X

بۆچی مووچە دابەشناكرێت؟ دەستێك هەیە بەئەنقەست دەیەوێت مووچە دوابخات

ڕاپۆرت

02/04/2022     1722 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت
بەڵێنەكەی سەرۆكی حكومەت بۆ دابەشكردنی مووچە لە هەموو 25ی مانگێكدا سەرەڕای بەرزی نرخی نەوت كە زیاتر لە 100 دۆلارەوەو رەوانەكردنی 200 ملیارەكەی بەغداش شكستی هێناو وەك خۆی وتی جێبەجێ نەكراو دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانیش 38 رۆژی تێپەڕاندو تائێستاش كاتی دابەشكردنی نادیارە. بەپێی راپۆرتی دیلیۆتیش ساڵی رابردوو لەفرۆشتنی نەوتدا حكومەت كاسبی بۆ كۆمپانیاو وەبەرهێنەرانی نەوت كردوە.

دواخستنی دابەشكردنی مووچە 

هەرچەندە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەڵێنی ئەوەیدابوو كە دەبێت هەموو 25ی مانگێك مووچەی فەرمانبەران دابەشبكرێت، بەڵام 13 رۆژ بەسەر بەڵێنەكەی سەرۆكی حكومەتیشدا بۆ كاتی دابەشكردنی مووچە تێپەڕیوەو تائێستاش نازانرێت كە مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران دابەشدەكرێت.

دواخستنی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لەكاتێكدایە ماوەی زیاتر لەمانگێكە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت كە هەرێم وەك سەرچاوەی سەرەكی بۆ مووچە پشتی پێدەبەستێت زیاتر لە 100 دۆلارە تەنانەت لەهەندێك كاتكیشدا 130 دۆلاری تێپەڕاند.

بەپێی دوا راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینیكردنی  كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستانی بۆ ساڵی رابردوو كە لەلایەن فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كورستانەوە بڵاوكراوەتەوە، كۆی هەناردەو بەكاربردنی نەوت لە ساڵی رابردوودا 162 ملیۆن و 528 هەزارو 616 بەرمیل نەوت بووە، كە لەو بڕە 152 ملیۆن بەرمیلی لەرێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە كراوە.

هەروەك كۆی داهاتی فرۆشراوی نەوت بۆ ساڵی 2021، نۆ ملیارو 125 ملیۆن و987  هەزار دۆلار بووەو لەوبڕەش تەنها 3 ملیارو 964 ملیۆن   و 814 هەزار دۆلار پوختەی داهات بووە، لە كاتێكدا رێژەی 43.4%ی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، 5 ملیار و 161 ملیۆن و173 هەزار دۆلار تێچووی دەرهێنان، پشكی كۆمپانیاكان و كرێی گواستنەوەی نەوت بووە، بەوشێوەیەش 56.6%ی كۆی داهات بۆ كۆمپانیاكان بووە.

دیلۆیت لەبەشێكی تری راپۆرتەكەدا دەڵێت: لەساڵی رابردوودا، هەربەرمیلێك نەوتی هەرێم بە 59 دۆلارو 4 سەنت فرۆشراوەو بەوەش هەربەرمیلێك نەوت بەنرخی 11 دۆلارو 27 سەنت لە نرخی جیهانی نەوت لەو ساڵەدا فرۆشراوە.

حكومەت كاسبی بۆ كۆمپانیاو وەبەرهێنەرانی نەوت كردوە

هەربەپێی زانیارییەكانی كۆمپانیای دیلۆیت نزیكەی ملیارێك و 305 ملیۆن دۆلار دراوە بە كرێی گواستنەوەو بۆری نەوتی هەرێم، بەجۆرێك كۆمپانیای كار و رۆسنەفت 870 ملیۆن و 175 هەزار دۆلاریان وەرگرتووەو كۆمپانیای وزەی توركیش 434 ملیۆن و 412 هەزار دۆلاری وەرگرتووە، لە كاتێكدا درێژی بۆرییەكە لەنێو خاكی توركیا دوو هێندەی ئەو بەشەی بۆرییەكەیە، كە لەنێو خاكی هەرێمی كوردستاندایە، بەوشێوەیەش، تێكڕای كرێی گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت بەبۆری 8 دۆلارو 55 سەنت بووە.
هەروەك كۆمپانیای كار وەك كۆمپانیایەكی ناوخۆیی گەورەترین سوودمەندی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان بووە بەتەنها لەساڵی رابردوودا بڕی ملیارێك و 95 دۆلاری لە داهاتی نەوت بۆ كرێی بۆری و تێچوونی بەرهەمهێنان و پشكی كۆمپانیاكە لە كێڵگەی خورماڵە پێدراوە.

