لە ماوەی ساڵێکدا چوار ڕابەری داعش لە نەیجیریا کوژراون

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

میللەت

سوپای نایجیریا ڕایگەیاندووە لەم مانگەدا لە ئەرکێکی سەربازیدا ڕابەری نوێی ڕێکخراوی داعشیان لە ڕۆژئاوای ئەفریقا کوشتووە، ئەمەش دوو هەفتە دوای ڕاگەیاندنی مردنی ڕابەری پێشووی گروپەکە ئەبو موسعەب ئەلبەرناوی.

وتەبێژی سوپای نایجیریا بێنارد ئۆنیوکۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، هێزەکانی نایجیریا کۆمەڵێک ئەرکی سەربازی وشکانی و ئاسمانیان بۆ سەر گروپە چەکدارییەکان ئەنجامداوە، لەمیانەی ئەو ئەرکانەشدا ڕابەری نوێی ڕێکخراوی داعشی ڕۆژئاوای ئەفریقا مالام باکۆ کوژراوە.

ئۆنیوکۆ زیاتر وتویەتی "بەدرێژایی ئەرکەکان لەو ماوەیەدا، 38 تیرۆریست کوژراون کە باکۆی ڕابەری نوێی ڕێکخراوی داعشی ڕۆژئاوای ئەفریقاشی تێدایە."

تا ئێستا کووژرانی ئەم ڕابەرە لە ئەفەریقا لەلایەن داعشەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، ئەگەر پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوا باکۆ چوارەمین ڕابەری داعشی ڕۆژئاوای ئەفریقا دەبێت لەم ساڵدا کوژرابێت، لە مانگی پێنجدا ڕابەری بۆکۆ حەرام ئەبوبەکر شێکاو کوژرا، دواتر لە مانگی هەشتدا ڕابەری داعش لە سەحارای گەورە عەدنان ئەبو وەلید ئەلسەحراوی کوژرا، لەم مانگەشدا ئەل بەرناوی کوژرا.

لەدوای کوژرانی ئەبوبەکر شێکاوەوە، هەزاران چەکداری بۆکۆ حەرام خۆیان ڕادەستی هێزە چەکدارەکانی نایجیریا کردووە، ڕێکخراوی داعشی ڕۆژئاوای ئەفریقا لقێکی گروپی بۆکۆ حەرامە کە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە دژی هێزە چەکدارەکانی نایجیریا شەڕ دەکات، دواتر دوو گروپەکە لە یەکتر هەڵگەڕانەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ململانێکان کە پەرەی سەندووە بۆ وڵاتانی چاد و کامیرۆنی دراوسێی نایجیریا، بوونەتە هۆی کوژرانی 300,000 کەس و ملیۆنان کەسیش پشت بە یارمەتییە مرۆییەکان دەبەستن.

زۆرترین خوێنراو