ئایە ئەفغانستان و تاڵیبان توانای بەنمونەبوونیان تێدایە؟

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

 ئەبوبەکر عەلی

ھاوکات بوونی پاشەکشەی ئیسلامی دیموکرات لەھەندێ وڵاتی عەرەبی وسەرکەوتنی دەنگەوەدەری تاڵیبان ،سەرلەنوێ پرسی ھەڵسەنگاندن وبەراورد کردنی ھەردوو نمونەکەی ھێنایە پێشەوە. بەڵام ئێمە لەم وتارەدا زیاتر لەسەر نمونەی ئەفغانستان و تاڵیبان دەوەستین و دەپرسین: ئایا ئەفغانستان و تاڵیبان توانای بەنمونەبوونیان ھەیە؟ بەڵام سەرەتا دەبێت مەبەستمان لە نمونەو نمونەی سەرکەوتوو ھەندێ پرسی تر بەکورتیش بێت ڕوونبکەینەوە.

مەبەست لە نمونە:

مەبەست لە نمونە لێرەداو بەشێوەیەکی گشتی؛ ئەزمونێکە لە ڕووی تێگەیشتن لە دەق و واقیع و ژیان و سەردەم و حوکمڕانی و بەڕێوەبردن و خۆنمایشکردن و چۆنێتی ئاراستەکردنی کۆمەڵگەوە، سەرکەوتنی بەدەستھێنابێت و شایانی چاولێکردن یاخود لانی کەم ئیلھام لێوەرگرتن بێت.

ئەگەر لە ڕوانگەی ئەو پێناسەی سەرەوە بپرسین: ئایا ئەفغانستان و تاڵیبان دەتوانن ببن بە نمونە بۆ ئەمڕۆی واقیعی جیھانی ئیسلامی و وڵات و گەلەکانی و ھێزو تەوژمە ئیسلامییەکانی ناوی؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە وا باشە پۆڵێنکاریەك بۆ نمونەکان بکەین و بڵێین: ئەگەر ئەزمونێك لە ڕوویەکەوە نەتوانێت نمونە بێت، دەکرێت لە کایەو ڕووێکی تردا ئەو ڕۆڵە ببینێت. واتە دەکرێت زیاد لە نمونەو ئەزمونێکمان ھەبێت، ھەریەکەیان لە کات و شوێنی پێویستدا سودیان لێ وەربگرین. بە واتایەکی تر، جگە لە نمونەکانی دۆخی ئاسایی و سروشتی، دەکرێت نمونەی ترمان ھەبێت بۆ ھەندێ دۆخی ئاواتەو ناسروشتی و ناوازەو سودو ئیلھامیان لێ وەربگرین.

لێرەشەوە دەکرێت سەبارەت بەو تەوژمانەی وڵات و گەلەکانیان، دوچاری داگیرکاری دەبنەوە، تاڵیبان لە ھەندێ ڕووەوە، نمونەیەکی ئیلھام بەخش و ھاندەرو سود گەیەنەر بێت. بەڵام نەك لە ڕێی ھەوڵدان بۆ کۆپیکردنەوەی ئەزمونەکە، چونکە تایبەتمەندبوونی ئەفغانیانەی ھێندە زاڵە دەرفەتی بۆ شتێکی لەو جۆرە نەھێشتۆتەوە. لە لایەکی ترەوە، لەم ناوچەی ئێمەدا زۆر دەگمەنە کۆمەڵێکی ئیسلامخواز خۆی بەتەنیا تان و پۆی بزاڤێکی بەرھەڵستکاری نیشتیمانی پێکبھێنێت. تەنانەت ئەگەر ئیسلامییەکان ببنە پێشەنگی بەرھەڵستکاری یاخود شۆرشیێکی چەکداریش دژ بەڕ ژێمێکی دکتاتۆری ھاو وێنەی عێراق و سوریا، مەرج نیە ھەمان ئاکامی ئەفغانستانی لێبکەوێتەوە. ئەویش لەبەر چەندین ھۆکار لەوانەش:

