سەردەمێکی نوێ لە ئەفگانستان!

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

ئیبراهیم سدیق

کابول دەکەوێت، وەکو ئەوەی هەموو ولایەتەکان یەك بەدوای یەکدا کەوتن، بەڵام لەوانەیە کەوتنی ئەمجارە جۆرێکی دیکە بێت لەکەوتنی پێشوو، بەمانای ئەوەی بۆی هەیە شەڕ لەناو کابول دروست نەبێت و بە خێرایی بە ڕێککەوتن یا بەبێ ڕێککەوتن بچنە ناو کابولەوە.

تاڵیبان ئەمجارە چۆن و بەچ ستایلێك حوکمڕانی کابول دەکەن؟ ئایا تالیبانی ئەمجارە جیاواز دەبن لە تاڵیبای بیست ساڵ لەمەوبەر؟ وەڵامی ئەو پرسیارە ئاسان نیە، بەڵام چەند نیشانەیەکی جیاواز هەن لەوانەیە ئاماژە بن بۆ جیاوازی، لەوانەش:

یەکەم: ئەمیری ئێستای تاڵیبان چیتر مەلا عومەر نیە، بەڵکو حاکمێکی پێشووی تاڵیبانە بەناوی هەیبەتولا ئاخوندزادە. لەو جۆرە گروپ و ڕێکخراوانە کەسەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر سەرتاپای گروپەکەدا هەیە و ڕەنگدانەوەی لەسەر ناوچەکانی ژێر هەژموونی خۆشییاندا دەبێت. بۆیە بەقەد جیاوازی هەیبەتوڵا لەگەڵ مەلا عومەر، هێندەش تاڵیبان جاواز دەبێت.

دووەم: بیست ساڵ بەر لە ئێستا تاڵیبان لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆی گروپە ئیسلامییەکان هەڵتۆقین و لەپڕ دەستییان بەسەر کابولدا گرت. ئەوکاتە ئەوان نەك بەر بەهێزەوە ئەفگانستانییان کۆنتڕۆڵ کرد، بەڵکو ئەفگانستان لەشەڕێکی نەگریسی ناوخۆشدا بوو، تەنانەت لەناو کابولی پێتەختدا.

سێیەم: بیست ساڵ بەر لە ئێستا تاڵیبان بێ ئەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکییەکان و لایەنەکانی دیکەدا بکەن، یاخود بێ ئەوەی هیچ ئەزموونێکییان لە حوکمداری هەبێت، دەستییان بەسەر کابولدا گرت. ئێستا ساڵانێکە لەگفتوگۆی بەردەوام دان لەگەڵ ئەمریکییەکان. نازاندرێت لەپشت پەردەکانەوە چ گوتارەوە و چی دەگوزەرێت. بۆ ئەمریکییەکان بەرژەوەندی ئەمریکا گرنگە نەك کێ لەسەر کورسی دەستەڵاتە لە کابول.

چوارەم: تاڵیبانی ئێستا بیست ساڵە لەشەڕێکی دەستەویەخەدا هەم لەگەڵ حکومەتێکی ناوخۆی ئەفگانستان و هەمیش لەگەڵ ئەمریکییەکان. بۆیە لەو بیست ساڵەدا تاڵیبان بۆ ئەفگانییەکان و ئەمریکییەکان و دونیاشییان سەلماند کە ئەوان هێزێکی جەماوەرین لە ئەفگانستان و خەڵك و پێگەیان لەهەموو ئەفگانستان هەیە.

پێجەم: تاڵیبانی ئێستا فێربوون سیاسەت بکەن، بەو مانایەی ئێستا وتبەێژییان هەیە و بەزمانێکی دیپلۆماسییانە قسە دەکەن. ئەوەی کە زۆر گرنگە، دەڵێن ئێمە نابینە مەترسی بۆ سەر دراوسێکانمان و هیچ وڵاتێکی دونیا، ئەمەش جۆرێکە لە وتارێکی سیاسی و قبوڵکردنی سیستمی نێودەوڵەتی.

شەشەم: بەدڵنیاییەوە، تاڵیبان گروپێکی ڕادیکاڵی ئیسلامین، لەنێوان ئیسلامێکی تەقلیدی مەزهەبی و لەهەمان کاتیشدا لەژێر کاریگەری ئەدەبیاتی ئیسلامی سیاسی دان. بۆیە بەدووری نازانم دەستەڵاتی ئەمجارەی تاڵیبان لەڕووی پڕاکتیکەوە شتێکی جیاواز نەببێت لەگەڵ ڕابردوو، بەڵام بە دەمامکێکی ماکیاژئاساوە دەردەکەون. لەسەر ئاستی ناوخۆ دادگاکانی شەریعەت دادەنێنەوە، ئازادییەکان سنووردار دەبن، بەڵام لەهەمان کاتدا کراوە دەبێت بەرامبەر دیپلۆماسییەت و پەیوەندییە دەرەکییەکان. لەو حاڵەتەشدا بۆی هەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەجۆرێکی نەرمتر و بەزمانێکی دیپلۆماسییانە تەعامول لەگەڵ تاڵیبانی حکومەتدا بکات.

حەوتەم: لەدوورمەودادا، تاڵیبان دەبێتەوە بە بەهەشتێکی ئارامی هەموو ئەو ئیسلامییانەی لە وڵاتەکای خۆیان ژیانییان دەکەوێتە مەترسی، یا دەیانەوێت پشتیوان لە حکومەتی تاڵیبان بکەن. هەروەها لەڕووی ئابووریشەوە دەکرێت تاڵیبان پشتیوانی ماددی هەندێك لە گروپە ئیسلامییەکان بکات.

هەواڵی زیاتر

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 1 کاتژمێر پێش ئێستا

باڵيۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا هۆشداری دەدات

هەواڵی کوردستان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

كۆمەڵی دادگەری بڕیاریدا

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وەڵامێكی توندی ئەردۆغان درایەوە

هەواڵی کوردستان 3 کاتژمێر پێش ئێستا

راگەیەنراوێك لە قائیمقامیەتی سلێمانییەوە