دەستێك هەیە بەئەنقەست دەیەوێت مووچە دوابخات

لەچەند رۆژی رابردوشدا كاروان گەزنەیی پەرمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەلیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەوتەی حكومەت رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێم بەرهەمدەهێنرێت و داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم زیاتر لە 934 ملیار دینارەو وداهاتی ناوخۆیی هەرێم زیاتر لە 300 ملیار دینارە و حكومەت دەتوانێت بە زیادەوە مووچە دابەشبكات. هیچ كەس تەنانەت وەزیری داراییش ئاگاداری داهاتی ئیبراهیم خەلیل نییەو داهاتی زۆرێك لەمەرزەكان دەچێتە گیرفانی حزبەوە.
كاروان گەزنەیی وتیشی: داهاتی هەرێمی كورستان زۆر زۆرە و لێرە و لەوێ، لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستانیش بەرپرچمان دەدرایەوە كە ئێمە تەنها دەمانەوێت ژمارەكان بشێوێنین، بەڵام دوێنێ لە زاری سەرۆكی حكومەتی كوردستانەوە بیستمان كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت، مانگانە هەرێمی كوردستان 15 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، 470 هەزار بەرمیل ڕۆژانە تەسویق دەكات، كە 51 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار داهاتی نەوتی كوردستانە، ئەگەر بێتو بەقسەی خۆیان 41% داهاتی نەوتی كوردستان بۆ حكومەتی كوردستان بمێنێتەوە دەگاتە 21 ملیۆن و 197 هەزار دۆلار لە یەك ڕۆژدا، واتە مانگانە 635 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانە، ئەمە بكەینە دینار دەكاتە 934 ملیار و 787 ملیۆن دینار، ئەمە لەكاتێكدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تەنها 900 ملیار دینارە و هیچ ڕێگرییەك نییە و دەكرێت هەر 30 رۆژ جارێك مووچە دابەشبكرێت. 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ڕاشیگەیاند: ڕۆژانە 25 هەزار بەرمیل نەوت لە سوریاوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان كەس نازانێت چی بەسەر دێت،بەپێی داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە زیاتر لەیەك تریلۆن و 200 ملیار دینارە، حكومەت دەتوانێت دەرگای دامەزراندن بكاتەوە و مووچە دابەش بكات و كێشەی پلەبەرزكردنەوە چارەسەر بكات.
وتیشی: دەستێك هەیە بەئەنقەست دەیەوێت مووچە دوابخات و بە هیچ شێوەیەك كێشەی داهات نییە لە هەرێمی كوردستان، تەنها كێشەی سیاسییە و حكومەتی هەرێمی كوردستان نایەوێت مووچە لە كاتی خۆیدا دابەش بكات و بە ئەنقەست دەیەوێت گەمارۆی سیاسی هەندێك ناوچە بدات، بە تایبەتی ناوچەی سلێمانی. بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی بەردەستمان دایە هیچ كێشەیەك نییە بۆ دابەشكردنی مووچە، بەڵام حكومەتی هەرێم بە ئەنقەست مووچە دابەشناكات. 

حەوت رۆژە پارەی پێویست ئامادەیە بۆ دابەشكردنی مووچە

هاوكات عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان رایانگەیاند: ماوەی حەوت رۆژە پارەی پێویست ئامادەیە بۆ دابەشكردنی مووچە، بەڵام دابەش ناكرێت.
دەشڵێت: كۆی داهات (447 ملیار دینار)ی زیاترە لەپارەی پێویست بۆ مووچە، بەڵام حكومەت بۆ ئەوەی پێش جەژنی رەمەزان دوو مووچە دابەشنەكات، بەمەبەست دابەشكردنی مووچە دوادەخات بۆ ئەوەی یەك مووچە دابەشبكات.
PUKmedia

زۆرترین خوێنراو