X

30 ساڵ بەسەر رووخانی یەكێتی سۆڤێتدا تێدەپەڕێت

ڕاپۆرت

پێش 3 هەفتە     163 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت
یەكێتی كۆمارە سۆسیالیستەكانی سۆڤێت دەوڵەتێكی شیوعییە، روبەرەكەی زۆرینەی ناوچەكانی ئۆراسیای دەگرتەوە لە نێوان ساڵانی 1922 بۆ 1991، لە 15 كۆماری خاوەن دەسەڵاتی خۆجێی پێكهاتبوو كە پێكەوە پێیان دەوترا نۆڤۆسیبیرسك كە بە رووسی واتە یەكێتی كۆمارە سۆسیالیستەكانی سۆڤێت و بە كورتكراوەی CCCP دەناسرا.

وشەی سۆڤێت لە زمانی رووسی واتە "دەوڵەت"، ئەوەش یەكەمین ناو بوو كە لە یەكەمین لیژنەی میللی كرێكاران وترا لە ئیمپڕاتۆریەتی رووسیا لە 1905، لەم یەكێتییەدا لیژنەی سۆڤێتی باڵا مەرجەعی سەرەكی تەواوی كۆمارەكانە.

یەكێتی سۆڤێت لە ناو جەرگەی ئیمپڕاتۆریەتی رووسیاوە دروستبوو دوای ئەوەی چەند رووداوێك بوونە هۆی لاوازی ئیمپڕاتۆرییەتەكە وەك شۆڕشی رووسیا لە 1917 و كە دوای ئەوە جەنگی ناوخۆی رووسیا سەری هەڵدا و چەند ساڵی خایاند لە 1918 بۆ 1921، لەدوای دروستبوونی یەكێتی سۆڤێتەوە هێشتا ناوی رووسیا دەبرا لە پاڵ ناوی یەكێتی سۆڤێت، وڵاتەكە هەرگیز سنوورەكانی جێگیر نەبوون و ساڵ بە ساڵ گۆڕاون، تەنانەت دوای جەنگی جیهانی دووەم توانی زۆرینەی خاكی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیای پێشوو بەدەست بهێنێتەوە، وەك وڵاتانی ئیستۆنیا و لاتیڤیا و لیتوانیا و رۆژهەڵاتی پۆڵەندا و بیسارابیا لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا.

ڕەگ و ڕیشەی یەكێتی سۆڤێت دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی 1917ـی بەلشەفییەكان كاتێك شۆڕشیان كرد لەدوای حكومەتی كاتی رووسیا دەسەڵاتیان گرتە دەست لەجێی ئیمپڕاتۆریەتی رووسیا، جەنگی ناوخۆش لەلایەن هێزەكانی بەڵشەفی و هێزە كۆنەكانی ئیمپڕاتۆریەتەوە بوو، لە بەناوبانگترینیان هێزی سووپای سپی بوو كە بە سەختی دژی شیوعی بوون، و شیوعییەكان پێیاندەوت تیرۆرستانی سپی، سووپای سوور هێزی زیاتری دەستكەوت و یارمەتی بەڵشەفییەكانی دا بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرنە دەست، ساڵی 1922 بەڵشەفییەكان سەركەوتن و توانییان یەكێتی سۆڤێت لە وڵاتانی رووسیا و قەوقاز و بیلاڕووس و ئۆكرانیا دروست بكەن.

سیاسەتی یەكێتی سۆڤێت
بەڕێوبردنی وڵات لە سێ دەستە پێكهاتبوو، دەستەی پلاندانان كە لەلایەن لیژنەی سۆڤێتی باڵاوە دەكرا، دەستەی ئەنجامدان كە ئەنجومەنی وەزیران بوو، هەروەها حیزبی شیوعی سۆڤێتی كە یەكەمین و تاكە حیزبی وڵات بوو و خاوەنی سیاسەتی وڵات بوو.

