سەمیر سەلیم: لە نێوان ئێمە و گۆڕاندا ئەجێندای هاوبەش نەماوە

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

سەمیر سەلیم، كارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن لە یەكگرتووی ئیسلامی ئاشكرای دەكات، كە ئەجێندای هاوبەش لە نێوان ئەوان و بزووتنەوەی گۆڕاندا نەماوە و ئاماژە بەوەش دەكات، وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەتی ڕابردوودا سەركەوتوو نەبوون و كاتێكیش ئۆپۆزسیۆن بوون تێڕوانیان جیاواز بووە و دەشڵێت: ״بە داخەوە خۆ لە قۆناغی ڕابردووشدا گۆڕان ئۆپۆزسیۆنی ئێمە بوون، ئەوەندەی ڕەخنەیان لە ئێمە دەگرت لە لایەنەكانی تریان نەدەگرت״.

سەمیر سەلیم لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاژانس، بە دووری نازانێت ئەزموونی سوتاندنی بارەگاكانیان لە سنووری بادینان دووبارە بێتەوە و وێڕای ئەوە، ئاماژە بەوە دەكات، كە حزبەكەیان قەرزدارە و دەشڵێت: ״لە دەرەوە بایی ئەوە شتێكمان كردووە، كە مانگیی 100 ملیۆنێك پەیدا بكەین.״

ئێستا یەكگرتوو هەمان ئۆپۆزسیۆنی ساڵی 2009یە یان ڕەوشەكە جیاوازە؟ دەڵێن یەكگرتوو ئەو ڕۆڵەی ئۆپۆزسیۆنی نەبینیوە كە دەبوو وەك ئۆپۆزسیۆن بیبینێت؟

سەمیر سەلیم: یەكگرتوو هەمان بۆچوون و ڕوانگەی هەیە لە پرسی ئۆپۆزسیۆنبوون، بەڵام ئۆپۆزسیۆنبوون بە پێی كەشوهەوا و بە پێی زەمینەكە و بە پێی چوارچێوەكان هەم ڕۆڵی كاراتر و هەم بەهێزتر و هەم كاڵتر دەبێتەوە، بۆیە ئەوەی كە هەیە كار و چوارچێوەكان گۆڕاون، كەشوهەوا و زەمینە سیاسییەكان گۆڕاون، بۆیە بە دڵنیاییەوە جۆری مامەڵەكردنی ئۆپۆزسیۆنەكەش دەگۆڕێت، بە دڵنیاییەوە ئەو ئۆپۆزسیۆنە نابێت كە ساڵی 2009 هەبوو، چونكە زەمینەكە گۆڕاوە جا سەرنجی ئێمەش بۆ چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن گۆڕاوە.

هەست ناكەن دوای بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت، ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن لاوازە؟

سەمیر سەلیم: لە كاتی خۆشیدا ڕوانینی ئێمە جیاواز بوو لەگەڵ ڕوانینی گۆڕان بۆ ئۆپۆزسیۆن بوون، برادەرانی گۆڕان ئەجێندا و ڕوئیا و پڕۆژەی خۆیان هەبوو، ئێمەش بە ئەقڵ و پڕۆژەی خۆمان ئۆپۆزسیۆن بووین، بۆیە سروشتییە نەبوونی گۆڕان كاریگەریی هەبێت لەسەر ئۆپۆزسیۆنبوون.

بەو كورسییانەی هەتانە لە پەرلەمان چیتان پێ دەكرێت؟

سەمیر سەلیم: هەڵبەتە كاری پەرلەمانیمان پێ دەكرێت، مەسەلەی ژمارە گرنگ نییە، جۆری پڕۆژە گرنگە، چونكە دەگونجێت ئۆپۆزسیۆن پڕۆژەیەك پێشكەش بكات لە ناو پەرلەماندا، پەرلەمانتارانی تریش ئەو كاتە دەتوانن پشتگیریی بكەن، فراكسیۆنێك با زۆرترین كورسیشی هەبێت، ئەگەر فراكسیۆنەكانی تر پشتگیریی نەكەن هیچ كارێكی لەبەر ناڕوات، هەتا ئەوانەی هاوپەیمانیشیان كردووە و لە ناو حكومەتیشدان، ئەگەر فراكسیۆنەكانی تر پشتگیریی پڕۆژەكانیان نەكەن هیچیان بۆ ناكرێت، با هەر 45 كورسیی هەبێت، ئەگەر فراكسیۆنەكانی تری پەرلەمان پشتگیریی نەكەن ناتوانێت هیچ پڕۆژەیەك تێپەڕێنێت و ناتوانێت هیچ پڕۆژەیەكیش بووەستێنێت، بۆیە كاری پەرلەمانیی زۆرمان پێ دەكرێت ئەگەر ژمارەی كورسییەكانیشمان كەم بن.

