ململانێی ناوخۆیی سەری رابەری گشتیی ئیخوان دەخوات

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text


ئیدریس سیوەیلی

دوای كودەتای عەبدولفەتاح سیسی بەسەر محەمەد مورسی سەرۆكی میسر لە 2013، ئیخوان لەو وڵاتە كەوتنە دۆخێكی ناهەموار و گەڕانەوە بۆ قۆناغی خەباتی نهێنی، هاوكات ژمارەیەكی بەرچاوی سەركردە و كادیرانی ئیخوان دەستگیركران، لەناویاندا محەمەد بەدیع رابەری گشتیی ئیخوان لە 20 ئایی 2013 دەستگیر كرا، مەحمود عیزەت شوێنی گرتەوە و كاروبارەكانی رابەری گشتیی هەڵدەسوڕاند، عزەت بە نهێنی لە ناوخۆی میسر كارەكانی ئەنجام دەدا تا لە 28 ئابی 2020 لە قاهیرە دەستگیركرا و دادگای میسری سزای بەندكردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاند، هەڵبەتە پێشتریش بەشێوەی غیابی چەندین حوكمی بەسەردا سەپێنرابوو.

دوای دەستگیركردنی مەحمود عزەت، ئیبراهیم مونیر نیشتەجێی لەندەن كاروبارەكانی رابەری گشتیی رادەپەڕاند، ناوبراو ساڵی 1937 لەدایكبوە و دەرچوی زانكۆیە، لە تەمەنی گەنجیەوە پەیوەندی كردووە بە ریزەكانی ئیخوان و لە شەستەكانی سەدەی رابردوو بە تۆمەتی زیندوكردنەوەی رێكخستنی ئیخوان بۆ ماوەی دە ساڵ حوكم دراوە، مونیر دوای ئەوەی رویكردوتە ئەوروپا بووتە ئەمینداری رێكخستنی نێودەوڵەتی ئیخوان و وتەبێژی ئیخوان موسلیمین لە ئەوروپا، بەوە ناسراوە كە پەیوەندییەكی دبلۆماسی بەهێزی لەگەڵ سیاسییەكانی ئەوروپا هەیە، یەكەم كەسە كە لە دەرەوەی میسر رێبەرایەیتی ئەو رێكخراوە دەكات.

توركیا پەناگەی ئیخوان
دوای كودەتای سیسی لە 2013، ژمارەیەك لە سەركردە و كادیرانی ئیخوان روویانكردە توركیا، لەناویاندا مەحمود حسێن ئەندامی نووسینگەی ئیرشاد و ئەمینداری گشتیی پێشووی ئبخوان لە میسر، حسێن سەركردەیەكی دیاری ئیخوانە و ساڵی 1947 لە شاری یافا لە فەلەستین لەدایكبووە، كۆلێجی ئەندازیاری لە میسر تەواوكردوە و پاشان لە ئەمەریكا دكتۆرای لە ئەندازیاری بەدەستهێناوە و گەڕاوەتە میسر و بوەتە مامۆستا زانكۆ، ناوبراو دوای هەڵاتنی، لە توركیا كەوتەوە جموجۆڵ و ژمارەیەكی بەرچاوی سەركردە و كادیرە هەڵاتوەكانی ئیخوانی لەخۆی كۆكردەوە و ئەنجومەنێكی شورا و لیژنەیەكی كارگێڕیان بۆ راپەڕاندنی كاروبارەكان دروستكرد.

ململانێ لە نێوان جەمسەرەكانی ئیخوان لە توركیا و بەریتانیا

دوای ئەوەی كاروباری رابەری گشتیی پێ سپێردرا، ئیبراهیم مونیر لیژنەیەكی لەژێر ناوی (لیژنەی كارگێڕی توركیا) بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی ئیخوان لە توركیا پێكهێنا و ئەنجومەنی شورا و  لیژنەی كارگێڕی پێشووی هەڵوەشاندەوە، لیژنە نوێیەكە لە ژمارەیەك سەركردەی ئیخوان پێكهاتبوو كە لەگەڵ مەحمود حسێن ناكۆك بوون، ئەمەش بووە سەرەتایەك بۆ ململانێ لە نێوان هەردوو جەمسەری ئیخوان لە توركیا بە رێبەری مەحمود حسێن و جەمسەری بەریتانیا بە رێبەری ئیبراهیم مونیر، مەحمود حسێن دانینەنا بە لیژنە نوێیەكەدا و رەتیكردەوە هیچ دۆسیەیەكی ئابوری و وەبەرهێنانی ئیخوان لە توركیا رادەستی لیژنە نوێیەكە بكات.

