٠١٩ کۆلێژی زانست بەشی بایۆلۆجی تەواو کردووە لەگەڵ هاوسەرەکەی کە ماوەی حەوت ساڵە کۆلێژی پزیشکی تەواو کردووە لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا کە ئەویش یەکێکیان نەخۆشی شێرپەنجەی تووشبووە، هاتوونەتە سەر سنووری بیلاڕوسیا، ئەو خاوەنی دوو منداڵە کە یەکێکیان نەخۆشە و ئێستا لەگەڵ هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەی لەنێو جەنگەڵەکان بیلاڕوسیا لەسەر سنووری پۆڵەندا دەمێننەوە.

هاوسەرەکەی ئەریوان پشتیوان بە دەم گریانەوە باس لە چیرۆکی هاتنی خۆی و منداڵە نەخۆشەکەی دەکات دەڵێت ''من بۆخۆم دکتۆرم، حەوت ساڵە کۆلێژی پزیشکیم تەواو کردووە و پزیشکی پێشکەوتووی خولاوەم لەبواری منداڵاندا. منداڵەکەم نەخۆشە گرێی شێرپەنجەیی هەیە. لە هەرێمی کوردستان هەوڵیان دا چارەسەری بکەن، بەڵام بەتەواوی بنبڕ نەبوو شێرپەنجەکەی".

ئەو کە حەزی نەدەکرد ناوی خۆی بڵێت، بەدەم گریان هاوارەوە وتی: "داوا دەکەم لە هەموو دنیا، بێن بەهانامانەوە، بەس منداڵەکەم بۆ دەربکەن تاوەکو رزگاری بێت، خۆم دکتۆرەم هەرێمم بەجێهێشتووە، دەوام و هەموو شتێکم جێهێشتووە، هەرچی پارە هەبوو خەرجم کرد بۆ ئەوەی منداڵەکەم رزگار بکەم، پێشتر منداڵێکی ترم مردووە. لە هەرێمی کوردستان پێیان گوتم ئەوەی لە تواناماندایە بۆمان کردووە، ناتوانین لەمە زیاتری بۆ بکەین. پێنج جەلسە دەرزی کیمیایی وەرگرتووە، نەخۆشخانەی هیوا یارمەتیمانی داوە، نەشتەرگەری گەورەمان لە کەرکووک بۆ ئەنجام دا. ناردیانینە تورکیاش".

ئیبراهیم ر. لەسەر کورسی کەمئەندامییەکەی دانیشتبوو، ئەو تەمەنی ٢٢ ساڵ دەبێت، ماوەی شەش رۆژە لەنێو دارستانەکانی سنووری بیلاڕوسیا گیری خواردووە لەگەڵ کۆچبەرەکاندا، بەهۆی سەرماوە دەموچاوی بەستبوو، ئاماژەی بەوە دا کە ئەو بۆ چارەسەری قاچەکانی ملی رێگای هەندەرانی گرتۆتە بەر و ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر بە ناڕەحەتی لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتۆتە سەر سنووری بیلاڕوسیا لەگەڵ پۆڵەندا و دەڵێت ''بەشەش کەس منیان هەڵگرتبوو، تا گەیشتمە ئێرە بە زەحمەت، ئەوان یارمەتیم دەدەن ئێستاش".

یەکێک لە خەمناکترین چیرۆکەکانی نێو کۆچبەرانی سەرسنووری بیلاڕوسیا منداڵێکی هەشت ساڵانە کە ئەو بەئومێدی گەڕانەوەی قاچەکانی بۆی لەگەڵ باوکیدا هاتووە بۆسەر سنووری بیلاڕوسیا لەگەڵ پۆڵەندا، ئەو بە دەم پێکەنین و هیواوە دەڵێت "من دەچمە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی قاچەکانم بۆ بگەڕێننەوەو بتوانم یاریی بکەم".