پێشتر پەرلەمانتار بوویت، پەرلەمانی ئێستا چۆنە؟

سەمیر سەلیم: بارودۆخی سیاسی بە دڵنییایەوە ڕۆڵ دەبینێت لەسەر پەرلەمان، بە داخەوە لە خولی ڕابردووی پەرلەمان بینیمان پەرلەمان تووشی نسكۆیەكی گەورە بوو، كە لە لایەن دەسەڵاتەوە پەرلەمان داخرا و سەرۆكی پەرلەمان نێردرایە ماڵەوە، كاتێك خەڵكێك دەنگ بە پەرلەمانتار یان لیستێك دەدات بۆ ئەوەی لە پەرلەمان دیفاعی لێ بكات، بەڵام كاتێك ئەو لیست و پەرلەمانتارە لە بەرژەوەندیی دەسەڵات كار ناكات و دەسەڵات پەرلەمانی لەسەر دادەخات بە دڵنیاییەوە كاریگەریی خراپی لەسەر جەماوەر و پەرلەمان دەبێت، لەبەر ئەوە پەرلەمان قورساییەكەی لە دەست داوە و متمانەی خەڵكەكەشی لە دەست داوە.

واتە پەرلەمان قورسایی جارانی نەماوە؟

سەمیر سەلیم: بەڵێ‌ وەك جاران نەماوە و ناگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاقە سیاسییەی كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، ئەو حاڵەتە خراپەی لە خولی چوارەم بەسەر پەرلەمانتاران و پەرلەماندا هات هێشتا لە كۆڵ پەرلەمان نەبووەتەوە، ئەو تارماییانە هێشتا بەسەر پەرلەمان هەر ماون.

مەترسی هەیە جارێكی تر پەرلەمان دابخرێتەوە؟

سەمیر سەلیم: ئەگەر بێت و جارێكی تر پەرلەمان بچێتەوە سەر دۆخی جارانی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو سێكتەر و بەشانەی كە هەیە كە لە قۆناغی پێشووتردا پێیدا تێپەڕی، پێدەچێت بە هەمان قۆناغدا تێپەڕێت و مەترسیی ئەوەی لەسەرە كە دۆخەكەی ڕابردوو دووبارە بێتەوە.

دەوترێت بە بەشداریی گۆڕان لە حكومەت كۆتایی ئەو نزیكییە هات كە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو هەیبوو كە یەكگرتوو و كۆمەڵ و گۆڕان بوون؟

سەمیر سەلیم: ئەو پەیوەندییە هەر ماوە، بەڵام ئەجێندایەكی هاوبەش نییە بە یەكەوە كۆمان بكاتەوە، بەڵام پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆمەڵ و گۆڕان باشە، بەڵام هیچ ئەجێندایەكی هاوبەش و كارنامەیەكی هاوبەشمان نییە تا بە یەكەوە كۆمان بكاتەوە، ئەوەی ئەجێندا و كارنامەی هاوبەش بە یەكەوە كۆیان دەكاتەوە، گۆڕان و پارتی و یەكێتیین، نەوەكو لەگەڵ ئێمە، چونكە ئەوان بە یەكەوە لە حكومەتدان.

ئاژانس: دەوترێت ئێستا ئەوەندەی گۆڕان وەڵامی ڕەخنەكانتان دەداتەوە یان پێی نیگەرانە كە پێشتر ئۆپۆزسیۆن بوو لەگەڵتان ئەوەندە پارتی وەڵام ناداتەوە كە زۆرینەی حكومەتیان بە دەستەوەیە؟

سەمیر سەلیم: لەوە دەچێت شتێكی سروشتی بێت، بە داخەوە خۆ لە قۆناغی ڕابردووش ئۆپۆزسیۆنی ئێمە بوون، ئەوەندەی ڕەخنەیان لە ئێمە دەگرت لە لایەنەكانی تریان نەدەگرت، ئێستاش كە ئەوان لە دەسەڵاتن ڕەنگە ڕەخنەكانیان بۆ ئێمە زیاتر بێت.

