X

مامۆستایانی ناڕازی داوا دەكەن مووچەكانیان بخرێتە سەر بەغدا

هەواڵی کوردستان

07/04/2022     569 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت
 نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕ‌ازی، لەنوسینگەی پەرلەمانی عیراق لەسلێمانی لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: داوادەكەین حكومەتی عیراق راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشبكات، وردبینی لە داهاتی نەوت و ناوخۆ و خاڵە گومرگییەكاندا بكەن.

مامۆستایانی راشیانگەیاند: ماوەی هەشت ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبیانوی جیاجیا و بەنایاسایی دەستكاری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كردوەو لەو ماوەیەدا 12 مووچەی تەواو قەرزارن هەروەها 36 مانگیش چارەكە مووچە یان نیومووچەیان بەفەرمانبەران داوە.

وتیشیان: لەساڵی 2016 جارێكی دیكە بەنایاسایی حكومەت پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی راگرتووەو لەئێستاشدا بارودۆخی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم زۆر خراپە و داوا لەكاربەدەستانی حكومەتی فیدراڵی دەكەین كە وردبینی لە داهاتی نەوت و ناوخۆ و خاڵە گومرگییەكاندا بكەن و هەوڵبدەن داهاتی میللـەت بۆ میللـەت بێت.

ئەوەشیان خستەڕوو: داوا دەكەین كەیسی مووچەی مامۆستایان یەكلایی بكرێتەوەو راستەوخۆ مووچەكانمان لە بەغداوە دابەشبكرێت لە رێگەی ئەو بانكە عیراقییانەی هەرێم رێگە بە كردنەوەیان نادات.

ئاماژەیان بۆ ئەوەشكرد: لەسەر دواكەوتنی مووچەو پێدانەوەی مووچە فەوتاوەكانمان سكاڵا لەحكومەتی هەرێم ئاڕاستەی سەرۆكایەی كۆماری عیراق و سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دادگای باڵای فیدراڵی عیراق دەكەین و داوا دەكەین بەدەم ئەم داوایەمانەوە بێن و مووچەی مامۆستایان راستوخۆ بخەنە سەر عیراق.

زۆرترین خوێنراو