X
ئ|

پێوەندیی دەرەکیی دەوڵەتی ئیسلامیی چۆنە؟

کراوەیی ئیسلامی

22/08/2016     1169 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

عەبدوڵڵا عاڵایی

ئێستە دەوڵەتێکی ئیسلامییمان هەیە، بزاوی چەکداریی "داعش" ڕێبەرێتیی دەکات. ئەم کیانە ثیۆقراتییە، لە دەوڵەتدارییدا، پشت بە میتۆدی کەلەپووریی دەستەڵات دەبەستێت. جا لێرەوە تووشی دەژەوانەییەک دەبنەوە، بەوەی لەسەر چ بنەوایەک پێوەندیی لەگەڵ وەڵاتانی تر ببەستن؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسینە جیددیە، دەبێت بۆ باکگراوەندی فیکریی کیانەکە بگەڕێینەوە، چون ئەمان بە چەمکی دەوڵەت بە واتا مۆدێرنەکەی باوەڕدار نین، بۆیەش هیچ هەژمارێ بۆ پێوەندیی دیبلۆماسیی دانانێن. داعش لە دیوە فیکرە ئیدۆلۆژییەکە، بە وەهابییزمی نوێ دادەنرێن. وەهابییزمیش ڕۆڵەی سەلەفییزمە، لە گوتاری باوی سەلەفییەتی وەهابییزمیشدا، تاکە شتێ دەوڵەتی ئیسلامیی و وەڵاتانی دەرەکیی بەیەکتر ببەستێتەوە "جیهاد"ە. هەڵبەت سەنەدیی شەرعیی خۆیان لە "دەق" وەردەگرن و، ئەحکامەکانی مامەڵە دەگەڵ (دار الکفر)ی پێ دادەڕێژن.

لێرەش پرسینێکی دی دێتە گۆڕێ، دانانی جهاد بە تاکە پێوەندیی، هۆکارەکەی چییە؟ بۆ وەڵامی ئەمە، دەبێت بۆ تێڕوانین و جیهانبینیی سەلەفیزمی وەهابییەت بۆ جیهاد بگەڕێینەوە. هەرچەند شێخ (بن تەیمیەی حەڕانیی)ی ڕێبەری سەلەفییزم لە قۆناغی نێوەندییدا، ڕای وایە شەڕ لەگەڵ کافر بەهۆی شەڕ و هێرشی ئەوانە و، بۆ بەرگریییە. وەلێ گوتاری باو و برەوی سەلەفییزم، لەسەر ئەو دیدەیە کە جیهاد لەگەڵ کافر و لەبەرانبەر "دار الکفر" بەهۆی "کوفر"ەوەیە نەک هەر لەسەر شەڕ و داگیرکاریی وەڵاتی کوفر.

لە پێڕی سەلەفییزمی وەهابییەت، دەتوانین (شێخ  محمد صالح العثیمین)ی مەرجەعێکی گەورەی سەلەفییەتی عالەمیی لە سعوودیا، بە نموونە وەربگرین. ئەلعوسەیمین لە کتێبی (مجموع فتاوی ورسائل العلامە العثیمین) بەرگی ۷ لاپەرە۱٦ و بەرگی ۱۰ لاپەرە 1068 دەڵێت: (.. وان شرکهم وکفرهم هو الذی اباح دمٲهم ولیس مجرد حربهم وعدوانهم) واتە: ئەوە شیرک و کوفریانە کە خوێنیانی حەڵاڵکردووە، نەک شەر و دوژمنایەتیی ئەوان بەتەنێ.

تاوێ دەوڵەتی ئیسلامیی داعش لەم جۆرە فەتوایەی لەبەردەستە، پاڵپشتیی و بەڵگە و ژێدەرێکی شەرعیی و فقهیی موعتەبەر، بۆ کوشتاریی بەرانبەرە غەیرە موسڵمانەکان دەهێنێتەوە. ئەلعوسەیمینی سعوودیایی، لای وایە، غەیرە موسڵمان ئەگەر شەرخواز و هێرشکەر و داگیرکەریش نەبن، ماتوول کافر و موشکرین، پێویستە بکوژرێن و خوێنیان حەڵاڵ کراوە. [ئێزیدی. مەسیحیی، کاکەیی، زەردشتیی] و غەیری ئەوانیش، لە فەرهەنگی  وەهابییزم کافرن، چون هەموو ناموسڵمانێک کافرە. کە  کافر و موشریکن، بەم جیهانبینییە دینییە، خوێنیان حەڵاڵە و کوشنیان ڕەوایە،  با شەرخوازیش نەبن و، لە ماڵ و واری خۆیان دانیشتبن، ئەحکامەکانی فیقهی تەقلیدیی جیهادییان بەسەردا دەچەسپێت.
ئەم خاڵە، دیوێکی شڕاوە لە فیکری سیاسیی بزاوە جیهادییەکان دەردەخات.

هەواڵی زیاتر

هەواڵی کوردستان 5 کاتژمێر پێش ئێستا

توركیا بنكەی سەربازی لەنزیك موسڵ هەیە

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 6 کاتژمێر پێش ئێستا

راگەیەندراوی دەوڵەتی یاسا دەربارەی خۆكاندیدكردنی مالیكی

هەواڵی کوردستان 6 کاتژمێر پێش ئێستا

زانیاری لەبارەی كەمكردنەوەی نرخی ئینتەرنێت