X

نائومێدی و جیلی نوێ

سۆشیال میدیا

پێش 2 هەفتە     70 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

نائومێدیی خەڵك تەنها پەیوەندی بە شكستی هەمو ئەو هەوڵانەوە نییە كە بۆ باشكردنی حوكمڕانیی هەرێم دران، بەڵكو پەیوەندی بە عێراقیشەوە هەیە كە هەفتەی پێشو خەریكبو سەرۆكی حكومەتەكەی بكوژن. پەیوەندی بە تەواوی وڵاتانی دراوسێشەوە هەیە كە ناسەقامگیرن و لە شەڕدان، بە كەوتنی تەواوەتی لیبیا و لوبنان و یەمەنیشەوە هەیە. 

 

 خەڵكەكە هەست دەكەن شنەی با لە هیچ شوێنێكەوە رو لەم دەڤەرە ناكات، دەنا ئێرەشی فێنكدەكردەوە و دەكەوتنە شەنكردن. ئەوان هەست ئەكەن چوار فەسەڵە گڕەیە. گرنگ نییە هەڵەن یان راستن، ئەم نائومێدییە زیانی گەورەی هەیە، لەوانە كۆچكردنی سامانی مرۆیی و ماددییمان. ئەوەی چوار گەشتیار و چوار كارمەندی بیانی لێرە دڵخۆش بن شتێكی ئەوتۆمان لەسەر ئێرە بۆ ناگێڕێتەوە. حیكایەتی هیچ وڵاتێك لای گەشتیارەكانی نییە، لای ئەو كارمەندە بیانییانەش نییە كە ئامانجی سەرەكییان خڕكردنەوەی پارەیە٬ بەڵكو لای خەڵكی ئەسڵیی وڵاتەكەیە. تاڵاوی وڵات راستەوخۆ بە قوڕگی ئەواندا ئەچێتە خوارەوە. 


وایە چیرۆكەكە هەموی هەرێمی نییە و وڵاتانی زلهێزیش غەدرمان لێدەكەن، بەڵام من نازانم بۆ عەیبی ئەم هەرێمە بشاردرێتەوە و بۆ پێت شەرم بێت بڵێی: بەڵێ ئێمەش بەشێكین لە دروستكەرانی ئەو غەدر و نائومێدكردنە؟ 


بەهەرحاڵ، خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان ناتوانن بە سەرهەڵگرتن رزگاریان بێت. تۆ یادەوەرت لێرە جێدەمێنێت، كەسوكار و ئازیزانت لێرەن، بۆ هەر كوێ بڕۆیت لێت نابنەوە و ئەستەمە ئاسودەبیت. ئەو رقەی ئەمڕۆ لە وڵاتەكەتت گرتوە، چەند دور بڕۆیت نەرمتر دەبێتەوە. من لۆمەی كەس ناكەم لەسەر سەرهەڵگرتن، ئەڵێم ئیشەكە بەوە مەیسەر نابێت.


ئێمە پێوسیتمان بەسەركردەیە، بەڵام لە مۆدێلە كۆنەكەی نا. ئەزمەی گشتگییر ئەوەمان پێ ئەڵێت كە هەموو شتێك لەم وڵاتەدا پێویستی بە پێناسەكردنەوە هەیە، لە خوێندكارەوە بۆ مامۆستا، لە ژنەوە بۆ پیاو، لە نەتەوەوە بۆ دەوڵەت، لە حزبەوە بۆ حكومەت، تا بە چەمكی سەركردەش دەگات. 


سەركردە لە زەمەنی جیاوازدا ئیشی جیاوازی هەیە. ئەگەر گەشەیەك رویدا، ئیشی ئەو پارێزگاریكردن و درێژكردنەوەی تەمەنی ئەو گەشەیەیە، ئەوەشە بە خەڵك بلێت "فریو مەخۆن، هیچ گەشەیەك نییە بەردەوام بێت". لە كاتی قەیراندا، ئیشەكەی ئەوەیە نائومێدی بڕەوێنێتەوە. سەركردە كەسێكە بەردەوام دەتوانێت خەون بەرهەمبهێنێتەوە، پێكەوە لەگەڵ تیمی جیاوازی ئەو وڵاتە ئامانجی دور و نزیك دەستنیشانبكەنەوە، وزە بە خەڵك ببەخشێتەوە تا كار بۆ هێنانەدی ئامانجەكانیان بكەن. سەركردە سیاسییەكانی ئێستای ئێمە بەرهەمهێنەری خەونی هاوبەش نیین، بەڵكو لەباربەری خەونن. 