رۆژ لە دوای رۆژ ململانێكان توندتر بوون، كار گەیشتە ئەوەی كە كەسانی ناو جەمسەرەكەی مەحمود حسێن بە گەندەڵی و بەكارهێنانی وەبەرهێنان و پارەی ئیخوان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی تۆمەتبار بكرێن، تا كار گەیشتە ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئیبراهیم مونیر بڕیاری راگرتنی شەش سەركردەی ئیخوانی لە توركیا دەركرد و داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لە كاروبارەكانیان كردووە، ئەوانیش بریتیبوون لە: مەحمود حسێن ئەمنداری گشتیی پێشوی ئیخوان و ئەندامی نووسینگەی ئیرشاد، محەمەد عەبدولوەهاب بەرپرسی یەكگرتووی ئیخوانی میسر لە هەندەران، هومام عەلی یوسف بەرپرسی نووسینگەی ئیخوان لە توركیا و ئەندامی شورای گشتیی، مەدحەت حەداد ئەندامی شورای گشتیی و بەرپرسی تەلەفزیۆنی وەتەن، مەمدوح مەبروك ئەندامی شورای گشتیی و رەجەب بەننا ئەندامی شورای گشتیی.

بڕیارەكەی مونیر بووە مایەی توڕەبوونی ئەو سەركردانە، لە كاردانەوەی بڕیارەكە، رۆژی 13/10/2021 بەیاننامەیەك بەناوی ئەنجومەنی شورای گشتیی ئیخوان موسلیمن بڵاوكرایەوە، لە ناوەرۆكی بەیاننامەكەدا هاتووە "ئەنجومەنی شورای گشتیی ئیخوان لە كۆبوونەوەی مانگی تشرینی یەكەمی 2021 كە كاتەكەی لە كۆبوونەوەی پێشوو دیاریكرابوو و رێژەی یاسایی كە زیاتر لە (75%) ئەندامان بوو بەشداریان تێداكرد، ئەنجومەن بڕیاریدا بە دەستلەكاركێشانەوەی ئیبراهیم مونیر لە راپەڕاندنی كاروبارەكانی رابەری گشتیی ئیخوان بە دەنگی (84%) بەشداربووان، ...".

لە بەرامبەردا ئیبراهیم مونیر بڕیارەكەی ئەنجومەنی شورای گشتیی رەتكردەوە و رایگەیاند "هەندێك لە برایان هەوڵیانداوە پەیڕەوی ناوخۆی ئیخوان پێشێل بكەن و بێ تێگەیشتن لەو پەیڕەوە خۆیان نمایش دەكەن"، هەروەها وتی "قۆناغی داهاتومان سەختە و هەندێك برا خراونەتە بەردەم لێكۆڵینەوە تا راستی دەربكەوێت، بەداخەوە سەراسیمە بووین بە وەڵامدانەوەی هەڵە و تێكدانی ئەوەی بنیادنراوە"،لای خۆشیەوە ئوسامە سلێمان ئەندامی شورای گشتیی ئیخوان رایگەیانددوە "بڕیارەكانی رابەری گشتیی كارێكی سروشتین و نەریتێكی باوە لەناو ئیخوان، ئیخوان تەنها یەك سەر و سەركردەی متمانەپێكراوی هەیە كە ئیبراهیم مونیرە"، لە بەرامبەردا تەڵعەت فەهمی وتەبێژی ئیخوان كە نزیكە لە جەمسەری مەحمود حسێن رایگەیاند "ئیخوان جەخت لەوە دەكاتەوە كە بڕیارەكانی ئەنجومەنی شورای گشتیی لەلایەن خودی ئەنجومەنەكەوە دەرچووە، هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەن مافی ئەوەیان نییە گوزارشت لە بۆچونی تایبەتی خۆیان بە پێچەوانەی بڕیارەكانی شورا بكەن".

تا دێت ململانێێ سەركردەكانی ئیخوان لە نێوان هەردوو جەمسەری مونیر و حسێن توند دەبێتەوە، ئەمەش داهاتوی ئەو حیزبەی خستوەتە بەردەم مەترسییەكی نادیار، هاوكات ناكۆكی سەركردەكانی ئیخوان نیگەرانی ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبەی لێكەوتۆتەوە، نیگەرانییەكە بەجۆرێكە ئەندامان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەرزەنشتی سەركردە و هەڵوێستەكانیان بكەن و توانجیان لێبدەن كە بە خەم ئازار و ناڕەحەتی ئەندامانەوە نین كە لە ناوخۆی میسر لەسەر دەستی حكومەتەكەی سیسی رووبەڕوویان دەبێتەوە، ئەوان لە دەرەوەی میسر لەسەر پۆست شەر و ململانێیانە.

 

ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا لە ناوەندی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان بڵاوکراوەتەوە

زۆرترین خوێنراو