ئەو ناوی تەمەن-ە و کوڕێکی هەشت ساڵەی کەمئەندامە و هەردوو قاچەکانی لەدەستداوە، ماوەی شەش رۆژە لەگەڵ خێزانەکەیدا گەیشتۆتە سەر سنووری بیلاڕوسیا لەگەڵ پۆڵەندا، بەدەستێکی قاچە دەستکردەکانی هەڵگرتبوو، بەدەستەکەی تریشی هەوڵی خۆ گەرمکردنەوەی دەدا، ئەو لە خێزانێکی شەش کەسییە.

تەمەن باس لە ئاستەنگییەکانی سەر سنوور دەکات و بە ئومێدی ئەوەی لە ئەوروپا قاچی بۆ دروست بکەنەوە، لەگەڵ خێزانەکەیدا بەرەو سنووری بیلاڕوسیا لەگەڵ پۆڵەندا هاتوون و ئەو لەبەردەم کامێرای ئانادۆڵودا دەڵێت "برغوی قاچە دەستکردەکانم تێک چووە، ناتوانم رێی پێوە بکەم. دەگەمە ئەوروپا لەوێ قاچم بۆ دروست دەکەن و دواتر دەتوانم یاریی بکەم بۆخۆم".

بەشێکی تر لە کۆچبەران کەسانی بەتەمەنن، ئەوان بە ئومێدی دابینکردنی داهاتوویەکی پرشنگدار بۆ منداڵ و نەوەکانیان، هاتوونەتە سەر سنووری بیلاڕوسیا لەگەڵ پۆڵەندا.

زۆرێک لە کۆچبەران ئامادە نین ناوی خۆیان بڵێن لە ترسی ئەوەی کە لەکاتی گەیشتنیان بە ئەوروپا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نەکرێت و وەک دۆسیەیەک لەدژیان بەکارنەیەت، بەڵام بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایی ئامادەن لێدوان بدەن.

ژنێک بەناوی(ر. ع) کە تەمەنی ٦١ ساڵە و لەگەڵ کوڕ و کچەکانیدا هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە وتی: "تا بڵێی بارودۆخمان خراپە، چوار منداڵمان پێیە بۆخۆمان هەشت کەسین هاتووین، نەشیرمان ماوە نە دایبی، ئاویان هێناوە بەس بەشی ئەو خەڵکە ناکات، ئەوە بۆ پێنج شەو دەبێت لێرەین، لەگەڵ سەرمادا دۆخمان زۆر خراپە، بەڕۆژ بەدەست دەچین دار کۆدەکەینەوە بە شەو دایدەگیرسێنین بۆ ئەوەی منداڵەکان رەق نەبنەوە لە سەرما. چاوەڕێی دەکەین ئەو دەوڵەتانە یارمەتیمان بەن و رزگارمان بکەن لێرە، هەموومان منداڵی ساوامان پێیە، گرتاربووین، پێشتر دەیانگووت لە ئەوروپا مافی مرۆڤ هەیە، کەچی ئێستا یەک کەس ئاوڕمان لێنادەنەوە. دوو رۆژی تر لێرە بمێنینەوە ئەو خەڵکە لە برساو لە سەرمادا دەمرن".

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراقیان بەجێهێشتووە (ر.ع.)کە بەدەستێکیەوە منداڵە ساواکەی ژیر دەکردەوە، وتی: "بەهۆی ئەوەی کە لە هەرێم کێشەی زۆر هەبوو بەجێمان هێشت. یەکێک ناوێرێ قسە بکات دەکوژرێت، بەخاتری ئەو منداڵانە هاتینە دەرەوە تاوەکو منداڵەکان رزگاریان بێت و ئەوانیش تووشی کێشە نەبن".

مام عەزیز خ.-یش لە گەرمیانەوە هاتووەتە سەر سنووری بیلاڕوسیا لەگەڵ پۆڵەندا لەگەڵ یەکێک لە نەوەکانیدا دانیشتبوو بە بێزارییەکەوە وتی: "لەلای ئاگرەکە جێگەمان نەبوویەوە، بۆیە هاتووینەتە ئێرە، هەر ئەم جلوبەرگانەمان پێیە، ئەوە قەمسەڵەکەم سووتاوە".