١- بەشداریکردنی سەلەفیەکان و لەو نێوەندەشدا سەلەفی جیھادی، کە بە سروشتی پێکھاتەی فیکری و تێگەیشتنیان بۆ ئیسلام و واقیع و جۆری جێگرەوەکان، دەبنە ھۆکاری لەبەریەکھەڵوەشاندنەوەی یەکێتی نێوخۆیی ڕیزەکانی شۆرش و بزاڤە بەرھەڵستکاریەکە، شێواندنی سیمای و تێکەڵکردنی بە تیرۆر، ترساندنی دەوروبەرو جیھان و بەشێ تەنانەت بەشێ لە نوخبەو گەلیش لە جۆرو سروشتی جێگرەوەکەو ئایندەی خۆیان، دەرگاکردنەوە بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و سەرەنجام لەباربردنی شۆرش و گۆڕینی بۆ جەنگی ناوخۆو جەنگی بریکاریی کۆمەڵێ ھێزو دەوڵەت بەو جۆرەی لەسوریا ڕوویدا.

٢- نایەکگرتوویی ھێزەکان و پەرەوازەییان لە سۆنگەی بوونی دیدو پاشخانی جیاوازی ئایدۆلۆژی و فیکری، جیاوازی و ناکۆکی پاڵپشتە دەرەکیەکان، فرە سەرکردەیی و یەکتر قبوڵ نەکردن و لاوازی ئەو چوارچێوە دامەزراوەییانەش بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەو یەکخستنی ستراتیژو ڕیزەکان و بڕیاری شۆرش دێنە کایەوە.

بەڵام، لە ھەموو حاڵەتێکدا ئئەفغانستان و تاڵیبان وەك نمونەیەکی ئیلھام بەخش بۆ ھێزە بەرھەڵستکارە نیشتیمانییەکان بە ئیسلامی و نائیسلامییەوە لەسەر ئاستی جیھان و جیھانی ئیسلامیدا دەمێنێتەوەو دەتوانرێت ھەر کەسەو بەگوێرەی ھەل و مەرج و واقیعی خۆی وانەو پەندو ئیلھامی لێ وەربگرێت.

نمونەی شارستانی:
ئەگەر ئەفغانستان و تاڵیبان لە ڕووی ئەزمونی بەرھەڵستی چەکداری دژ بە داگیرکاریی دەرەکی، ئەزمونێکی تایبەت بە خۆیان پێکبێنن، ئەوا لەڕوی بونیاتنانی ئەزمونێکی شارستانی وحوکمرانیەکی باشی ھاوچەرخەوەنەك ھەر نمونە نین( لانی کەم تاکوئێستا) بەڵکو سەرچاوەی تەمو مژودودڵی دروستکردنن، ھەربۆیە دەبێت لەم روەوە سودی پێچەوانەیان لێوەربگیرێت، واتە چاویان لێنەکرێت، بەڵکو لەھەڵەکانیانەوە فێرببین وھەوڵدەین لەوان جیاوازبین.

مەبەستمان لەنمونەی شارستانیش :ئەونمو نەیە، بەئیلھام وەرگرتن لە بنەماو بەھا ئیسلامییەکان وتێگەیشتن لە دونیای نوێ وپێویستی وچاوەڕوانییەکانی ھاوڵاتیان وگەلە موسوڵمانەکان وئاڵنگاری وپێوەرەکان، ھێزێکی پاشخان ئیسلامی بتوانێت نمونەیەکی ھاوچەرخی حوکمڕانی باش وپەرەپێدانی ئابوری و سیاسی وا بخاتە ڕوو، لەسایەیدا تاك وکۆمەڵگە ھەست بەئاستێکی ماقوڵ لە کەرامەت ودادپەروری وئازادی وئاسایش وخۆشگوزەرانی بکەن. لەسەرئاستی جیھانیشدا توانای کێبڕکێی ھەبێت. بەواتایەکی تر جێگرەوە ئیسلامییەکە دەرکی بە ئاڵنگاریە گەورەکان کردبێت وتوانای زاڵبون بەسەریاندا ھەبێت کەبەگشتی لە ستە مکاری سیاسی ونادیموکراسی بونی دەسەڵات، دواکەوتوویی وھەژاری، نادادپەروەری ولاوازیی بونیادەکانی دەوڵەت ونامەدەنی بونی وکەم توانایی لەچارەسەرکردنی کێشە نەتەوەیی وتایەفەگەریەکاندا خۆیان دەبیننەوە.

