سەڵاحەددین کێشەیە یا بەشێکە لە چارەسەر؟

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

ئیبراهیم سدیق

کردنی سەڵاحەددین بە دوژمنی کورد، دیوی دووەمی کردنی سەڵاحەددینە بە شانازی و چارەسەری بۆ ئەمڕۆی نەگبەتییەکانی کورد. هەردوو فیکرەکە هێز لەیەکترەوە وەردەگرن و ڕێك دوو دیوی یەك دراون. دیارە هەردوو ئاڕاستەکە بەشێکن لە دوو دوونیابینی جیاواز، بەڵام هیچییان نابن بە فریادڕەس بۆ ئەو واقیعەی کە ئەمڕۆ کورد تێی کەوتووە.

سەڵاحەددین لەکۆتاییدا سەرکردەیەکی ئیسلامی بووە. تاکە ناسنامەی ئەو سەردەمە ئیسلام بووە، هەر بەو ناسنامەیەشەوە شەڕی کردووە و شەڕیشی لەدژ کراوە. وێڕای ئەوەی کە سەڵاحەددین بەشێك بووە لە دەوڵەتی عەبباسی، لەپاڵ ئەوەشدا وەفادار بووە بۆ زەنکییە تورکەکان.

مرۆڤێکی دڵنەرم بووە لەگەڵ دوژمنەکانی و لەڕوانگەی تۆڵەوە ڕەفتاری نەکردووە. بەر لەوەی شەڕی خاچهەڵگرەکان دەست پێبکات، موسڵ و ماردین و دیاربەکری خستوونەتە ژێر قەڵەمڕەوی خۆی بەڵام زۆربەی ئەو ناوچانە بەتایبەتیش زۆربەی وڵاتی شام بە تەواوی ناوچە کوردییەکانەوە تا ماردین و موسڵیشی لەگەڵدا بێت بۆ دەستەڵاتی زەنکییەکان (ساڵحی کوری نوردەددین زەنکی) بەجێ دێڵێت.

بۆیە، سەڵاحەددین کەسایەتییەکە ئەگەر بەدوای کەموکوڕییەکانیدا بگەڕێین، دەتوانین یەك لیستی لەسەر بنوسین. خۆ ئەگەر بەدوای جوانییەکانیشیدا بگەرێین دەتوانین یەك لیستی بۆ بنوسین. لەکاتێکدا کە نوسینەوەی مێژووەکەی کەوتۆتە نێوان بەرداشی دۆست و هەوادارەکانی و ناحەز و دوژمنەکانی.

لێرەشدا هەرگیز مەبەستم لێدان لە دڵسۆزی هیچ کەسێك نیە کەبەسەر ئەو دوو بەرەیەدا دابەش دەبن، بەڵکو وەسفێکە بۆ دۆخێك کە لەوە زیاتر هەڵناگرێت. هەردوو لایان بەشێکن لە کێشەکە و هیچ چارەسەرێکیان بۆ ئەمڕۆی نەگبەتییەکانی کورد پێ نییە.

ئەو شەڕەش کە لەسەر حیسابی بەهێزبوونەوەی ناسنامەی ئیسلامی سیاسی و لەنێوان کەوانەش "ناسیۆنالیزمی کوردی" بەڕێوە دەچێت، بەرهەمهێنانەوەی چەقینە لەناو مێژوو و دادگایی کردنی دەستەڵاتدارێکە کە لەو سەردەمەدا تاکە ناسنامەی زاڵ، ئیسلامبوون بووە و شەڕەکانیش شەڕی ئایینی بوون.

هەواڵی زیاتر

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 4 کاتژمێر پێش ئێستا

باڵيۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا هۆشداری دەدات

هەواڵی کوردستان 5 کاتژمێر پێش ئێستا

كۆمەڵی دادگەری بڕیاریدا

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 5 کاتژمێر پێش ئێستا

وەڵامێكی توندی ئەردۆغان درایەوە

هەواڵی کوردستان 6 کاتژمێر پێش ئێستا

راگەیەنراوێك لە قائیمقامیەتی سلێمانییەوە