کێشەی وێناکردنی چەقبەستوویی فیکریی لە بەرگی ڕەسەنایەتی ئیسلامیدا؟

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

 

ئەبوبەکر عەلی

یەکێ لە کێشەکانی رەوتە فیکری و سیاسییەکان، لەوانەش  فیکرو رەوتی ئیسلامی، بە تایبەتیش لە ساتە وەختی وەستان لە گەشەو خۆدووبارەکردنەوە و بەرەو پیریی چووندا، تێکەڵاو کردن و شێواندنی نێوەرۆکی چەمکەکانە. لەوانەش چەمکی رەسەنایەتی و چەقبەستوویی. واتە لە قەڵەمدانی چەقبەستوویی بە رەسانەیەتی و کردنی بە پێوەر بۆ ھەڵسەنگاندنی ھەڵوێستی فیکری و سیاسی و ئەخلاقیی ئەوانەی لە ھەمان بازنە یاخود لە دەرەوەدا رایەکی جیاوازتریان ھەیە!! ئەوەش دەیسەلمێنێت، کەوا رەھەندێکی کێشەی وەستاویی و بەجێمان، لەسەر ئاستی زمان و دەربڕیندا خۆی نمایش دەکات. بەو واتایەی، قەیران لە ڕێبازی بیرکردنەوەدا سەرھەڵدەدات، گوزارشت دانەوە لەواقیع دەبێتە کارێکی قورس.

لێرەداو بۆ خستنەرووی گۆشەیەکی ئەم مەترسیەو  پەنجە دانان لەسەر یەکێ لە ڕەنگدانەوەکانی، ھەروەھا وەك ئەنجامدانی بەشێ لە ئەرکە فیکرییەکانی خۆمان، ھەڵوێستەیەك لەسەر ھەندێك دەربڕینی ھەندێ کەس لە نێوەندە ئیسلامییەکەی کوردستان، لە دووھەفتەی ڕابردوودا، دەربارەی پاشگری ئیسلامی حیزبە ئیسلامییەکان دەکەین.

بە حوکمی ئەوەی، ھەندێ بەڕێز، ھەموو قسەکرد ن و داواکاریەك بۆ لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی و گۆڕینی شێوازی کاری ئیسلامیەکانیان، بە پرسی دەرون بەزیوی و شەرم کردن لە ناسنامەی ئیسلامی و سازش کردنەوە بۆ بەرامبەر بەستەوە!! ئەمەش بەلای ئێمەوە کارێکی خراپ و ناراستە! ناراستی و خراپییەکانی ئەم بەیەکەوە بەستنەوە زۆرەملێیانەو بەرەنجامە نالۆژیکییەش، لە چەندین رووەوە دەردەکەوێت، لەوانەش:

١- ئەم پرسانە دوورو نزیك پەیوەندییەکیان بە عەقیدەوە نیە،  بەڵکو مەسەلەیەکی فیکری و سیاسین. واتە لە خودی خۆیاندا نە باش و نە خراپن، ئەوەی باشی و خراپیی یەکێکیان لە ساتەوەختێکی مێژوویی دیاریکراودا، بەرامبەر ئەوی دی ساغ دەکاتەوەو دیاریدەکات، ئەزموون و بەڵگەیە. بە حوکمی ئەوەی پێوەر بۆ مەسەلە سیاسییەکان، بە دەربڕینی زانایانی ئیسلامی( مصالح و مفاسد)ە، واتە بوون و نەبوونی بەرژەوەندی و خراپەیە نەك شتی تر.

٢-ئەم زمانە لە حوکمدان و دەربڕیندا، ڕێگە لە پێداچوونەوە دەگرێت، ڕازی نییە لە کەش و ھەوایەکی متمانە بەخۆبوون و گەشبینیدا، گفتوگۆ لەسەر چەمك و میکانیزم و شێوازی کارکردن بکرێت و دەرگای ئازادی ئاڵوگۆڕی بیروڕا دادەخات! ئەمەش دەیخاتە چوارچێوەی گوتاری توندرەوی و بەخراپەش بەسەر ئیسلامیەکاندا دەشکێتەوە..

٣- بەکار ھێنانی ئەم زمانە لە دەربریندا، ئاماژەی خراپی بۆ خاوەنەکەی تێدایە، چونکە بەڵگەیە لەسەر بێ توانایی لە ئەنجامدانی گفتوگۆو کەم تفاقی فیکری و سیاسی و خۆدزینەوە لە وەڵامدانەوەیەکی لۆژیکی و شەرعیی و فیکری بەو پرسیارو ئیشکالیاتانەی، لەم رووەوە سەریان ھەڵداوەو پێویستیان بە وەڵامی نوێ و قەناعەتپێکەر ھەیە.

