X

هەولێر گومرگ لە سەر خورما هەڵدەگرێت

ڕاپۆرت

30/03/2022     212 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت
ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزاندا، خواست لەسەر خورما کە بە درێژایی ئەو مانگە لەسەر سفرەی بەربانگ دەبیندرێت و موسڵمانان رۆژووەکەیانی پێ دەشکێنن زیاد دەبێت.


ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو، بەھۆی داواکاری کاسبکارانی عەلوەی ھەولێر بۆ پارێزگای هەولێر بەمەبەستی نەدانی باج و گومرک بۆ هاوردەکردنی خورما لە ئێران و رەزامەندیدان بە داواکارییەکەیان، بڕێکی زۆرتر خورما هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و نرخەکەشی بەراورد بە ساڵانی پێشووتر دادەبەزێت.

سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، رەجەب عەزیز رایگەیاند: "لە مانگی رەمەزاندا، خواست لەسەر خورما زۆر دەبێت، حکوومەتی ناوەند بەشێوەیەکی هەمیشەیی هەناردەکردنی خورمای بۆ هەرێم قەدەغە کردووە، هەندێک لە ئێرانەوە بە رێگای نایاسایی دەهاتە هەرێم و خەرجییەکی زۆری هەبوو کە نزیکەی چوار هەزار دیناری بۆ هەر کارتۆنێک دەخرایەسەر و ئەمەش بارگرانی بوو بەسەر خەڵکی هەژارەوە، بۆیە بەشێوەیەکی کاتی چارەسەری ئەوەمان دۆزیووەتەوە".

لەبارەی چارەسەرە کاتییەکە وتیشی: "لەماوەی رابردوودا، داواکارییەکمان پێشکەشی پارێزگاری هەولێر کرد بۆ هاوردەکردنی خورما کە باج و رسومات لە کاسبکاران وەرنەگیرێت، ئەویش بەپیر داواکارییەکەی ئێمەوەهات و لە ئەمڕۆوە تا ١٥ رەمەزان رێگا دەدرێت خورما لە ئێرانەوە هاوردەی هەولێر بکرێت بەبێ باج و گومرک".

رەجەب عەزیز دەڵێت: "دوای ئەم بڕیارە بێگومان نرخ دادەبەزێت و کارتۆنی نزیکەی سێ بۆ چوار هەزار دینار نرخەکەی کەمتر دەبێت، جگە لەوەش ساڵانی پێشوو لە مانگی رەمەزاندا، نزیکەی ٥٠٠ تۆن خورما لە هەولێر دەفرۆشرا چونکە خەڵک خواستی زۆری لەسەرە و ئەگەر خواستی زیاتری لەسەر بێت ئەوا دەتوانرێت بڕی زیاتر هاوردە بکرێت".

لەبارەی جۆرەکانی خورما و خواستی هاووڵاتییان، رەجەب عەزیز دەڵێت "جۆری رووتاب خواستی زۆری لەسەرە، خورمای رەشی عێراقی هەیە کە ئەویشی خواستی زۆری لەسەرە و خەڵک بۆ دروستکردنی خورما و روون دەیکڕن، هەروەها جۆری سعوودی هەیە، بەڵام بەهۆی گرانی نرخەکەیەوە کە کیلۆی لە ١٣ بۆ ١٤ هەزار دینارە، خەڵکی هەژار کەمتر دەتوانی بیکڕێت".

ئازاد سلێمان کە کۆگایەکی گەورەی پڕ لە خورمای هەیە و دابەشی سەر فرۆشیارەکانی دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە پێش مانگی رەمەزان نزیکەی ٥٠ تۆن خورما دەفرۆشرا، بەڵام لە مانگی رەمەزاندا پێشبینی دەکەن ١٥٠ تۆن خورما بفرۆشین.

ئازاد سلێمان دەڵێت "بەشێکی زۆری خورماکان عێراقییە، هەروەها یەک جۆری دیکەی برێم هەیە کە ئێرانییە، بەڵام جۆرەکانی عێراقی زۆرە، لەم مانگەدا خەڵک خواستێکی زۆری لەسەر خورما هەیە بۆیەش پێشبینی دەکەین لەم مانگەدا، ١٥٠ تۆن خورما بفرۆشین کە پێش مانگی رەمەزان مانگانە نزیکەی ٥٠ تۆن دەفرۆشرا".

هاوکات خاوەنی یەکێک لە فرۆشگاکانی عەلوەی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر گومرک هەڵبگیرێت ئەوا پێشبینی دەکەین بەهۆی دابەزینی نرخەکەیەوە خواست لەسەر خورما زیاتر بێت.

خاوەن فرۆشگا، هێرش قادر وتی: "زۆرترین جۆری خورما بەرعییە لە باشووری عێراقەوە دێت و کوالێتی باشە و خواستی زۆر لەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشتر خورما لە ئێران هاوردەی هەرێم دەکرا و ئێستا بڕیارە گومرک لەسەر هاوردەکردنی خورما هەڵبگیرێت".

لەبارەی کێشە و گرفتەکانی گومرک و هاوردەکردنی خورما لە ئێرانەوە، هێرش قادر وتی: "گوایا گومرک هەڵدەگیرێت لەسەر هاوردەکردنی خورما، چونکە هەر ئۆتۆمبێلێکی ٢٥ تۆنی بڕی ٨٠ هەزار دۆلار گومرکەیەتی و ئێستا بڕیاردراوە ئەو گومرکە بەشێوەیەکی کاتیی نامێنێت، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە و رێگا نەکراوەتەوە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانمان بێنە ژوورەوە، ئێمە سێ ئۆتۆمبێلمان لەودیووە و هێشتا نەگەیشتووەتەوە عێراق".
سەرچاوە: AA

زۆرترین خوێنراو