باران حەمە
بەهای باڵای هەموو سەركردەیەك كردنەوەی گرێكوێرەكانو بەدیهێنانی مەحاڵە، مەحاڵی هەڵوەشاندنەوەی پیلانگێڕیو دۆزینەوەی جوگرافیای تازە بۆ كردنەوەی كۆدەكان، رابەر بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لە مێژوو، لە زاكیرەی نەتەوەیی، لە هەڵسانەوەو بەخشینەوەی ئومێد پێویستە نەسرەوێت، دەمێكیشە فەرهەنگی دەوڵەمەندی یەكێتی "نەسرەوتن تا سەركەوتن"مان فێردەكات، خۆ هەڵكشانو باڵابوونی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی وەك فیگەرێكی سیاسیی هەر لەو ئەدەبیاتی شۆڕشو لەمنداڵدانی یەكێتییەوە سەرچاوەی گرتووە، كە سرەوتنو بێدەنگیو رادەستبوون نازانێت.
بەدبەختی ركابەرەكانی یەكێتی لەوەدایە كە هەمیشە بە خوێندنەوەی فنجانی قاوەو فاڵگرتنەوەی گریمانەیی لە وێستگەی جیاجیادا نوقڵانەی شكستو پوكانەوەی یەكێتی لێدەدەن، بەردەوام گرەو لەسەر گلانو كەوتنو داڕمان دەكەن، كەچی هەمیشەش بەپێچەوانەی ویستی ئەوانەوە لەناو رێگا پڕ بەخششەكەی مام جەلال پشكۆیەكی نوێی بە جوڵە دەپشكوێو جادووی ئەوان بەتاڵدەكاتەوە، خۆ بینیتان ئەو كارەكتەرەی ناوی (بافڵ تاڵەبانی)یە، چۆن لەسەرەتاوە بە زمانێكی نەرم ووتی "برایانی پارتی زوویر نەبن، یەكێتی دەیباتەوە"، كەس لە یادی نەچۆتەوە لەبەردەم مایكەكاندا بەیانیكرد كە "دەبێت لەمەودوا هێزەكانی تر بەدوای یەكێتیەوە بن"، هەرگیز ئەوە لە خەیاڵی هیچمان ناڕوات كە دوپاتیكردەوە "مل بۆ فشارو زۆرەملێی كەس نادەینو لەپێناو كوردو یەكێتی هەموو رێگاكانی خەبات تاقیدەكەینەوە"، ئاخر خۆ دەمێكە مەسجەكانی بافڵ تاڵەبانی بەو هێزانە گەیشتووە كە پێیانوابوو لە ناو دۆخێكی ئاڵۆزكێنراوی زۆنی سەوزدا یەكێتی دەورەدراو بەو هەموو پیلانو سەنگەربەندییە شكست دێنێ، كەچی نەك هەر شكستی نەهێنا، بەڵكو لەرێگەی تەوزیفكردنی گوتارو مەسجەكانی خۆیەوە ركابەرەكانی بێ هیواكرد، ترۆپكی ئەو بێهیواییە لە نووسینەوەی دووەم شكستی خەیاڵپڵاوەكان بوو، كە لەو باوەڕەدابوون، كە لە بەغدادیش دەتوانن گەلەكۆمەكێ لە یەكێتی بكەنو بۆشیان بچێتەسەر.
جوڵە سیاسییو دبلۆماسییەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغدادو بەكارهێنانەوەی هەمان تەكنیكو میتۆدی مام جەلال لە كۆكردنەوەو یەكخستنی توانای هێزە دۆستەكان، هەروەك دروستكردنەوەو بیناكردنەوەی ئەو پردی متمانەی كە سەركێشەكانی ریفراندۆمو ئابووری سەربەخۆ دروستیان كردبوو، نیشانیدا كە هێشتاش بۆ هێزە باڵادەستەكانی عیراق نەك نوزە، بەڵكو هاوارێكی راستگۆیانەش هەیە، كە دەتوانێ بێ چەندو چوون ئەو چەوتیانە راست بكاتەوە، كە جەماعەتی پەنجە راوەشاندنو هەڕەشەو گوڕەشەو جیرانە باشەكە دەمێك بوو تێكیان دابوو، خۆ ئەمجارەش هەر جەماعەت بە عەیارە بیستو چوارەكەی خۆیانەوە لەرێگەی گەلەكۆمەكیەكی نا عیراقییەوە سێرەیان لە یەكێتی گرتبوو بەدەست بەتاڵی بگەڕێتەوە، لەكاتێكدا دەزانن ئەوەی یەكێتی لە عێراقو پۆستو بەرپرسیاریەتییەكان مەبەستیەتی تەنها فەزڵو چاكەی گشتیە بۆ كوردو دەمێكیشە ئەوە سەلماوە كە چۆن مام جەلال سەمامی ئەمانی پرۆسەی سیاسیو كۆی عیراق بووە، بەو جۆرەش یەكێتی دەستی بە ئەخلاقیاتی پاراستنی ئەمانەوە گرتووەو وا (بافڵ تاڵەبانیش) درێژە بە كاروانەكە دەدات.