ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز: لە بەڕێوەبردنی ڕابەر تاكو خوارەوەی بزووتنەوە ڕازی نەبووم

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text


سازدانی:
شیروان محەمەد ئەمین

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز، ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی و بەرپرسی پێشووی مەكتەبی پەیوەندییەكان ڕەخنە لە سیاسەتی ئێستای حزبەكەی دەگرێت، پێی وایە ڕابەر و سەرجەم سەركردایەتی لە گرفتەكانی ئێستای بزووتنەوە بەرپرسیارن و دەشڵێت: ״بزووتنەوە بە بێ هیچ بەرنامەیەك لە پارتی نزیك بووەتەوە و باشترە لەگەڵ یەكێتیی  لێكتێگەیشتنێكی باش لە نێوانماندا هەبێت״.

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاژانس دەڵێت ״بزووتنەوە بەرەو لاوازییەكی زۆر براوە، من و جەماوەریش نابێت قبووڵی بكەین، پێویستە گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی بكەین״. ئەو دەڵێت: ״هەموو ئەوانەی سەركردایەتیی بزووتنەوە دەكەن لە ڕابەر تاكو ئەندامانی مەكتەب سیاسی و كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندەكان هەموویان بەرپرسیارن لەو دۆخەی كە بەسەر بزووتنەوەدا هاتووە و لە بەڕێوەبردنی ڕابەر تاكو خوارەوەی بزووتنەوە ڕازی نەبووم״.

سەرەتا لە بەڕێزتەوە دەست پێ دەكەین، ماوەیەكە دوورەپەرێزیت لە بزووتنەوە، بەڵام لە دوایین دەركەوتنتدا لە لایڤێكدا ئاڵای بزووتنەوە لە پشتەوەیە، ئەوە چ ئاماژەیەكە؟

ئیحسان عەلی: لە ساڵی 1987ـەوە بۆ هەمیشە لە ناخی بزووتنەوەدا بووم، بەڵام لە كۆنگرەی ڕابردوودا بەشداریم نەكرد و ئێستاش هیچ پۆستێكم نییە، ئەوەی لە توانامدا بێت هاوكارییان دەكەم، پۆست بە لامەوە گرنگ نییە، بۆیە سوورم لەسەر خزمەتكردن بە بزووتنەوە، ئێستاش كە دەبینم بزووتنەوە بەرەو لاوازییەكی زۆر براوە منیش و جەماوەریش نابێت قبووڵی بكەین، چونكە پێویست بەوە دەكات گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی بكەین، لە ڕووی ئەدائی بزووتنەوە و بەڕێوەبردنی و كاری سیاسی.

تۆ لەگەڵ باڵی ناڕازیی بزووتنەوەی ئیسلامیدایت؟

ئیحسان عەلی: باوەڕم بە باڵ و دەستەگەری نییە، هەر تاكێكی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی بە خوشك و برای خۆم دەزانم، بە پلەی یەكەم دەمانەوێت هێزی ئیسلامی لە كوردستان كاریگەر بێت، بزووتنەوەش بگەڕێتەوە بۆ سەر حەقیقەت و بنەمای درووستبوونی.

كێشەكانی ناو بزووتنەوە بە چی گەیشت، بۆچی باڵی ناڕازی و بەرپرسانی تری بزووتنەوە ناگەنە ڕێكکەوتن؟

ئیحسان عەلی: هەموو ئەوانەی ڕەخنەیان لە بزووتنەوە هەیە كادری دڵسۆزن، ئەو داواكارییەی ناڕازییەكانی ناو بزووتنەوە بۆ بەدامەزراوەیی كردنی حزب زۆر ڕەوایە.

كێشەی شەش ئەندامە ناڕازییەكەی بزووتنەوە و نەگەڕانەوەیان پەیوەندیی بە كەمتەرخەمیی ڕابەری بزووتنەوەوە هەیە؟

ئیحسان عەلی: كێشەكانی بزووتنەوە لەوە گەورەترن لە كەسێكدا بچووك بكرێنەوە، یان داواكاریی چەند كەسێك، بەو شەش ئەندامەی سەركردایەتیی بزووتنەوەشەوە، مانەوە و ڕۆیشتنی ئەم كەسانە هیچ لە مەوزوعەكە ناگۆڕێت، جەماوەر چاوەڕوانی زۆر لەوە زیاترە، كە سەركردەی تازە و دەموچاوی تازەتر سەركردایەتیی بزووتنەوە بكات، لە پێناو گەورەتركردنی بزووتنەوە.