وەزیرەكانی گۆڕان سەركەوتوو بوون؟

سەمیر سەلیم: لە قۆناغی ڕابردوو ئێمە بینیمان ئەوان وەزیرەكانیان دەركران، ئەگەر قۆناغی ڕابردوو خۆپیشاندانەكان و ناڕەزایەتییەكانی هاووڵاتییان و چارەكەمووچە بكەینە پێوەر، كە بێگومان هەر ئەوەش پێوەرە، بە گشتی وەزیرەكانی گۆڕان و كابینەكەش سەركەوتوو نەبوون، چونكە چارەكەمووچە لە ئارادا بوو، هەروەها حزمەتگوزاری وەك پێویست نەبوو، بە پێی ئەو بەڵێنانەی كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بە هاووڵاتییان و دەنگدەران دەدرا، كە هەلی كار و دامەزراندن و خزمەتگوزاری و چاكسازی دەكەن، ئەم كابینەیەش سەركەوتوو نەبوو، و نەیتوانیوە ئەو ئەجێندایە بێنێتە دی كە ڕۆژی یەكەم بە هاووڵاتییانی دا.

ئەگەر ئەم حكومەتە شكست بهێنێت گۆڕانیش بەرپرسیارێتی وەردەگرێت؟

سەمیر سەلیم: بە پێی قورسایی خۆی و ئەو بەشدارییەی هەیەتی، بێگومان بەشێك لە شكستەكە دەكەوێتە ئەستۆی.

یەكێك لە كێشەی حزبەكانی كوردستان بوونی كەسی یەكەمە، هەمیشە كەسی یەكەم یان دەستبەرداری پۆستەكەی نابێت یان كە دەستبەرداری بوو حزبەكەی دەكەوێتە قەیرانەوە و دواجار دەگەڕێتەوە بۆ پۆستەكەی، وەك ئەوەی لە یەكگرتووی ئیسلامی بینیمان، ئایا تا ئێستاش مامۆستا سەڵاحەدین بێ ڕكابەرە بۆ ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو؟

سەمیر سەلیم: خەڵك هەیە خۆی دەپاڵێوێت، بەڵام خەڵك ئازادە متمانە بە كێ‌ دەبەخشێت، تۆ ناتوانیت لە خەڵكی بسەنیت، بەڵام ئەوەی گرنگە خەڵك خۆی دەپاڵێوێت، دەرفەتی خۆپاڵاوتن و خۆنمایشكردن لە كەس قەدەغە نەكراوە، بەڵام كە ئەندامانی كۆنگرە دەنگ بە كەسی یەكەمی حزبەكە دەبەخشن، ئەوە ئازادییە.

یەكگرتوو بەرنامەی هەیە بۆ هەستانەوە؟

سەمیر سەلیم: بە دڵنیاییەوە ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو ڕووی دا و ئەوەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بینیمان، ئێمە لێی ڕازی نین و بە دڵنیاییەوە بەرنامەمان هەیە بۆ هەستانەوەی حزب.

بۆچی پڕۆسەی بەرەی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان شكستی هێنا؟ هەر لایەنە و ئۆباڵەكەی دەخاتە ئەستۆی ئەوی تر، ئەوە بۆ؟

سەمیر سەلیم: هەر لە ئەسڵدا بەرەی ئیسلامی درووست نەبووە تا شكست بێنێت، و حزبە ئیسلامییەكان بە گونجاوی نازانن، كە كۆمەڵگە دابەش بكەن بەسەر بەرەی ئیسلامی و بەرەی نائیسلامی، لەبەر ئەوە تا ئێستا ئەو بابەتە نەخراوەتە ڕوو و باس نەكراوە.

هەست ناكەن زۆر لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەكانی تر دوور كەوتوونەتەوە؟

سەمیر سەلیم: جەستە و ڕۆح چەندە لێك دوورن ئێمەش هەر ئەوەندە لە یەك دوورین، بەبێ یەكتر ناژین و لەگەڵ یەكتریش هەر ئاوایە.

بەڵام زۆر جار لە ڕێگەی سۆشیال-میدیاوە هەست دەكرێت لایەنە ئیسلامییەكان هێرش دەكەنە سەر یەكتر، بەڵام لە كۆبوونەوەكان ڕەوشەكە جۆرێكی ترە؟

سەمیر سەلیم: سۆشیال-میدیا ناكرێـتە سەرچاوەی بڕیاری سیاسی و نوێنەرایەتیی بڕیاری سیاسیش ناکات، گرنگ ئەوەیە لە سەركردایەتیی ئێمە و برایانی كۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامیش هیچ جۆرە گرژییەك و ناتەباییەك نییە.

