X

پێشبینییه‌كه‌ی گه‌یتس

سۆشیال میدیا

پێش 2 هەفتە     444 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

به‌رهه‌م ساڵح‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ جه‌زیره‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، له‌ شوێنكدا كه‌ باس دێته‌ سه‌ر باسی  ئاینده‌ی عیراق، باس له‌وه‌ ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی جیهان ڕوو له‌ وزه‌ی پاك ده‌كات،  له‌دوای 2030وه‌ مه‌ترسی دابه‌زینی زۆری نرخی نه‌وت ده‌كرێت، كه‌ ئه‌مه‌ بۆ وڵاتێكی وه‌ك عیراق كه‌ به‌ته‌واوی پشتی به‌نه‌وت به‌ستووه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌، به‌داخه‌وه‌ پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ گوێی به‌و قسانه‌  نه‌داو له‌سه‌ری نه‌چوو.

به‌ڵام به‌لای منه‌وه‌ ئه‌مه‌ گرنگترین خاڵی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌و وشیارییه‌كی واقیعییه‌ به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ له‌داهاتوودا روو بدا!

له‌م رۆژانه‌دا بیڵ گه‌یتس دامه‌زرێنه‌ری مایكرۆسۆفت كه‌ هه‌میشه‌ پێشبینی دروست و حسابی هه‌یه‌، له‌ كۆنگره‌ی كه‌ش و هه‌وا، باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ جیهان روو له‌ وزه‌ی نوێ ده‌كات و به‌وهۆیه‌وه‌‌ له‌ 30 ساڵی داهاتوودا كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی نه‌وت توشی ته‌نگژه‌ی گه‌وره‌ ‌ ده‌بن و به‌های پشكه‌كانیان له‌ بازاره‌كاندا داده‌به‌زێت. هه‌رچه‌نده‌ گه‌یتس پێشی وایه‌ ئه‌و كۆمپانیانه‌ بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ نوێیه، به‌ناچاری روو له‌ وه‌به‌رهێنان له‌ وزه‌ی پاك ده‌كه‌ن و به‌وه‌ش تا ئه‌ندازه‌یه‌ك خۆیان له‌ ئیفلاسبوون ده‌پارێزن.

به‌پێی راپۆرتێكی گاردیانیش تا 2034 نیوه‌ی راستی سوته‌مه‌نییه‌ ئۆرگانییه‌كان یان سووتەمەنی فۆسیل (نه‌وت و گازو خه‌ڵوز) به‌های خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.

ئه‌نجومه‌نی وزه‌ی جیهانیش 2 ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر باسی له‌وه‌كردبوو كه‌ هه‌تا 2040 جیهان له‌ قۆناغی گواستنه‌وه‌ و راگوزه‌ر له‌ بواری وزه‌دا به‌سه‌ر ده‌بات.گواستنه‌وه‌یه‌ك كه‌ ورده‌ ورده‌ سوته‌مه‌نی فۆسیل به‌هاكانی سه‌ده‌ی 20 له‌ده‌ست ده‌دات و جیهان به‌ناچاری روو له‌ وزه‌ پاكه‌كان ده‌كات.

نیشانه‌كانی ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ وه‌ك رۆژی روون ئاشكرایه‌، هه‌ر دوێنێ و پێر ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند وڵاته‌كه‌ی چیتر ته‌ئمیناتی ماڵی نادات به‌پرۆژه‌كانی نه‌وت و گاز له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا!

گرنگترین گۆڕانكاری قۆناغی گواستنه‌وه‌ی سوته‌مه‌نی فۆسیل، گۆڕینی كه‌رتی گواستنه‌وه‌و ئۆتۆمبیله‌كانه‌. جیهان به‌جۆرێك رووی له‌ گۆڕینی ئۆتۆمبێل كردووه‌ بۆ ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی، به‌ئاسانی پێشبینی ئه‌وه‌ بكه‌ی كه‌ ئۆتۆمبێلی سوتانی ناوه‌كی هێنده‌ نابات ده‌بێته‌ چیرۆكێك له‌ چیرۆكه‌ كۆنه‌كان. 