بەڵام ڕابەری ئێستای بزووتنەوەش دەموچاوێكی تازەیە؟

ئیحسان عەلی: مەبەستم لە تاقە و گڕوتینی تازەیە، بە بەڕێوەبردنێكی نوێ و چاكسازیكردن و بە دامەزراوەییكردنەوە بێتە پێشەوە.

ئەم تایبەتمەندییانەی باسیان دەكەیت لە ڕابەری ئێستای بزووتنەوەدا نییە؟

ئیحسان عەلی: (پاش هەناسە هەڵكێشانێك) بە تەنها ڕابەر لە بارودۆخی بزووتنەوە بەرپرسیار نییە، هەموو ئەوانەی سەركردایەتیی بزووتنەوە دەكەن لە ڕابەر تاكو ئەندامانی مەكتەب سیاسی و كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندەكان هەموویان بەرپرسیارن لەو دۆخەی كە بەسەر بزووتنەوەدا هاتووە.

ئەو ململانێ و ناكۆكییەی ناو بزووتنەوە لەسەر پۆستی ڕابەرە؟

ئیحسان عەلی: نەخێر، چونكە مەرج نییە كەسێك ئەگەر ڕابەر نەبێت نەتوانێت كاری باش بكات، هەمان ئەو دەسەڵاتەی بۆ ڕابەرە بۆ كامیلی حاجی عەلی، كارگێڕی مەكتەبی سیاسیش هەبووە، بۆ دەسەڵاتەكانیان بە كار نەهێناوە، ئەوانەی لە سەركردایەتین كەس دەستی نەگرتوون لە كاری باش و گۆڕانكاری، كە نەتوانراوە بزووتنەوە بەرەوپێشەوە ببەن، كەواتە خەلەل لە سەرجەم ئیدارەدانی بزووتنەوەدا هەیە.

شەش سەركردە ناڕازییەكەی بزووتنەوە دەڵێن ئەندامی سەركردایەتی هەیە سێ ئەركی پێ دراوە لە لایەن ڕابەر، بەڵام ئەندامی تری سەركردایەتی هەبووە هیچ كارێكی پێ نەدراوە، ئەمە نادادپەروەری نییە لە دابەشكردنی كاردا؟

ئیحسان عەلی: بەڵێ وایە، گلەییەكانیان لە شوێنی خۆیدایە، خاڵەكانی ئەوان بۆ چاكسازی ڕەوان و ئەسڵەن نەدەبوو ببن بە كێشە.

چڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە ڕابەردا بزووتنەوەی بەرەو حزبێكی مەركەزی نەبردووە؟

ئیحسان عەلی: مەسەلەكە تەنها ڕابەر نییە، ئەندامانی مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی، كە ناچن بۆ سەردانی ناڕازییەکان و خەڵك ڕابكێشن بۆ ناو بزووتنەوە، یان كۆڕ و سمینار ئەنجام نادەن لەبەر نەبوونی دەسەڵاتیان بووە، یان لەبەر نەبوونی تواناكانی خۆیان.

پێت وا نییە ئەدائی ڕابەری بزووتنەوە وای كردبێت نەتوانن بەو شێوەیە كار بكەن كە تۆ باسی دەكەیت، لە كاتێكدا دارایی و كارگێڕی و ڕێكخستن هەمووی لە ڕابەردا كۆ كراوەتەوە؟

ئیحسان عەلی: منیش یەكێكم لەو كەسانەی لە بەڕێوەبردنی ڕابەر تاكو خوارەوەی بزووتنەوە ڕازی نەبووم، بۆیە لە كۆنگرەدا بەشداریم نەكرد، بەڵام ئەم گلەییانە پێش هاتنی ئەم ڕابەرە و ڕابەرەكانی پێشووتر هەبووە، بەڵام ئایا ئەو كارەكتەرانە توانیویانە چەند كەس لە ڕیزەكانی بزووتنەوەدا زیاد بكەن، یان لە ناو خەڵك و حزبدا كاریگەر بن، لەبەر ئەوە دەبێت كردار و گلەییەكان لە یەكتری جیا بكرێنەوە.