مام عەزیز ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان لە نادادپەروەری لە هەرێم هەڵاتوون، هاوکات بە ئومێدی دابینکردنی داهاتوویەکی پرشنگ بۆ منداڵ و نەوەکانیان ملی رێگای ئەوروپا یان گرتۆتە بەر و ئومێدی بەوەیە کە لە ماوەیەکی نزیکدا بگەنە ئەوروپا و دەڵێت: "ئەوەتا دەستم هەمووی برینداربووە هێندە دار بهێنم بۆ ئەوەی خۆمانی پێگەرم بکەینەوە. لەوەیە هەتا یەک هەفتەی تر لێرە لەم سەرمایەدا بین، تا دەرمان دەکەن بۆ ئەوروپا ، بەڵام پێمخۆشە لێرە لەم سەرمایەدا بم، نەوەک بمگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکەم. وەسێتم کردووە ئەگەر بمرم پێمخۆشە لەوێ (ئەڵمانیا) بمنێژن نەک بمبەنەوە بۆ هەرێم".

گەنجان بەشێکی زۆری کۆچبەرانی سەر سنووری بیلاڕوسیا لەگەڵ پۆڵەندا پێکدەهێنن و بەگوتەی خۆیان زۆربەیان خاوەن بڕوانامەی دبلۆم، بەکالۆریس و ماستەرن و لەبەر نەبوونی بژێوی ژیان ملی رێگای هەندەرانیان گرتووە.

کارزان بورهان دەرچووی زانکۆ بەشی مێژووە، ئاماژە بەوە دەکات کە داهاتوویان دیار نەبووە، بۆیە هاتوونەتە دەرەوە و باس لەوە دەکات کە بەهۆی سەرما و بێنان و ئاوییەوە رەوشیان زۆر خراپە.

جەمال حەمەسەعید حەسەن دەرچووی کۆڵێژی کشتوکاڵ لە زانکۆی هەڵەبجە یەکێکی ترە لە گەنجەکان و ئەویش هۆکاری هاتنە دەرەوەی بۆ نەبوونی کار دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "زۆربەی ئەو گەنجانەی لێرەن لەبەر نادادی و نەبوونی کار لە هەرێم هاتوونەتە دەرەوە، زۆرێکیان خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریسن، ئێستا لێرە دۆخیان خراپە بەهۆی بێنان و ئاوی و سەرماوە، هەموو شتێکمان لێبراوە، ئەگەر نەیەن بە هانامانەوە، دۆخەکە زۆر خراپ دەبێت، چونکە منداڵ و ژنی دووگیان و کەمئەندامی زۆرمان تێدایە".

یەکێکی تر لە گەنجەکان کە دەمامکی بەستبوو بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە، بۆ ئانادۆڵو گوتی: "منیش دەرچووی کشتوکاڵم، بەهۆی ئەو نادادپەروەری و غەدرەی لێمان دەکرا لە هەرێمی کوردستان، هاتووینەتە دەرەوە. من هەشت ساڵە خۆم و خێزانم زانکۆمان تەواو کردووە، هیچ کارێکمان نەبوو، تەنیا کرێکاری نەبێت".

سەرچاوە: ئانادۆڵو

هەواڵی زیاتر

هەواڵی کوردستان 2 خولەک پێش ئێستا

هۆشدارییەك لە وەزیری پێشمەرگەوە

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 23 خولەک پێش ئێستا

بومەلەرزەیەك لە ئێران رویدا

هەواڵی جیهان 35 خولەک پێش ئێستا

ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان گفتوگۆدەكات

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 1 کاتژمێر پێش ئێستا

ناوی قەوارە و ژمارەی كورسییە براوەكانیان بڵاوكرایەوە

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 4 کاتژمێر پێش ئێستا

لەسەر ئاستی عێراق هەرێم زۆرترین ژمارەی مردنی بە كۆرۆنا تۆماركرد