بۆ ئەوەی لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازییەوە لەسەر پێی خۆی بووەستێت وجیھان ناچاربکات بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. دەتوانم بڵێم ئەزمونی دادو گەشەپێدانی تورکیا(٢٠٠٢-٢٠١٥) ومالیزییەکان تاڕاددەیەکی باش لەم نمونە نزیکبوون. گەر لەم ڕوانگەشەوە خوێندنەوە بۆ ئەزمونی ئەفغانستان وتاڵیبان بکەین، ھەست دەکەین لەئێستادا بە فرسەخ لەم نمونەوە دورن. ئەویش لە سۆنگەی ئەم ھۆکارانەی خوارەوە:

١- ھەژاری زۆرینەی ھەرەزۆری دانیشتوانی وڵاتەکەو ئابوریەکی داڕوخاو. بەش بەحاڵی خۆم پێم وایە: ئەزمونی ئیسلامی نەك ھەر لە ئەفغانستاندا، بەڵکو لەھیچ وڵاتێکی تری ھەژاری ھاوشێوەی سودان ویەمەن.. ھتد سەرکەوتوو نابێت وگرەوی لەسەر ناکرێت. بەحوکمی ئەو ئاڵنگاری ولێکەوتە جۆراوجۆرو کاریگەریە خراپانەی لەم دۆخە دەکەونەوە، زۆرجار دەسەڵاتدارە ئیسلامییەکانیش توانای ڕوبەڕوبونەوەی دۆخەکەیان نامێنێت بۆمانەوەیان لەدەسەڵاتدا پەنادەبەنە بەرھێز؟! ھاوکات لەگەڵ ئەوەدا ھەست بەبونی ئیرادەیەکیش دەکرێت، بۆ یەکسانکردنی دەسەڵاتی ئیسلامییەکان، بەتایبەتیش ئەوانەی لەڕێگەی ھێزەوە چونە سەر دەسەڵات، بە ھەژاری وئابڵۆقەدان و کەنارکەوتن.

لەڕاستیشدا ھەژاری وادەکات دایك وباوك نەتوانن لە سەرئاستی خێزانێکیشدا ، لەسۆنگەی نەبونی ژورو شوێنی پێویست، کوڕوکچەکانیان بەشێوەی شەرعی وئیسلامی بخەوێنن، واتە لانی کەم کوڕوکچەکان ودایك وباوك ژوری تایبەت بەخۆیان ھەبێت. چ جای لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، کە مەسەلەکە سەخترو فرە رەھەندترەو ئاسەوارەکانیش کارەساتبارترن. خەڵکیش ژیان ونان وئاسایش وئازادیان لەدەسەڵاتی ئیسلامییەکان دەوێت نەك بەھەشت ودونیای ئەودیو، بەحوکمی ئەوەی بەفیترەی خۆیان دەزانن چونە بەھەشت و بەدەستھێنانی ڕەزامەندی خوای گەورە، وەك تاك، پەکی لەسەر بوون ونەبونی حوکمڕانی ئیسلامییەکان نەکەوتووە.

٢- ڕوون نەبوونی نمونەو مۆدێلی حوکمڕانی تاڵیبان و ڕەتکردنەوەی بەشێ لەوبەھاو پێوەرە نێودەوڵەتی و جیھانیانەی پێویستی ھەر حوکمرانیەکی باشن. تاکو ئێستا لەم ڕووەوەدەستەکان لەسەر دڵانن، داخۆ تاڵیبان پیادەی چ مۆدێلێكی دەوڵەتداری وحوکمڕانی بکات وھەڵوێستی بەرامبەرکۆمەڵێ پرس چی بێت کەبونەتە بەڵگەنویستی جیھان وژیان وسەردەم.

٣- تێگەیشتنی تاڵیبان بۆئیسلام تێگەیشتنێکی فیقھی ونەریتی ومێژویییە وھیچ تازەبونەوەیەکی قوڵ وڕستە قینە تاکو ئێستا بەخۆوە نەبینیوە، ئەمەش وادەکات لەڕوی فیکریەوە مەرجی بەنمونە بوونیان تێدا نەبێت. چونکە تێگەیشتنێکی لەوجۆرە لەزیاد لەڕویەکەوە لەگەڵ بەشێك لەواقیعی نیشتیمانی وواقیعی جیھانی وبەڵگە نەویستەکانی سەردەمدا، بەریەك دەکەوێت ودەرھاویشتەی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە. ناشتوانرێت لەچوارچێوەی ئەودا باس لەنمونەیەکی حوکمڕانی ئاواتپێوە بەستوو بکەین.