سەركردە كەسێكە خاكیی، چیتر كەسێك نییە خۆی لە خەڵك بكات بە 'خودا'، هێندەش بێ دەسەڵات نییە هیچ كێشەیەكی پێ چارە نەكرێت.  


سەركردە كەسێكە جێی متمانەیە، خۆفرۆش نییە. كەسێكە لە زمانی هاوچەرخ و پێداویستییەكانی تێدەگات، خۆی بە مەعریفە پڕ چەكدەكات. ئەیبینیت بەردەوام خەڵكی ماقوڵ و بەتوانا لە چواردەوریانن و لەگەڵیان بییر دەكەنەوە و پلان دائەنێن. 


سەركردە پاڵنەری سەرهەڵگرتنی خەڵكەكەی نییە، خۆی دەست هەڵئەگرێت كاتێك دەرەقەتی زەمەنەكە نایەت. هەر كەسێكە (با لە سیاسەتیشدا نەبێت) توانای فێربون و دەرسوەرگرتنی هەیە، ناكەوێتە ژێر كاریگەریی پۆخڵەواتەكانی رابردو.  


بەكورتی سەركردایەتیكردن پۆست و پلە نییە، ئەو ئیرادە و عەقڵەیە توانای كاریگەری وگۆڕانكاری هەیە لە هەر روبەرێكدا بێت. 


ئەم سیفەتانە نەك لە سیاسییەكانی ئێمەدا نیین بەڵكو لەناو ئێمەی ئەكادیمیی و لەناو رۆشنبییرەكانیشماندا زۆر كەمن. 


ئێمە شكستمان هێنا نەك لە گۆڕانكاریی بەرەو باشتر بەڵكو لەوەش چوار سەركردە بۆ ئەم رۆژگارە سەختە دروستبكەین. ئێوەی جیلی نوێ دەتوانن ئەم بۆشاییە پڕبكەنەوە. جیلی نوێ ئەتوانن ببن بەسەركردە. سەركردە كەسێك نییە كە لە دایك دەبێت، بەڵكو شتێكە دروستدەكرێت. 


ئەو رێگایە ئاسانە ؟ نەخێر، كاركردنی ئەوێت. بەڵام لە توانادایە؟ بەڵێ بێگومان، مێژوی مرۆڤایەتی پڕە لە كارەسات، لە هەمان كاتیشدا كارەساتەكان بەردەوام مرۆڤی گەورەی خاوەن ئیرادە و مەعریفەی بەرهەمهێناوە كە چارەسەریان بۆ كێشەكان دۆزیوەتەوە، وایان كردووە سبەینێ لەمڕۆ باشتربێت. 


ئەم وڵاتە بۆ كوێ بگوازینەوە؟ مەجالی تیا نییە و قەدەری خۆمانە كەوتینە ئەم وڵاتە و ئەم قۆناغە مێژووییەوە. ناشتوانین تەسلیم ببین، تا ئەو كاتەی ژیان لەسەر زەوی بەردەوام بێت، هەوڵ بۆ باشتركردن ئەبێت بەردەوام بێت.


لە پەراوێزدا با بڵێم، سلێمانیش بەشێكە لە شكستەكان، بەشی خۆیشی جوانیی پێشكەشكردوە. دڵمان لێی عاجز ئەبێت، توڕە ئەبین، بەڵام هەمیشەش لە ناخماندا

خۆشەویستە، كەس سود لە شكاندنی یان پیرۆزكردنی نابینێت. ئەكرێ نمونەیەكی باشتری بۆ خۆمان لێ دروستبكەین و بۆ ئایندەشی جێهێڵین.

 


لە فەیسبوكی نیاز نەجمەدین ....وەرگیراوە 

هەواڵی زیاتر

هەواڵی کوردستان 27 خولەک پێش ئێستا

هۆشدارییەك لە وەزیری پێشمەرگەوە

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 48 خولەک پێش ئێستا

بومەلەرزەیەك لە ئێران رویدا

هەواڵی جیهان 60 خولەک پێش ئێستا

ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان گفتوگۆدەكات

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 1 کاتژمێر پێش ئێستا

ناوی قەوارە و ژمارەی كورسییە براوەكان بڵاوكرایەوە

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 4 کاتژمێر پێش ئێستا

لەسەر ئاستی عێراق هەرێم زۆرترین ژمارەی مردنی بە كۆرۆنا تۆماركرد