بۆچی سەلەفییەكان لێتان دوورن؟ كێشەكە عەقائیدییە یان حزبی یان سیاسی؟

سەمیر سەلیم: نەخێر هیچ مەسەلەیەكی عەقائیدی نییە، تەنیا مەرجەعی ئیشكردنە، لەبەر ئەوەی برایانی سەلەفی مەجالی ئیشكردنیان لە چوارچێوەی عیلم و مەزهەب و عەقائید و فیقهی و توراسیدا دەسوڕێتەوە و مامەڵە دەكەن، و بزاڤی ئیسلامی لە چوارچێوەی كۆمەڵگە و سێكتەرە سیاسییەكەدا دەجوڵێتەوە.

ترستان هەیە بارەگاكانتان لە بادینان بسوتێنرێنەوە، ئەو مەترسییە كۆتایی هاتووە؟

سەمیر سەلیم: لە هەرێمی كوردستان هەموو ئەو ڕووداوانەی كە لە ڕابردوو ڕوویان داوە، مەترسیی ئەوەی هەیە جارێكی تر دووبارە ببنەوە، چونكە هێشتا حزب چەكداری هەیە هێشتا حزب ئەدەواتی دەسەڵاتی بە دەستەوەیە، مادام حزب دەزگای موخابەراتی و سەربازیی بە دەستەوە بێت هەموو كات ئەوەی لە ڕابردوو ڕووی داوە مەترسیی دووبارەبوونەوەی هەیە، ئەوان دەتوانن هەموو ئەو ئەدەواتانەی هەیانە بەرامبەر یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و هەر لایەنێكی تر هەیە بە كاری بێنن.

زۆر جار ڕەخنە لە یەكگرتووی ئیسلامی دەگیرێت بەوەی كە لە بەرامبەر ڕۆژئاوا هەڵوێستی نییە و بە لای توركیادا شكاوەتەوە، ئەمە بۆچی؟

سەمیر سەلیم: بەڵگە چییە؟

هەڵوێستی ئێوە ناڕوونە و زۆر جار مامۆستایانی ئایینیی سەر بە ئێوە شیوەن بۆ ئەردۆغان دەكەن؟

سەمیر سەلیم: نا ئەمە ڕاست نییە، هیچ هێزێكی سیاسی بەیاننامەی ڕەسمیی نەبووە، بەڵام یەكگرتووی ئیسلامی بەیاننامەی فەرمیی دەركردووە، هیچ هێزێك بە دەسەڵاتیشەوە نەیتوانیوە یارمەتییەكانی بگەیەنێـتە ڕۆژئاوا ئێمە گەیاندوومانەتە ڕۆژئاوا.

ماوەی چەند ساڵێكە بە هۆی قەیرانی داراییەوە بودجەی حزبە سیاسییەكان وەستاوە، ئایا یەكگرتووی ئیسلامی بە چی دەژیت و سەرچاوەی دارایی یەكگرتووی ئیسلامی لە كوێوەیە؟

سەمیرسەلیم: دەمەوێت لەگەڵت شەفاف بم، یەكگرتووی ئیسلامی لەبەر ئەوەی میلیشیای نییە، هەروەها ئێمە شتی كرێمان نییە بارەگاكان هی خۆمانن، خەرجیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان زۆر نییە، هەموو خەرجیی یەكگرتوو بە فەقیرێكیش پەیدا دەكرێت كە لەسەر شەقامەكاندا دەسووڕێتەوە، سەرچاوەی دارایی یەكگرتوو ئەو پارەیە كە پلە تایبەتەكانی دەیدەن، وەكو پەرلەمانتار و وەزیر و پلە تایبەتە خانەنشینەكانی یەكگرتوو، كە مانگانە دەگاتە 150 تا 200 ملیۆن دینار، هەروەها نزیكەی 50 هەزار ئەنداممان هەیە، ئەگەر هەر یەكەیان بڕی دوو هەزار دینار وەك ئابوونە بدات، دەگاتە نزیكەی 100ملیۆن دینار، جگە لەمەش ئێمە 25 ساڵە حزبین ئەگەر لە كوردستانیش دەرفەتی وەبەرهێنانمان نەبووبێت ئەوە لە دەرەوە بایی ئەوە شتێكمان كردووە مانگانە 100 ملیۆنێك پەیدا بكەین، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا قەرزارین.

 

س: ڕۆژنامەی ئاژانس