كشانەوەی ئەمریکاو سەرکەوتنی طاڵیبان‌و سێ هیوا

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

عەلی باپیر

لە ڕۆژی ١٥/٨/٢٠٢١ بزووتنەوەی طاڵیبان چوونە نێو کابووڵی پایتەختی ئەفغانستانەوەو، ئەمریکاش بە پەلە پرووزە بەشێک لە هێزەکانی خۆی کشاندەوە، ئنجا بەو بۆنەیەوە دەڵێم:

١ـ هیوادارم ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرس‌و پەندێکی باش لەو هەڵەیەی وەربگرێ‌و، چیدی لە بیری داگیرکردنی وڵاتاندا نەبێ‌و، بەخۆڕایی ئەو هەموو مەسرەفە نەکات، چونکە (جۆ بایدن) لە شەوی ١٦/٨/٢٠٢١ دا گوتی: زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلارمان لە ماوەی ئەو بیست (٢٠) ساڵەدا لە ئەفغانستاندا خەرج کردوە!

منیش دەڵێم: بەپێی قسەی هەردووك گۆڤاری FORBES و US NEWS نزیکەی ٦٥٠٠ کوژراوی ئەمریکایی‌ و ١١٤٤ کوژراوی هێزەکانی ناتۆ لەو ماوەیەدا بوون، چونکە (بەڕەی خەڵک هەر دەبێ لەسەری هەڵسی) و، مەرجیش نیە هەرچی ئەمریکا پێی باش بوو لە سیستم‌ و کلتوور و فەڕهەنگ، خەڵکیش پێی باش بێ‌ و، هەرگیزیش ناگونجێ بەزەبری هێز عەقڵ‌ و دڵ‌ و قەناعەتی خەڵک بگۆڕێ.

هیواداریشم گڵۆڵەی ئەو زلهێزەی خۆی بە کوێخای دنیا دەزانێ، کەوتبێتە لێژیی‌ و، جارێکی دیکە نەتوانێ ئەو جۆرە غەڵەتانە بکات، کە بە زیانی خەڵکی ئەمریکا و، خەڵکانی وڵاتانی داگیرکراویش تەواو دەبن.

٢ـ هیوادارم بزووتنەوەی طاڵیبان دەرس‌ و پەندیان لە هەڵە و کرچ‌ و کاڵیی‌ و بیرکورتیی‌ و دەمارگیرییەکانی ڕابردوویان وەرگرتبێ‌ و، لەمەودوا بەعەقڵی کراوەو دڵی فراوان‌ و ڕەوشتی جوان‌ و تێگەیشتنی ڕاست‌ و قووڵ له‌شەریعەتی دادگەری خواوە، مامەڵە لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەیاندا بەگشتیی‌ و، خەڵکی دنیاداش بکەن‌ و، وەک ڕابردوو وێنەیەکی دزێوی سڵەمێنەرەوە لەحوکمڕانیی پێشانی دنیا نەدەن‌ و، باشتر سەرنجی ڕێبازو سیڕەی پێغەمبەری خوا (محمد) "صلی الله علیه‌ وسلم" بدەن، کە لە تێگەیاندن‌ و پێگەیاندنی خەڵک‌ و دابینکردنی پێداویستییەکانیانەوە، دەستی بە جێبەجێکردنی شەریعەت کرد، نەک لەسزادانیان‌ و، لە قوللـەی قاف کێشانیان‌ و سەغڵەتکردنیانەوە!

بێگومانیش هەمیشە ئیسلام مایەی ئاسوودەیی‌ و بەختەوەریی‌ و ڕەحمەتە، نەک سەرئێشە و سەغڵەتکردن‌ و زەحمەت، وەک خوا "عز وجل" بەپێغەمبەری کۆتایی خۆی (محمد) "صلی الله علیه وسلم" فەرمووە: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ) الأنبياء ١٠٧.

٣ـ هیوادارم خەڵکیش پەلە نەکەن لە حوکمدان بەسەر طاڵیباندا و، دەرفەتیان بدەن بزانن چی دەکەن‌و چۆن دەکەن؟ نەک بە هۆی ڕەفتار و هەڵوێستی ڕابردوویانەوەو بەشوێنەواری گەڕاوە (أثر رجعي) حوکم بەسەر ئێستا و داهاتووشیاندا بدەن!

ئینجا مادام خەڵکی ئەفغانستان بە گشتیی لەگەڵیاندا تەبایە و، تەنانەت هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتیش "کە ئەمریکا لەسەر حیسابی خەڵکی وڵاتەکە بیست ساڵە بە زەبری پارەو چەک ڕایگرتوون" بەجیددیی بەرهەڵستییان نەکردن‌ و، بە شێنەیی خۆیان‌ و چەک‌ و تفاقیان بە دەستیانەوە دان، پێویستە هەموولایەک ڕێز لە ویست‌ و بژاردەی ئەفغانییەکان بگرین‌ و، تەنیا بە ڕبەی خۆمان نەپێوین‌ و، پەندی (کاسە لە چێشت گەرمترە)مان بەسەردا نەچەسپێ.
دڵخۆشیشم بەوە کە طاڵیبان لێبوردنی گشتییان بۆ هەموولایەک دەرکردو، واهەست دەکرێ چاویان بە گەلێک شتدا گێڕابێتەوە و بە پێی (هەر عەقڵە لە خەسارێک) ڕەفتار بکەن.

هەواڵی زیاتر

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 3 کاتژمێر پێش ئێستا

باڵيۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا هۆشداری دەدات

هەواڵی کوردستان 4 کاتژمێر پێش ئێستا

كۆمەڵی دادگەری بڕیاریدا

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 4 کاتژمێر پێش ئێستا

وەڵامێكی توندی ئەردۆغان درایەوە

هەواڵی کوردستان 5 کاتژمێر پێش ئێستا

راگەیەنراوێك لە قائیمقامیەتی سلێمانییەوە