X

ڕۆڵی تورکیا لە هەڵبژاردنەوەی محەمەد حەلبوسی

ڕاپۆرت

6 رۆژ پێش ئێستا     540 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت

حەلبوسی لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە کۆمەڵێك سەردانی بۆ ئوردون، میسر، ئیمارات و تورکیا ئەنجامدا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە دیداری ئەنجامداوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق مسۆگەر بکات.

هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان

ڕۆژی یەکشەممە لە دانیشتنێکی جێمشتومڕدا (محەمەد حەلبوسی) جارێکی تر وەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرایەوە. ئەم دانیشتنەی پەرلەمان کە یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بوو بە سەرۆکایەتی (مەحموود مەشهەدانی) دەستیپێکرد، بەڵام بە هەوڵی ئەو بۆ دواخستنی دانیشتنەکە بە پاساوی گوومانی یاسایی لەلایەن یەکێکی لە پەرلەمانتارانەوە دانیشتنەکە ئاڵۆزی تێکەوت و مەشهەدانی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.

دوای ئەوە دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتی (خالید دەراجی) دەستیپێکردەوە، هەرچەندە پەرلەمانتارانی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی هێزە سیاسییە شیعەکان و ژمارەیەک لە هێزە سیاسییە سوننەکان و کورد و پێکهاتەی (اشراقە کانون) ئامادە نەبوون بەشداری دانیشتنەکە بکەن و ئەنجامدانی ئەو دانیشتنەیان بە سەرۆکایەتی کەسێکی بێجگە لە مەشهەدانی بە نایاسایی دانا، بەڵام دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی 228 پارلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار، بوو بە ڕەسمی.

حەلبوسی و خەنجەر

 حەلبووسی لە دایکبووی 1981 گەنجترین سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و یەکەم سەرۆک پەرلەمانە کە بۆ جاری دووەم هەڵدەبژێردرێتەوە. حەلبوسی کە تا بەر لە ساڵی 2013 زۆر نەناسرابوو، لە چەند ساڵێکی کەمدا هاتە ناو شانۆی سیاسی عێراقەوە و زۆر بە خێرایی توانی خۆی بگەیەنێتە یەکەم پلەی سیاسی ناو سوننەکانی عێراق و توانی کەسایەتییە دیارەکانی وەک ئوسامە نوجەیفی و خالید عوبەیدی لە مەیدانەکە بکاتە دەرەوە.

دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 حەلبوسی یەكێک لە سەرانی هاوپەیمانی (بناء) بوو، کە لەگەڵ هاوپەیامنی فەتح (باڵی چەکداری حەشدی شەعبی) یەکیگرت و بە دەنگی ئەوان بوو بە سەرۆکی پەرلەمان. لەو کاتەدا کاندیدی پێشنیارکراو لەلایەن (خەمیس خەنجەر) سیاسەتمەدار و بازرگانی ناسراوی سوننەکان بوو.

حەلبوسی دوای ماوەیەکی کەم لە بوونە سەرۆکی پەرلەمان سەردانی ئەمەریکای کرد و توانی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ دەوڵەتی ئەمەریکا دروستبکات. هەروەها لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتی پەرلەماندا، کۆمەڵێک سەردانی بۆ وڵاتانی عەرەبی ئەنجامدا، بە تایبەتی ئوردون، هەروەها پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە و ئیمارات بوونیادنا. بەڵام زۆر بە خێرایی لە هاوپیەمانەکەی واتا خەمیس خەنجەر دوورکەوتەوە، بە شێوەیەک کە دوای دوو ساڵ پەیوەندییەکانی بەشێوەیەک خراپ بوو، کە کۆمەڵێک پەیامی دووژمنکارانە لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ کرا و لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوکرانەوە و لە پلەی ڕسواییەکی سیاسیدا بوو.

کۆتاییەکانی 2020، خەنجەر و ژمارەیەک لە بەرپرسە سیاسییەکانی سوننە، هاوپەیمانییەکی سیاسی نوێیان پێکهێنا، کە لە کرداردا تەنیا کاریان هەوڵدان بوو بۆ لابردنی حەلبوسی لە سەرۆکی پەرلەمان. ئەوان واژۆشیان کۆکردەوە بۆ لابردنی، بەڵام سەرجەمی ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون.

سەردانی تورکیا

ئەم کێشمەکێشانە لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا ڕەنگیان دایەوە و چەند ڕۆژێک بەر لە هەڵبژاردن، حەلبوسی و خەنجەر بە جیاوازی چەند کاتژمێرێک سەردانی تورکیایان کرد و کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێریان لەگەڵ ڕەجەن تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەنجامدا.  هەروەها ئەوان لەگەڵ هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای میت بۆ ماوەی 4 کاتژمێر کۆبوونەوە. ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە ئەوە بوو کە هەر گرووپێک زۆرترین ژمارەی کوورسی بەدەستهێنا سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەوی تریان جێگری سەرۆکایەتی کۆمار وەربگرێت.

