زەبیحوڵڵا موجاهید: داعشەکانی ئەفغانستان لە عێراق و سوریاوە نەهاتوون

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

میللەت

زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان ڕایدەگەیەنێت، کە ئەوانەی لە ئەفغانستان لەژێر چەتری داعش چالاکی ئەنجامدەدەن لە عێراق و سووریاوە نەهاتوون، بەڵکو ژمارەیەک ئەفغانستانین کە هەڵگری هزری داعشن.

زەبیحوڵڵا موجاهید لە بارەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کابول باسی لەوە کردووە، کە بەپێی ئەو زانیاریەی لەبەردەستیاندایە لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کابول، لانیکەم ٩٠ کەس کوژراون و ١٤٨ کەسیش برینداربوون.

وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو بانگەشانەی باس لەوە دەکەن کە سەربازانی ئەمەریکا لە میانی هێرشە تیرۆریستییەکەدا تەقەیان بە دەورووبەری خۆیاندا کردووە وتویەتی ''بەپێی ئەو راپۆرتەی بەدەستمان گەیشتووە، دوای هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کابول سەربازانی ئەمەریکا تەقەیان بەسەر قەرەباڵغییەکەدا کردووە. لەوێ خەڵکێکی زۆری لێبووە. بەو شێوەیە خەڵکانی مەدەنی کە ژن و منداڵیشیان لەنێودابووە گیانیان لەدەستداوە''.

موجاهید  ئەوەشی خستووەتەڕوو کە کاتێک هێزە بیانییەکان هەموویان لە وڵات کشانەوە و حکومەتی نوێ دامەزرا، هیچ رێکخراوێک بیانووی نامێنێت بۆ جەنگ، ئەوانەشی لە ئەفغانستاندا لەژێر چەتری داعشدا چالاکی ئەنجام دەدەن لە عێراق و سووریاوە نەهاتوون، بەڵکو ژمارەیەک ئەفغانستانین کە هەڵگری هزری داعشن.

وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەندامانی تاڵیبان سەرکەوتوو بوون لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و دەتوانن ڕێگە لە پێکهاتەکانی وەک داعش بگرن.

زەبیحوڵڵا موجاهید هەروەها باسی لەوە کرد کە نزیکەی ٢٠ ساڵیان لە جەنگدا بردووەتە سەر و لە رەوشێکدان کە بتوانن زانیاری هەواڵگریی روون و دروست کۆبکەنەوە، لەبەرئەوە پێویستییان بە هیچ وڵاتێک نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوەکان.

ناوبراو سەبارەت بە دابینکردنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابول رایگەیاندووە ''تاڵیبان هێزی تایبەتی هەیە بۆ ئەو کارە لە کاتێکدا ئاسایشی هەموو ئەفغانستان و کابولی پایتەخت دەستەبەر دەکرێت، ئەوا دەستەبەرکردنی ئاسایشی فڕۆکەخانە کارێکی قورس نابێت''.

وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان، زەبیحوڵڵا موجاهید لە بارەی دەنگۆی ئەوەی مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە رابەری تاڵیبان گیانی لەدەستداوە، ڕایگەیاندووە ''رێبەرەکەمان هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە ناوی لە لیستی رەشی نێودەوڵەتییدا نییە. لەبەرئەوە هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە. هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە لەئێستادا لە قەندەهار سەرقاڵی ئەنجامدانی کۆمەڵێک کۆبوونەوەیە''.

هاوکات موجاهید باسی لەوە کرد کە دانوستانەکانیان لەگەڵ سەرکردەی تاجیکی، ئەحمەد مەسعود بەردەوامە، کە بەرگریی دەکات بۆ ئەوەی ویلایەتی پەنجشیر رادەستی تاڵیبان نەکات.

موجاهید جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان شەڕ و پێکدادان لە پەنجشیر ناخوازن و وتویەتی ''ئێمە نامانەوێت شەڕ بکەین. خۆ ئەگەر دانوستان بێ ئەنجام بوو، ئەوا دەوری پەنجشیر لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە گەمارۆدراوە. ئەگەر بمانەوێت لە ماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵی دەکەین''.

زەبیحوڵڵا موجاهید سەبارەت بە کارەکانی پێکهێنانی حکومەت وتویەتی ''کارەکانی پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بەردەوامە. لەو حکومەتەی پێکدەهێندرێت مافی هەموان لەبەرچاو دەگیرێت''.