حیزبی شیوعی
حیزبی شیوعی سۆڤێتی كە تاكە حیزبی وڵات بوو لیژنەیەكی ناوەندی هەبوو كە لەلایەن كۆنگرەی حیزب و كۆنگرەكانی دیكەوە هەڵدەبژێردرا، كاری لیژنەكەش هەڵبژاردنی مەكتەبی سیاسی حیزب بوو كە لەلایەن ئەمینداری گشتییەوە چاودێری دەكرا، كە ئەمینداری گەورەترین پلەی سیاسی وڵات بوو.
ئەمیندار پارێزگاری لە حیزب و وڵات دەكرد بە هەڵبژاردنی پێگە هەستیارەكانی وڵات بە پێی بەرژەوەندی حیزب و ڕژێمی شیوعی.

ئابووری وڵات
ئابووری یەكێتی سۆڤێت پشتی بە پلانی پێنجییەوە دەبەست، كە بۆ هەر ماوەیەك چەند كارێكی سەرەكی دادەنران بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێن و هەموو كایەكانی وڵاتیان دەگرتەوە، بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی ستالیندا وڵات بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی و لە وڵاتێكی كشتوكاڵییەوە گۆڕا بۆ وڵاتێكی پیشەسازی، وەك پیشەسازییەكانی نەوت لە سیبیریا و دۆزینەوەی كانزای ژێرزەوی كە بووە هۆی بوژاندنەوەی یەكێتی سۆڤێت، هەروەها دەستگرتنی وڵات بەسەر هەموو بوارەكانی ئابووری لە كێڵگە و ڕووبەرە ئابووریەكان و ناساندنیان وەك موڵكی وڵات، ئەمەش زیاتر لە سەردەمی ستالین و خرۆتشۆڤ.
لە كۆتایی ساڵەكانی سۆڤێت بەهۆی جەنگی ئەفغانستانەوە وڵاتەكە پاشەكشەی كرد لە ئابووری.

جوگرافیا
رووبەری گشتی یەكێتی سۆڤێت 22،276،060 كیلۆمەتری دووجای تێپەڕاند، كە وایدەكرد گەورەترین وڵاتی سەر زەوی بێت، تەنانەت ئێستاش رووسیا كە شوێنی گرتۆتەوە هەر گەورەترین وڵاتی گۆی زەوییە، ئەندازەی یەكێتی سۆڤێت ئەوەندەی كیشوەری ئەمریكای باكوور دەبێت، بەشی ئەوروپی وڵاتەكەش چارەكێكی ڕووبەری وڵاتی دەگرتەوە، هەروەها گەورەترین بەشی ئابووری و ئەدەبی وڵات بوو، وڵاتەكە لە پێنج ناوچەی كاتی جیاواز و پێنج جۆر ناوچەی كەشوهەوایی پێكهاتبوو كە بریتیبوون لە: تەندرا، تایگا، دەشتایی، بیابان، شاخەكان، مێژوو.

یەكێتی سۆڤێت لەدوای ساڵی 1922ـوەوە لە چوار كۆماری سۆسیالیستی پێكهاتبوو، بەڵام لە ساڵی 1940 كۆماری ئیستۆنیای سۆسیالیستی سۆڤێتیش هاتە سنووری دەسەڵاتی حوكمەوە و لە ساڵی 1956 كۆمارەكانی گەیشتنە 16 كۆماری سۆسیالیستی، كە دەسەڵاتی هەموویان لەلایەن بەڵشەفییەكانەوە بەڕێوەدەبرا و دواتریش ناویان كرد بە حیزبی شیوعی سۆڤێتی.

لەدوای ساڵی 1945 بۆ 1991 جەنگی ساردی نێوان یەكێتی سۆڤێت و ئەمریكا دەستی پێكرد، هەردوو وڵات بوونە دوو بەرەی گەورەی جیهان و كێبڕكێیان بوو لەسەر پێشكەوتن و داگیركاری زۆرترین وڵات بە هاوكاری ماددی و پاڵپشتی و بڵاوكردنەوەی ئایدۆلۆژیای خۆیان تێیدا.

لینین دوای خوێندنەوەی كتێبەكانی ماركس و ئێنگڵس دەستی كرد بە چالاكی دژی ئیمپڕاتۆریەت و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی شیوعی، لە ساڵی 1917 شۆڕشی بەڵشەفی كرا و لینین بووە سەركردەی شۆڕش، ساڵی 1918 دوو فیشەك بە سەریەوە دەنرێت بەڵام وازناهێنێت و بەردەوام دەبێت لە بەرەوپێشچوون، دواتریش لینین بووە سەركردەی جەنگی ناوخۆ و براوە بوو.