پاڵپشتی سه‌ره‌كیش له‌م گۆڕانكارییه، جگه‌له‌ مه‌ترسیه‌كانی تێكچوونی ژینگه‌و بوونی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ رۆژه‌ڤی سیاسی جیهان و فشاری جه‌ماوه‌ری، ‌ ته‌كنۆلۆژیایه‌: له‌م رووه‌وه‌وه ‌له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا شتی وا روویداوه‌ كه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمانن:

 12ی مانگی رابردوو‌ له‌شاری مونیخی ئه‌ڵمانیا، یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین پێشه‌نگاكانی ئۆتۆمبێل به‌رێوه‌چوو به‌ناوی IAA Mobility 2021، زۆربه‌ی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی ئۆتۆمبێل دواین نمونه‌ی به‌رهه‌م و داهێنانه‌كانی خۆیان نیشان دابوو.

مێرسێدس له‌و پێشانگه‌یه‌دا نمونه‌ی یه‌كێك له‌ ئۆتۆمبێله‌ ته‌واو كاره‌باییه‌كانی خۆی نیشان دابوو، به‌ناوی (مێرسێدسEQS ) ئه‌م ئۆتۆمبێله‌ ئه‌گه‌ر 15 خوله‌ك له‌سه‌ر شه‌حنی دابنێی، پاترییه‌كه‌ی به‌شی ه‌250 كیلۆمه‌تر ده‌كات واتا له‌سلێمانی تا دهۆك! له‌وه‌ش زیاتر ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی شه‌حن ببێت ئه‌وا لێخوڕه‌ تا 660كم خه‌مت نه‌بێ !

له‌وه‌ش سه‌یرتر دیزاینه‌رێكی ئۆتۆمبیلی ئێرانی به‌ناوی نادر فقیه‌زاده‌ كه‌ پێشتر له‌ BMW بووه‌، له‌گه‌ڵ كۆمپانیای چانگان و هواوی چینی سه‌رقاڵی دیزاینی ئۆتۆمبێلێكی ته‌واو كاره‌بای و زیره‌كن به‌ناوی   Avatr 11 ئه‌م ئۆتۆمبێله‌ به‌یه‌كجار شه‌حن كردنه‌وه‌ 700كیلۆمه‌تر ده‌بڕێ! له‌وه‌ش زیاتر زیره‌كه‌و ده‌توانێت بێ شۆفێریش خۆی خۆی بهاژوێ.!!!

 ئه‌م توانا زۆره‌ی بارگاوی بوون و به‌رگه‌گرتنی پاترییه‌‌كان جۆرێك له‌ خه‌یاڵ ده‌چێ . ئاخر تۆ بزانه‌ به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م چی روویداوه‌: له‌ جیلی یه‌كه‌می مۆبایلدا چاكترین جۆری  پاتری  كه‌ هی نوكیای3110 بوو له‌ 1997 ده‌وربه‌ری 400ملی ئه‌مپیر له‌سه‌ر كاتژمێر توانای هه‌بوو، ئێستا ته‌نیا له‌ماوه‌ی 20 ساڵێكدا پاتری زۆربه‌ی مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان له‌ 5000-6000 هه‌زار ملی ئه‌مپیره‌! ته‌نانه‌ت مۆبایلی وه‌ك  Ulefone Armor 3W توانای پاترییه‌كه‌ی گه‌یشتووه‌ته‌،10300ملیی ئه‌مپیر!  400 بۆ 10هه‌زار.خه‌یاڵ 

خه‌به‌رێكی گرنگیش ئه‌وه‌یه‌ له‌ كۆنگره‌ی ئه‌مجاره‌ی كه‌شوهه‌وا 6 له‌ كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی ئۆتۆمبێل سازی و 22 وڵات رێكه‌وتون كه‌ واده‌یه‌ك بۆ كۆتایهێنان به‌ ئۆتۆمبێلی به‌نزین و گاز و غاز دابنێن و ئه‌و واده‌یه‌ش له‌ 2035-2040 تێپه‌ڕ ناكات.  ئینجا بیهێنه‌ پێش چاو ئه‌گه‌ر كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی ئۆتۆمبێل به‌و هه‌موو توانا ماددی و بودجه‌ زۆره‌ی ته‌رخانكراو بۆ توێژینه‌وه‌ روو ئۆتۆمبێل سازی كاره‌بایی بكه‌ن،  بڵێی چی بكه‌ن و چۆن توانای ئۆتۆمبێله‌ كاره‌باییه‌كان و به‌رگه‌گرتنی پاترییه‌كان به‌رز بكه‌نه‌وه‌! 

