X

ئۆمیکرۆن گەیشتە کوردستان، ئایا دەبێت لێی بترسین؟

سۆشیال میدیا

5 رۆژ پێش ئێستا     407 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت
دوای سەرھەڵدانی کۆرۆنای گۆراوی ئۆمیکرۆن لە ئەفریقای باشوور ، لە ماوەیەکی کەمدا گەیشتە زۆربەی وولاتانی جیھان ، ھەربۆیە گەیشنی ئۆمیکرۆن بۆ کوردستان شتێکی تەواو چاوەڕوانکراو بوو . لەو کورتە پۆستە ھەوڵ دەدەم چەند راستیەک دەربارەی ئۆمیکرۆن بخەمەڕوو:


 1-ئۆمیکرۆن زۆر خێراتر لە جۆری دەلتا بڵاودەبێتەوە . ئەگەر سەیری بەشێک لە ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بکەین لە چەند ھەفتەیەکی کەمدا ژمارەی تووشبووان زۆر زیادیکردووە . بۆ نموونە لە ئەمریکا رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس تووشی ئۆمیکرۆن دەبن ، لە ھەندێک ووڵاتانی ئەوروپا رۆژانە زیاتر لە چارەگە ملیۆنێک کەس تووشی ڤایرسەکە دەبن .

2-لێکۆلینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن، کە ئۆمیکرۆن وەک دەلتا کوشندە نییە. تووشبووان بە رێژەیکی زۆر کەمتر تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن. ھەرچەندە ژمارەی تووشبووان زۆرە، بەڵام رێژەیەکی کەم پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت . دەبێت ئەوەش بگوترێت لە ئەگەری تووشبوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆری خەڵک لە ماوەیەکی کورتدا بۆی ھەیە ئەو رێژە کەمەی تووشبووان، کە پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت زیاتر بكات و کاریگەری خراپی لەسەر سیستەمی تەندرووستی ھەبێت، ھەر لەبەر ئەو ھۆکارەیە ھەندێک ووڵاتانی جیھان کۆمەلێک رێکاری نوێیان گرتۆتە بەر بۆ کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوون.

3-نیشانە باوەکانی تووشبوانی ئۆمیکرۆن بریتییە لە ئاو لە لووت ھاتن ، پژمین ، سەرئێشە ، ئازارو سووتانەوەی قوڕگ ، ھەستکردن بە ماندوبوون . بە واتایەکی تر نیشانەکانی زۆر لە ھەلامەت دەچێت.

 4- دەرکەوتووە ڤاکسینەکان کاریگەریان بەرامبەر بە ئۆمیکرۆن ھەندێک کەمترە بە بەراورد لەگەل جۆرەکانی پێشووی کۆرۆنا ، ھەربۆیە ئەگەری تووشبوون بە ئۆمیکرۆن زیاترە ، تەنانەت لەو کەسانەی کە ھەردوو ژەمی ڤاکسینیشیان وەرگرتووە ، بە تایبەت دوای تێپەربوونی چەند مانگێک بەسەر ژەمی دووەمی ڤاکسین .  لەبەر ئەو ھۆیە زۆر لە وولاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کەوتنە پەلە بۆ پێدانی بڕە ژەمی سێیەمی ڤاکسین .

5-زۆربەی ھەرە زۆری ئەو کەسانەی تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت لە نێوان ئەو کەسانەیە، کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، یاخوود ماوەیەکی زۆر بەسەر وەرگرتنی ڤاکسینیان تێپەریوە. لە راستیدا دوای ژەمی سێیەمی ڤاکسین رێژەی پێویستی بوون بە نەخۆشخانە بە ھۆی ئۆمیکرۆن بە رێژەی ٩٠٪‏ کەمدەبێتەوە.  دەبێت ئەوەش بگوترێت مردن بە ھۆی ئۆمیکرۆن تەنانەت لەنێوان ئەو کەسانەی، کە ڤاکسینیشان وەرگرتووە ھەرچەندە کەمە ، بەڵام بوونی ھەیە .

6-مردن بە ھۆی کۆرۆنا لە نێوان ئەو کەسانەی دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە زیاتر لە نێوان کەسانی بە تەمەندایە یان ھەڵگری ھەندێک نەخۆشی دەێژخایەنن ، ھەر بۆیە دەبێت پەلە بکرێت بۆ پێدانی برە ژەمی سێیەمی ڤاکسین بە تایبەت بۆ کەسانی بە تەمەن.

7-لەزۆربەی حالەتەکان تووشبوون بە ئۆمیکرۆن لە نێوان ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە بە سووکی دەبێت . دەبێت ئەوەش بگووترێت تەنانەت ئەو کەسانەی سێ ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە بۆی ھەیە تووشی ئۆمیکرۆن ببن ، بەڵام یان ھیچ نیشانەیەکیان لێدەرناکەوێت ، یاخود زۆر بە سووکی بۆ چەند رۆژێکی کەم پەتاکە تێدەپەڕێنن.

 8-لە یەکێک لە نەخۆشخانە گەورەکانی بەریتانیا ، کە خۆم کاری تیادا دەکەم و رەنگ بێت وەک رەنگدانەوەیەک بێت بۆ دۆخی زۆربەی نەخۆشخانەکانی ئەوروپا ، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەو نەخۆشانەی، کە بە ھۆکاری تر جگە لە کۆرۆنا پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەیە، لە کاتی پشکنیندا دەردەکەوێت، کە ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنانەو ھیچ نیشانەیەکیان نیە، بە واتایەکی تر بە رێکەوت دەردەکەوێت تووشی ئۆمیکرۆن بوونە. !.

9-دوای زیاتر لە سالێک لە بەکارھێنانی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا تاکوو ئێستا ھەموو لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، کە ڤاکسینەکان زۆر کاریگەرن لە کەمکردنەوەی رێژەی مردن، تەنانەت بەرامبەر جۆری ئۆمیکرۆنیش . دوای زیاتر لە ساڵێک و بەکارھێنانی نزیكەی ٩ بلیۆن بڕە ژەمی ڤاکسین لە سەرانسەری جیھان دەرکەوت، کە ڤاکسینەکان بە شێوەیەکی گشتی سەلامەتن .

10-ھیوادارم ئەو کەسانەی تا ھەنووکە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە نزیکترین دەرفەت ھەوڵبدەن ڤاکسین وەرگرن . ئەو کەسانەی بە تەمەنن و لەسەرووی شەست ساڵین وا باشە ژەمی سێیەمی ڤاکسین وەرگرن، بە تایبەتی ئەگەر شەش مانگ بەسەر ژەمی دووەمی ڤاکسینەكە تێپەڕیبێت . بە ھەمان شێوە ھەموو ئەو کارمەندانەی کەرتی تەندرووستی،  کە رۆژانە بەرکەوتنیان لەگەل کۆرۆنا ھەیە یان ئەو کەسانەی ھەندێک نەخۆشیان ھەیە دەبێت ژەمی سێیەم وەرگرن.

1-دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
لەندەن

2-دکتۆر کامەران قەرەداخی
پزیشکی ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی سنگ و بۆڕی ھەوا
سلێمانی