حەلبوسی لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە کۆمەڵێك سەردانی بۆ ئوردون، میسر، ئیمارات و تورکیا ئەنجامدا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە دیداری ئەنجامداوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق مسۆگەر بکات.

لە ڕۆژانی سەرەتای دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامەکان ئاماژەیان بە بەدەستهێنانی 37 کورسی لەلایەن حەلبوسی و 17 کورسی لەلایەن هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر دەکرد، دووبارە خەنجەر کۆمەڵێک هەوڵیدا بۆ گەیشتە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

لەو چوارچێوەیەدا ناوبراو بە ڕاکێشانی کەسانی سەربەخۆ هاوپەیمانییەکی پێکهاتوو کە 34 کورسی پێکهێنا و جەختی کردەوە لەسەر مافی خۆی بۆ ناساندنی سەرۆکی پەرلەمان. هەروەها سەرانی هاوپەیمانی عەزم کۆمەڵێک هەوڵیان خستەگەڕ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمەڵێک گرووپی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی هێزە سیاسییە شیعەکان و لەو چوارچێوەیەدا فالح فەیاز سەرۆکی حەشدی شەعبی لە کۆبوونەوەی تایبەتدا سەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی هێزە سیاسییە شیعەکانی دڵنیاکردبووەوە کە خەنجەر لە هەوڵی هاوپیەمانییە لەگەڵیاندا بۆ حکومەتی داهاتوو و ئەستەمە لەگەڵ حەلبوسی یەکبگرێت.

بەڵام چەند ڕۆژێک دوای هەڵبژاردنەکان، لەناکاو فەزای سیاسی عێراق بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەشی هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەنجەر و تەقەدوم بە سەرۆکایەتی حەلبووسی ڕووبەڕووبووەوە.
دوای گوومانەکان لەبارەی ئەوەی چۆن بوو کە ئەم دوو پێکهاتە سەرەکییەی سوننەی عێراق بەوشێوەیە بێ پێشەکی و لەناکاو ڕێککەوتن، سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند، کە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی کۆماری تورکیا و مەلیک عەبدوڵای دووەم شای ئوردون، لە گفتوگۆیەکدا ڕێککەوتوون کە ناکۆکییەکانی نێوان حەلبوسی و خەنجەر چارەسەر بکەن و ئەوان ناچار بکەن هاوپەیمانێتییەکی یەکگرتووی سوننە پێکبێنن.

ڕۆڵی مەسعود بارزانی

لەم نێوانەدا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە پەیوەندییە نزیکەکەی لەگەڵ تورکیا لە کەس شاراوە نییە و یەکێک لە بەڵگەکانی ئەوەش بێدەنگییەکی بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەویش ڕۆڵی هەبووە لە نزیککردنەوەی سوننەکان لە یەکتری.

ڕۆژێک بەر لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، حەلبوسی و خەنجەر لەگەڵ لیژەیەک لە سوننەکان سەردانی مەسعود بارزانیان کرد لە هەولێر و پرۆسەی سیاسی عێراق و ڕێکخستنی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانیان تاوتوێ کرد.
لەم چوارچێوەیەدا وتەکانی مەشعان جبوری یەکێک لە سەرکردەکانی سوننە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی سەرنجڕاکێشدا ڕایگەیاند، مەسعود بارزانی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بانگهێشتی کردووە بۆ هەولێر و داوای لێکردووە بۆ یەکگرتوونی هێزە سیاسییە سوننەکان هاوکاری بکات.

بە وتەی جبوری "ئێمە (سوننەکان) پەندمان لە ڕابردوو وەرگرتووە کە دەبێت یەکگرتوو بین و لەگەڵ کێ هاوپەیمان بین، جاری پێشوو لەگەڵ کەسانێک یەکمانگرت و زیانیان پێگەیاندین، ئێستا هاوپەیمانەکەمان دەگۆڕین".

مەشعان جبوری لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی (الرشید) لە 29/12/2021 ڕاشکاوانە زیاتر لە بارەی ڕۆڵی تورکیا لە نزیککردنەوەی هێزە سیاسییە سوننەکان پەردەی هەڵماڵی.

جبوری وتی، یەکەم ڕێککەوتنی نێوان محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر لە تورکیا و بە ئامادەبوونی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ئەنجامدرا و ئەم ڕێککەوتنە بە پشتیوانی تورکیا و ئیمارات بوو، کە بە جیدی گرنگی دەدەن بە هەڵوێستی سوننەکان بە مەبەستی هاتنەدی ئامانجەکانیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بە هۆی شەڕەوە زیانیان پێگەیشتووە.

س: https://mdeast.news/2022/01/12/%D9%86%D9%82%D8%B4-%D9%BE%D8%B4%D8%AA-%D9%BE%D8%B1%D8%AF%D9%87-%D8%AA%D8%B1%DA%A9%DB%8C%D9%87-%D8%AF%D8%B1-%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8-%D8%AF%D9%88%D8%A8%D8%A7%D8%B1%D9%87-%D9%85%D8%AD/#