ساڵی 1924 شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا دانی بە یەكێتی سۆڤێتدا نا و لە هەمان ساڵ دەستووری یەكێتی سۆڤێت نوسرایەوە، دوای ئەوە دەست كرا بە بونیادنانی ئابووری و سەربازی و سیاسی، یەكێك لە باشترین ئەو بیرۆكانەی جێبەجێكرا بریتیبوو لە بیرۆكەی گۆیلرۆ، ئەویش گەیاندنی كارەبا بوو بۆ تەواوی ناوچەكانی وڵات و لە ساڵی 1931 بە شێوەیەكی یەكجاری تەواوبوو.

دوای هاتنی ستالین بۆ سەر حوكم لە 3/4/1924 دەستی كرد بە پاكتاوكردنی ئەو كەسانەی گومانی لێیان هەبوو، بۆ ئەوەی ببێتە كەسی یەكەمی وڵات، دواتریش دەستی كرد بە دانانی یاسای تەواوخوازی بۆ وڵات دوای لەناوبردنی هەریەك لە گریگۆری زینۆڤایڤ و لیۆن ترۆتسكی و دوورخستنەوەیان لە حیزب.
لە سەردەمی ستالین پیشەسازی وڵات بە تەواوی گەشەی سەند و گەورەبوو.

دوای ئەوەش بڕیاری دروستكردنی كێڵگەی بەكۆمەڵ دەرچوو كە كۆلاكەكان دژی وەستانەوە، كە بووە هۆی ئەوەی حكومەت بە زەبری هێز لەگەڵیان بجوڵێتەوە دوای ئەوەی بەشەكانی خۆیانیان ڕادەستی حكومەت نەكرد و شاردیانەوە.

جەنگی جیهانی دووەم
دوای ئەوەی ساڵی 1941 ئەڵمانیا هێرشی كردە سەر یەكێتی سۆڤێت، جەنگ لە وڵات بەرپابوو و ناونرا "جەنگی نەتەوەیی گەورە"، دوای ئەوەی سووپای ئەڵمانیا بە تەواوی نزیكی مۆسكۆ بووەوە، بەهۆی سووپای سوور و زستانی ساردی ڕووسیاوە دەیان هەزار سەربازیان مردن و كوژران، ئەوەش بووە یەكەمین شكستی ئەڵمانەكان.

هەروەها جەنگی ستالینگراد كە لە كۆتایی 1942 دەستی پێكرد بۆ 1943، وایكرد ڕێڕەوی جەنگ بە سوودی یەكێتی سۆڤێت بگۆڕێت و لەجێی بەرگری دەست بكات بە هێرشكردن، دوای ئەوەش لە ساڵانی دواتر توانی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بڕوات و ساڵی 1945ـیش بەرلینی داگیركرد.

هەرچەندە بەهۆی جەنگەوە 27 ملیۆن كەسی لەدەستدا، بەڵام لەدوای جەنگ بوو بە یەكێك لە پێنج دەوڵەتە بەهێزەكەی جیهان كە لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش توانای بڕیاردانی تاكی هەبێت و مافی ڤیتۆی لەدەست بێت.

ئاین
حكومەتی سۆڤێتی بە زەبری هێز و لەڕێگای پڕۆگرامی خوێندنەوە دژی ئایین وەستایەوە، دەستی كرد بە داخستنی تەواوی پەرستاگاكان تەنانەت لە كۆمارە فرەمەسیحی و جولەكە و موسوڵمانەكانیشدا، لە پڕۆگرامی خوێندن و كۆمەڵگەشدا بیرۆكەی ئیلحاد تەشەنەی سەند و بە شێوەیەكی بەرچاو بڵاوبوویەوە.

هونەر لەسۆڤەیەدا
لە ڕووی هونەری وێنەكێشانەوە زیاتر جەخت دەكرایەوە لەسەر بنەماكانی وڵات و حیزبی شیوعی و مۆركی ئەوانی پێوە دیاربوو، هەروەها لە سەردەمی جەنگیش پۆستەرە بڵاوكراوەكان هانی خەڵكی دەدا بۆ بەشداری لە جەنگ.

