X

پاركە بێنازەكەی سلێمانی پێویستی بە خزمەت و نۆژەنكردنەوەیە

سۆشیال میدیا

پێش 3 هەفتە     448 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

پارکی ئازادی، پارکە بێنازەکەی شار…
ماوەیەکە، بۆ وەرزشکردن بەیانیان لە پارکی ئازادیم. وەرزشکردن و تێکەڵبوون بە سرووشت و هەڵمژینی هەوای پاک لە بەیانیاندا چێژێکی نەبڕاوەی هەیە جگە لەوەی پێویستیی جەستەیە، بەدرێژایی ڕۆژەکەش پڕ وزە و خاوەن دەروونێکی ئارام دەبیت.

پارکی ئازادی، پارکێکی بێ ئەندازە جوان و دڵگیرە و  لە سەنتەری شاردایە. بەشێکی زۆری ئەو گەشتیارانەی لە شارەکانی تری هەرێم و ناوەراست و باشووری عێراق و وڵاتانی دراوسێوە دێنە سلێمانی، سەردانی ئەم پارکە دەکەن. بۆیە بوونی پارکێکی وا جێگای دڵخۆشییە، پێویستە زیاتر گرنگی پێبدرێت و ناکرێت بەمشێوەیە پشتگوێبخرێت:

- لە بەشێکی شەقامەکانیدا قوڕاو و لیتە هەیە، ئەمەش بە هۆکاری ئەوەیە ئەو گڵەی کە لەناو باخەکاندایە زیاترە یان بەرزترە لە ئاستی ڕەسیفەکە، کاتێک کە باخچەکان ئاودەدرێن یان باران دەبارێت ئەو گڵە دەبێتە قوڕاو و دێتە سەر شەقامەکە. چارەسەری ئەمەش کارێکی ئاسانە، بڕێک لەو گڵە کەم بکەنەوە بۆ ئاستی خوار رەسیفەکە.

- بەشێک لە کورسییەکان و شوێنی دانیشتن شکاون، پێویستیان بە چاککردنەوەیە. 

- لەناو پارکەکەدا چەند ئامێرێکی تایبەت بە وەرزشکردن دانراوە، بەهۆی ئەوەی ساڵانێکی زۆرە ئەم ئامێرانە بەکاردێن، لەکارکەوتوون و بەهەمان شێوە پێویستیان بە گۆڕین یاخود نۆژەنکردنەوە.

- ژمارەیەکی زۆر لە پەیکەری کەسایەتییەکان لەناو ئەم پارکەدا دانراون، من هیچ لە کاری هونەری نازانم و ئەوە کاری کەسانی تایبەتمەندە قسە لەسەر لایەنی هونەریی کارەکان بکەن، بەڵام دانانی پەیکەرەکان زۆر ناڕێکە و هەریەکەیان بە شێوازێکە، هەیانە لەسەر قاڵبێکی کۆنکرێتە، هەیانە لەسەر سەکۆیەکە و کاشی کراو و کاشییەکانی لێبۆتەوە…هتد، جگە لەوەی ڕەنگەکانیان تێکچووە و کاڵبوونەوە.. کەئەمەش سیمای پارکەکەی تێکداوە، بۆیە واباشە  دانانی ئەو کارانە لەو شوێنە گشتییەدا بە پرس و ڕا بە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و تایبەتمەند بە بوارەکە بێت، یاخود بە ڕاوێژ لەگەڵ ناوەندە هونەرییەکان بێت.

_ دوو گۆمی دەستکرد لەناو ئەم پارکەدایە، بەهۆی وشکەساڵییەوە بڕێکی کەم ئاویان تێدایە، بەڵام حەوزی ئاوەکە زۆر پیسە و بۆنی کردووە، ناو بەناو پاکردنەوەی ئەم دوو گۆمەش کارێکی هێندە سەخت نییە، ئاوەکە ڕوون دەبێتەوە و ئەو بۆنە ناخۆشەش نامێنێت.

بەهیوام شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەرێتی باخچەکان، گرنگی و ئەهمییەتی ئەم پارکە بزانن و هەڵمەتێک بۆ نۆژەنکردنەوە و ڕێکخستنەوەی پارکی ئازادی دەستپێبکەن، چونکە  ئەم پارکە سیمای شارەکەیە و ناکرێ ئاوا  پشتگوێ بخرێت!
عەتا مەحمود
پارکی ئازادی
٣٠-١٢-٢٠٢١