٤- دواکەوتوویی شارستانی وخێڵەکی بونی کۆمەڵگەوسنورداری نوێبونەوەی زانستی وکەلتوری وکۆمەڵایەتی. ڕێژەی نەخوێندەواری لەئەفغانستادا ٪٦٠ تێپەڕدەکات، تاکوئێستاش کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی ونەریت سالارە. ٪٤٠ی ڕەبەقیشە جەنگ و خوێنڕێژی دەھەنجنن و وێرانی دەکەن. ھەر بۆیەڤقورسە لەڤکۆمەڵگەیەکی لەم جۆرەدا چاوەڕوانی نمونەیەکی حوکمڕانی و ئابوری و سیاسی گەشەکردووی ھاوچەرخ و نمونە بین.

٥- لە ڕووی ڕێبەرایەتیکردنەوە تاڵیبان بیدعەیەکی نوێی ناو بازنە وواقیعی مێژویی وھاوچەرخی دونیای سوننەیە. بەدرێژایی مێژوی ئیسلامی ڕوینەداوە زانایانی ئاینی بەزەبری ھێز دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن و ھەرخۆشیان حوکمڕانی بکەن، مێژوی ئیسلامی لەم ڕوەوە مێژوی جیابونەوەی سوڵتان وزانایە. زانا ئەگەر لەزیندانی سوڵتاندا نەبوبێت، دادگای بۆ بەڕێوە بردووە، ئامۆژگاری کردووەو شەرعیەتی ئاینی بەدەسەڵاتەکەی داوە.

لە مێژووی نوێی بزاڤی ئیسلامی سوننیشدا، ھەر لە دامەزرێنەری ئیخوانەوە بگرە تا مەودودی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ئیسلامی پاکستان، زانایانی ئایینی دەستپێشخەرو ڕابەر نەبوون. تەنانەت خودی ڕێبەرە دیارەکانی جیھادی ئەفغانی دژ بە داگیرکاری سۆڤیەت، لەجوێنەی: رەببانی و سەواف و حیکمەتیار، زانای ئایینی نەریتی نەبوون. دوو کەسی یەکەمیان مامۆستای زانکۆو سێھەمیشیان ئەندازیارە. ھەر بۆیە ئەزمونی تاڵیبان لە بازنەی سونییدا بەراورد بە مێژووی کۆن و نوێ تازەیەو پێشینەی دەگمەنە. ئەوەش وادەکات لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەو ئەگەری جۆراوجۆردا بێت. لە ئێستادا توانای بەنمونەبوونی نەبێت. بەھۆی نامۆبوونی ئەزمونەکە لەم ڕووەوە.

لە کۆتایشدا دەڵێین: توانای سەرکەوتن لە جەنگدا یەکسان نیە بە توانای سەرکەوتن لە جیھادی بونیاتنانەوەو ھەڵسانەوەی ژیاری و ژییانسازیدا. موسوڵمانان لە مێژووی نوێی خۆیاندا لەوانەش لە ئەفغانستاندا، لە زۆر شەڕدا سەرکەوتون، بەڵام ئەو سەرکەوتنانە نەبوونە ھۆی بەدەستھێنانەوەی دەستپێشخەری و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی ھێزو پێشکەشکردنی نمونەیەکی گەشی حوکمڕانی و پەرەپێدان و مۆدێرنەیەکی سەرکەوتووی ئەخلاقی و جیاواز لە جیھانی نوێدا؟

هەواڵی زیاتر

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 3 کاتژمێر پێش ئێستا

باڵيۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا هۆشداری دەدات

هەواڵی کوردستان 4 کاتژمێر پێش ئێستا

كۆمەڵی دادگەری بڕیاریدا

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 4 کاتژمێر پێش ئێستا

وەڵامێكی توندی ئەردۆغان درایەوە

هەواڵی کوردستان 5 کاتژمێر پێش ئێستا

راگەیەنراوێك لە قائیمقامیەتی سلێمانییەوە