بەڵام تا ئێستا وەڵامی ناڕازییەكان نادرێتەوە؟

ئیحسان عەلی: ئەوە بە پەلە ناكرێت، ڕابەری بزووتنەوەش ڕایگەیاندووە بۆ دوو خول ڕابەر دەبێت، لە كۆنگرەی ئاییندەدا ئەو دەورەیە كۆتایی دێت، كە دەكەوێتە مانگی شەشی ساڵی داهاتوو، كۆنگرەش دەبێت وێستگەیەك بێت بۆ چاككردنی متبوونی حزب بەرەو چالاكی، دەبێت سەرجەم ئەوانەی ڕۆژێك لە ڕۆژان لە بزووتنەوەدا ماندووبوون لە كۆنگرەدا بەشدارییان پێ بكرێت، ئەگەر كۆنگرە تەنها بۆ كۆمەڵێك كەسی ئێستای بچووكبوونەوەی ناو بزووتنەوە بێت، ئەوا نەكردنی باشترە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك مەجال نادەین كۆنگرەیەك ببەستین وەك كۆنگرەكانی پێشوو بێت.

زۆر جار قسە لەسەر پەیوەندیی ئیوە و یەكگرتوو دەكرێت، كە لە دوای هەڵبژاردن بە ناوی بەرەی ئیسڵاحەوە دەنگی ئێوەیان برد بۆ كورسییەكانی خۆیان و ناوی فراكسیۆنەكەیان گۆڕی، ئەوە پێچەوانەی هاوپەیمانێتییەكەیان نەبوو؟

ئیحسان عەلی: دەبێت لە یەكتر نزیكبوونەوەی ئیسلامییەكان تەنها لەبەر خوا بێت، نەك بەرژەوەندیی دونیا، دەبوو لە هاوپەیمانێتیی بەردەوام بن، یەكگرتوو دەبێت چاك بزانێت بە دەنگی خۆشەویستانی بزووتنەوە چوون بۆ پەرلەمانی عێراق و هەرێم، دەبوو خۆیان بە نوێنەری هەردوو لایەن بزانن و برایەتیی ئیسلام بپارێزن و ببن بە نموونەیەكی باش.

چۆن بوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەرێم خۆت كاندید نەكرد؟

ئیحسان عەلی: هەرگیز بۆ پەرلەمان خۆم كاندید ناكەم، ئەوانەی ئەو كارەیان پێ باشە با ئەوان بیكەن.

پۆستی پەرلەمان بە كەم دەزانیت؟

ئیحسان عەلی: نەخێر بە كەمی نازانم، بەڵام وەك مسوڵمانێك پێم وایە پەرلەمان دەبێت ئەدائی تەشریعی بكات منیش شەرع پیادە دەكەم، لەوانەیە ئەگەر بچمە ئەو شوێنە زیاتر تووشی ناشەرعی ببم، بەڵام بۆ ئیدارەكردن ئەوە كارێكی ترە.

بۆچی لە ڕووی شەرعییەوە پەرلەمان لای تۆ جێگەی گومانە؟

ئیحسان عەلی: ناچم و دژایەتیشی ناكەم، بەڵام هەرگیز ئاسوودە نابم ببمە ئەندامی پەرلەمان.

زۆر جار گلەیی لە حزبەكانی تر دەكرێت كە بنەماڵەیین، بەڵام ئەو ڕەخنەیە لە دەرەوە لە ئێوەش دەگیرێت بەوەی چەند خوشك و برایەكن پۆستی باڵاتان لە بزووتنەوەدا هەیە؟

ئیحسان عەلی: ئەگەر بنەماڵەیەك لە ڕەسەنایەتیی باوك و باپیرانەوە بێت شانازیی پێوە دەكەین، بەڵام وەرگرتنی پۆست لەسەر بنەمای بنەماڵەییبوون كارێكی سەقەتە و دژایەتیی دەكەین، بەڵام تەنها لەبەر ئەوەی باوكی یان كەسێكی بەرپرس بووە بۆی نەبێت پۆست وەربگرێت، ئەمەش دادپەروەریی تێدا نییە، بۆیە ئەگەر بە هەڵبژاردنی خەڵك و توانا و لێهاتنی كەسەكە خۆی بێت هیچ كێشەیەكی تێدا نابینم.