وێنەكێشە بەناوبانگەكان
ئەلێكساندەر دێینێكا
ئەلێكساندەر گێراسیمۆڤ
ئەلێكساندەر نیكۆلاڤیچ سامۆخڤالۆڤ
ئێڵ لیزیتسكی
گۆستاڤ كڵوتسیس
كازیمیر مالیڤیچ
كۆستەنتەنین یۆن
لیۆنید ستیڵ
مارك شەگاڵ
ڤلادیمێر تاتلین

بەڵام گۆرانی وتن و شیعر پەرەی سەند و بڵاوبوویەوە، لە جەنگی جیهانی دووەمدا گۆرانی میلـلی و نەتەوەیی بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد و هانی گەنجانی دەدا بۆ شەڕكردن.

سەرۆكەكانی سۆڤێت

ڤلادیمێر لینین 1917 بۆ 1922
جۆزێف ستالین 1922 بۆ 1953
جۆرجی مالینكۆڤ 1953 بۆ 1955
نیكیتا خرۆتشۆڤ 1955 بۆ 1964
لیۆنید برێجنێڤ 1964 بۆ 1982
یوری ئەندرۆبۆڤ 1982 بۆ 1984
قوستەنتەنین چێرنینكۆ 1984 بۆ 1985
میخائیل گۆرباتشۆڤ 1985 بۆ 1991

كۆمارەكانی یەكێتی سۆڤێت
كۆماری ئەرمینیای سۆڤێتی سۆسیالیستی
كۆماری ئازەربایجانی سۆڤێتی سۆسیالیستی
كۆماری ئیستۆنیای سۆڤێتی سۆسیالیستی
كۆماری ئۆزپاكستانی سۆڤێتی سۆسیالیستی
كۆماری ئۆكرانیای سۆڤێتی سۆسیالیستی
كۆماری بیلاڕووسیای سۆڤێتی سۆسیالیستی
كۆماری توركمانستانی سۆڤێتی سۆسیالیستی
كۆماری جۆرجیای سۆڤێتی سۆسیالیستی
كۆماری ڕووسیای سۆڤێتی سۆسیالیستی
كۆماری تاجیكستانی سۆڤێتی سۆسیالیستی
كۆماری كازاخستانی سۆڤێتی سۆسیالیستی
كۆماری قیرقزستانی سۆڤێتی سۆسیالیستی
كۆماری لاتیڤیای سۆڤێتی سۆسیالیستی
كۆماری لیتوانیای سۆڤێتی سۆسیالیستی
كۆماری مۆڵدۆڤای سۆڤێتی سۆسیالیستی

كۆتایی سۆڤێت

لە 21/12/1991 لە یازدە كۆماری دەوڵەتەكە لە شاری ئالماتی كازاخستان كۆبوونەوە و جیابوونەوەیان لە یەكێتی سۆڤێت راگەیاند.

دوای ئەوەش لیژنەی سۆڤێتی باڵای یەكێتی سۆڤێت راگەیاندنی ژمارە (H-142)ـی بڵاوكردەوە و دانی بە سەربەخۆیی كۆمارە جیابووەكاندا نا، رابیتەی دەوڵەتە سەربەخۆكانی پێكهێنا بۆ جێگرتنەوەی یەكێتی سۆڤێت.

رۆژێك پێش بڵاوكردنەوەی راگەیاندراوەكە سەرۆك میخائیل گۆرباتشۆڤ دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە دەسەڵات راگەیاند، هەروەها وتی نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی كۆمارەكانی سۆڤێتی سۆسیالیستی داخراوە و پوچەڵ كراوەتەوە.

ساڵی 2006ـیش لە چاوپێكەوتنێكدا كۆتا سەرۆكی دەوڵەتەكە وتی یەكێك لە گەورەترین هۆكارەكانی رووخانی سۆڤێت تەقینەوەی چێڕنۆبڵ بوو.

هەروەها گەیاندنی تەواوی دەسەڵاتەكان و تەنانەت دەسەڵاتی بۆمبی ئەتۆمیش دەداتە سەرۆكی نوێ بۆریس یەڵتسن.

دوای وتارەكەی گۆرباتشۆڤ كۆشكی كریملن جێدەهێڵێت، دواتر لە ئێوارەدا كاتژمێر 7:32 لە مۆسكۆ، ئاڵای سووری سۆڤێت هێنرایە خوارەوە و ئاڵای سێ ڕەنگی رووسیا بەرزكرایەوە.