٤- ئەم شێوازە لە جەوھەردا کێشەی لەگەڵ ئەخلاقدا ھەیە، بە حوکمی ئەوەی پێوەری نافیکری (دەرونی و کۆمەڵایەتی)بۆ قسەکردن لەسەر پرسێکی فیکری- سیاسی بەکاردەھێنێت! بێ ھیچ بەڵگەیەك، موزایەدەیەکی خراپ بەسەر بەرامبەرەکاندا دەکات و بە دەرونبەزیویی و شەرمکردن لە ناسنامەی ئیسلامیی خۆیان و سازش کردن بۆ بەرامبەرە فیکری و سیاسیەکان تۆمەتباریان دەکات!! ئەمەش عەیبەیەکی ئەخلاقیە.

٥- ئەم مامەڵەکردنە، ئاماژەیە لەسەر ھەژاری فیکری، زاھیریەت و رواڵەتگەراییەکی کوشندەو سەلەفیانەی وشك، چونکە ناتوانێ بەرزببێتەوە بۆ ئاستی ئەو ڕێسا ئوسوڵیەی دەڵێت (عیبرەت بە مەبەست و ماناکانە نەك بێژەو لەفزو کڵێشەی وشەکان). ھەروەھا کێشەی قوڵی لەگەڵ راڤەی مەقاسیدیانە بۆ دەق ھەیە، ھێشتا ئەسیری وشەو زاراوەو ناوە!! پێوەریش بۆ ھەست بەسەر بە شانازیکردنی ئیسلامی و حوکومدان بەسەر مرۆڤەکان و ئیسلامخوازاندا، دەکات بە چەند شتێکی ڕواڵەتی، کە ھیچ قوڵاییەکی ئەخلاقی و بەھایی ئیسلامیان نیە!! بەمەش جگە لە زیان گەیاندن بە تەوژمەکە،  نادادپەروەریەکی زۆریش لە حوکمدانەکەدا ھەیە، چونکە جگە لەوەی حساب بۆ رابردوو واقیعی مرۆڤەکان ناکات، پێوەرە ئەخلاقی و واقیعیەکانی بەراوردکردنیش وەلا دەنێ؟ مرۆڤ لە ھەڵوێستێکدا کورت دەکاتەوەو حوکمێکی قورسی بەسەردا دەدات!!

لە روویەکی ترەوە، مەترسییەکی تری ئەم دیدە ڕواڵەتگەرە سادەیە، تۆمەتبارکردنی ناراستی چەندین رەمزو زاناو سەرکردەی موسوڵمانی لە مێژوو و ئێستادا لێدەکەوێتەوە،.بۆ نموونە، دەبێت عومەری کوڕی خەتاب، بە سازش و شەرم کردن لە ناسنامەی ئیسلامیی خۆی تۆمەتباربکەین، لەبەر ئەوەی لەسەر داوای خێڵێکی مەسیحی عەرەب، وشەی جزییەی، کە لە قورئاندا ھاتووە، گۆڕی بە سەدەقە؟! یاخود زانایەکی وەکو دکتۆر عەلی قەرەداغی بەوە تۆمەتباربکەین، وشەی (ھەتیو)ی قورئانیی، لە چوارچێوەی کاری ڕێکخراوەکەیدا، گۆڕیوە بە نازداران!

 بە حوکمی ئەوەی لە سۆنگەی گەشەکرنی زمان و بارگاویبوونی ھەندێ لە وشەو چەمکەکان بە درێژایی ڕۆژگار، بە چەندین ماناو ھەستی نەرێنی، وشەی ھەتیو، گەرچی قورئان بەکاری ھێناوە، لە ئێستادا گۆراوە بە جنێو و ئاماژە بۆ کەمی پەروەردەو ناڕێکی لە رەفتاردا دەکات. بەم جۆرەش،   بەکارھێنانی وشەکە دەبێتە سەرچاوەی برینداربوونی ھەست و ھەست بەکەمی منداڵی بێ باوك یاخود نازدار!

ھەر لە چوارچێوەی بەستنەوەی حوکمی وەسیلەکان بە ئامانج و مەبەستەکانیشدا، لەدواھەمین کۆنگرەدا، رابیتە پاشگرە ئیسلامییەکەی لەخۆی کردەوەو لە جێگەی ئەو (مرۆیی) دانا؟

هەواڵی زیاتر

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 2 کاتژمێر پێش ئێستا

باڵيۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا هۆشداری دەدات

هەواڵی کوردستان 3 کاتژمێر پێش ئێستا

كۆمەڵی دادگەری بڕیاریدا

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 3 کاتژمێر پێش ئێستا

وەڵامێكی توندی ئەردۆغان درایەوە

هەواڵی کوردستان 4 کاتژمێر پێش ئێستا

راگەیەنراوێك لە قائیمقامیەتی سلێمانییەوە