بەم دواییە زۆر ڕەخنە گیرا لە عەلی قەرەداغی بەوەی بەرگریی لە توركیا كرد ئێوە لەگەڵ قسەكانیدا بوون یان لە دژی؟ ئەو هەڵوێستە پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە هەردووكیان سەر بە بەرەی ئیخوان موسلیمینن؟

ئیحسان عەلی: ئیخوان كاریگەریی هەیە، بەڵام ئێمە لەگەڵ میللەتی خۆمانین، هەر كەس زوڵم بكات ئیدانەی دەكەین، كاتی خۆی كە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا نەبەست لەبەر ئەوە بوو داوایان لێ كردین لە كوردەكانی توركیا بدەین، بە هیچ شێوەیەك ئەوەمان نەكردووە كوردانی باكوور و پەكەكەش دەزانن هەڵوێستی مێژووییمان چۆن بووە، بۆیە ئێمە بۆ ئەوە درووست بووین دیفاع لە مەزڵوومییەتی كورد بكەین، ئێستاش بەرپرسین لە هەڵوێستی خۆمان، هەر كەسێكی تر كە خراپ هەڵوێست دەنوێنێت لەگەڵیدا هاوڕا نابین.

ئێستا ئێوە ئۆپۆزسیۆنن یان نزیك لە دەسەڵات، خۆتان یەكلایی كردووەتەوە؟

ئیحسان عەلی: پێم باش نییە بە هیچ شێوەیەك بزووتنەوە لە دەسەڵات نزیك ببێتەوە، دەبێت هەمیشە دژی نادادی و گەندەڵی بێت.

بۆچی ڕەوتی ئیسلامی لە هەرێم لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو لە پاشەكشەدایە؟

ئیحسان عەلی: لەبەر ئەوەی وتارێكی گشتگیر و بەرنامەیەكی ڕوونیان بۆ خەڵك نییە، دەبێت ئیسلامی سیاسی خۆی لەگەڵ جەماوەر ئاشت بكاتەوە و داكۆكیكار بێت لە مافەكانی خەڵك.

دەزگای چاو هاوشێوەی دەزگا هەواڵگرییەكانی هەرێمە، ئەوە بۆچی بوونی هەبێت؟

ئیحسان عەلی: ئاگاداری ئەوە نیم و بە هیچ شێوەیەك لام باس نەكراوە، بەڵام بزووتنەوە لە سەرەتاوە توانای زۆر شتی هەبووە، لە سەردەمی ڕژێمی بەعس لە بەغدا خەڵكمان هەبووە چالاكیی كردووە، ئێستاش لەگەڵ ئەوە نین لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بزووتنەوە تێكەڵ بە هیچ حزب و لایەنێكی ناوخۆ و دەرەوە ببێت، لەم چەند خولەی پێشووش لەگەڵ ئەوە نەبووم كە بزووتنەوە بەبێ هیچ بەرنامەیەك لە پارتی نزیك بوویەوە، پێم باشە بزووتنەوە بە سەرجەم كارە سیاسییەكانیدا بگەڕێتەوە، پێم باشە لەگەڵ یەكێتیی پەیوەندییەكانمان تووندتر بكەینەوە و ناكۆكی و ناڕەحەتییەكانی ڕابردوو نەهێڵین، چونكە جەماوەرمان لە ڕووی جوگرافیاوە پێكەوەیە، بۆ ئێستای میللەتەكەمان وا باشترە لەگەڵ یەكێتیی لێکتێگەیشتنێکی باش لە نێوانماندا هەبێت، بتوانین گۆڕانكارییەكی باش لە كوردستاندا بكەین.