من ده‌زانم نه‌وت، ته‌نیا سوته‌مه‌نی و گاز و به‌نزین نییه‌، پێكهاته‌ی تری تێدایه‌ كه‌ پیشه‌سازی پێویستی پێیه‌تی و ده‌ست به‌رداربوونی زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جیهان روو له‌وزه‌ی پاك بكات و وڵاته‌ پیشه‌سازییه‌ گه‌وره‌كان بازاره‌كانیان به‌رووی ئۆتۆمبیلی به‌نزیندا و گازدا دابخه‌ن، قوڕ ده‌كه‌ن به‌سه‌ر نه‌وت و له‌ ئاو هه‌رزانتر ده‌بێ!ئه‌بێ دوعای بكه‌ی به‌رمیلی 30-20 دۆلارێك بكات! ئه‌و كاته‌ پۆزی به‌رزی نرخی نه‌وت نامێنێ و پیاو ئه‌گه‌ر كه‌وش وكڵاش و كه‌شك و دوینه‌ ره‌وانه‌ بكات پاره‌ی باشتری بۆ ده‌كات! 

بێگومان لای خۆمان له‌م رۆژانه‌ كه‌ دوای داخرانی كۆرۆنا بازاری نه‌وت گه‌شاوه‌ته‌وه‌و نه‌وت پاره‌یه‌كی باش ده‌كات، كه‌س بیر له‌م مه‌ترسیه‌ ناكاته‌وه‌ و بیریان نه‌ماوه‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌چه‌ند ساڵی رابردوو كردنی به‌چی په‌نێ و  ره‌نگه‌ كه‌وتبنه‌ سه‌ر هه‌وای ساڵانی 2011-2012 كه‌ نه‌وت نرخێكی خه‌یاڵی هه‌بوو، به‌كه‌یفی خۆیان پاره‌ی نه‌وتیان په‌خشان و ته‌خشان ده‌كردو خانه‌نشینی نا ره‌وا و بن دیواریان پێ قه‌ڵه‌و ده‌كرد!

به‌ڵام وڵاته‌ نه‌وتییه‌كانی وه‌ك سعود و كه‌نداوییه‌كان له‌ ئێستاوه‌ مشوری ئه‌مه‌ ده‌خۆن و روو له‌كه‌رتی تر ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ته‌ دوبه‌ی هه‌ر له‌به‌رخاتری ئه‌وه‌ی گه‌شتیاری زیاتر رووی تێ بكات قانوونی مه‌ده‌نی هاوسه‌رگیری ده‌ركردووه‌و هاوڕه‌گه‌زبازیش ئازاده‌ چۆن هاوسه‌رگیری ده‌كات، سعودییه‌ پلانی هه‌یه‌ تا 2030 پشت به‌ستن به‌نه‌وت زۆر كه‌م بكاته‌وه‌و له‌ئێستاوه‌ چاكسازی ده‌كات و وڵاته‌كه‌ به‌رووی ده‌ره‌وه‌دا ده‌كاته‌وه‌.  به‌ڵام هیچ ده‌نگ و نیشانه‌و ئومێدێك نییه‌، حكومه‌ته‌ لاته‌ی خۆمان و داڕزاوه‌كه‌ی به‌غداش ته‌گبیری ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ روویان له‌چی داهاتوویه‌كه‌و مه‌ترسییه‌كانی چین و چۆن ورده‌ ورده‌ خۆیان له‌ ئابوری وابه‌سته‌ی نه‌وت رزگاربكه‌ن و ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی له‌ پێشیانه‌ وه‌ك ده‌رفه‌ت سودی لێ وه‌ربگرن پێش ئه‌وه‌ی بكه‌ونه‌ ته‌نگژه‌یه‌كی راسته‌قینه‌وه‌!

ڕامان عوسمان

هەواڵی زیاتر

هەواڵی کوردستان 12 خولەک پێش ئێستا

راگەیەنراوێك لە یەكێتییەوە

هەواڵی کوردستان 25 خولەک پێش ئێستا

شۆفێرێك گیانی لەدەستدا

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وەجبەیەكی نوێی ڤاكسینی فایزەر گەیشتە عێراق

هەواڵی کوردستان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

هۆشدارییەك لە وەزیری پێشمەرگەوە