دوای رووخانی دەوڵەتەكە وڵاتە سەربەخۆیە نوێیەكان پەیوەندی خۆیان لەگەڵ ڕووسیادا بە باشی هێشتەوە، دواتریش چەندین ڕێكخراو دروستكران وەك یەكێتی دەوڵەتانی سەربەخۆ بۆ پەیوەندی بازرگانی و سەربازی گرنگ لە نێوان دەوڵەتە نوێیەكان.

هەندێكیشیان لەگەڵ ناتۆ یەكیان گرت بۆ ئەوەی سەربەخۆیی سەربازی و ئابووری بەدەستبهێنن و دووربكەونەوە لە ژێر دەستی رووسیا میخائیل گۆرباچۆڤ سەرۆكی پێشووی یەكێتیی سۆڤێت دەڵێت دەكرا ڕێگە لە هەرەسهێنانی یەكێتیی سۆڤێت  بگرین لە ڕێگای گۆڕینی بۆ كۆنفیدراڵیزمی نێوان چەند دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری.

وەكوو ئاژانسی (سپووتنیك)ی ڕووسی لە ڕۆژی 25ی 12ی 2021 ئاماژەی پێكردووە، گۆرباچۆڤ وتوویەتی تەنانەت تاوەكو پاش كودەتاكەی 1991یش دەكرا كار لەسەر ئەم ئەگەرە بكرێت، وەكوو ئەو دەڵێت "لە سەرەتادا قەبارە و قووڵیی گرفتەكانمان كەمكردەوە لەنێوان نەتەوەكانی ناو یەكێتییەكە، هەروەها لەنیوان دەسەڵاتی ناوەند و كۆمارەكانی ناو یەكێتییەكە، بەڵام زوو نەگەیشتینە ئەو دەرەنجامەی كە یەكێتییەكە پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە".

گۆرباچۆڤ دەڵێت دەكرا كۆنفیدراڵیزمێك دروستبكرایە لەنێوان كۆمەڵێك كۆماری خاوەن سەروەری كە بەشێك لە دەسەڵاتەكانی خۆیان بدایەتە حكومەتی ناوەند، جەختیشی كردووەتەوە كە ئەوكاتە زۆربەی كۆمارەكانی ناو یەكێتیی سۆڤێت ئامادە بوون ئەو كارە بكەن.

پێشووتریش گۆرباچۆڤ وتبووی كە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕاستەوخۆ تێوەگلابوون لە هەرەسپێهێنانی یەكێتیی سۆڤێت.

دەبێ بڵێێن لە 25ی 12ی 1991 میخائیل گۆرباچۆڤ كۆتاییهاتنی چالاكیی خۆی وەكوو سەرۆكی یەكێتیی كۆمارەكانی سۆڤێتی سۆسیالیست ڕاگەیاند و مەرسوومێكی واژوو كرد بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتی كۆنترۆڵكردنی چەكی ستراتیجیی ئەتۆمیی رووسیا بۆ سەرۆكی ئەوكاتی رووسیا بۆریس یەڵتسن.
بەر لە واژووكردنی ئەو مەرسوومە، لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە كۆمەڵێك ڕووداو لەسەر خاكی یەكێتیی سۆڤێت ڕوویاندا كە گۆڕانیان دروستكرد لە لایەنی ئابووری و سیاسیی ناو یەكێتییەكەدا و ئەوەش ناكۆكییەكانی نێوان دەوڵەتی ناوەند و دەوڵەتەكانی دیكەی ناو یەكێتییەكەی قووڵكردەوە.

سەرچاوەكان
لێۆن ترۆتسكی ،مێژووی شۆڕشی ڕوسیا،وەڕگێڕانی عەزیزئالانی،كتێب محمدڕزگار ،یەكێتی سۆڤێت،زانیاری گەورەترین ئینسكلۆپیدیای كوردی.
هۆكارەكانی هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤێت رێكەوتننامەی بیڵۆژیسكی یان ناكۆكییە ناوخۆییەكان؟،كوردستانی نوێ، 29/05/2019
سەردار عەزیز، كۆتایی هاتنی یەكێتی سۆڤێت و خوێندەوەی لە چەند گۆشەنیگایەكەوە.

س: پی یو کەی میدیا