بزووتنەوەی ئیسلامی: پەكەكە یەكێكە لە هۆكارەكانی كۆچی گەنجان

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

میللەت
ئەندامێكی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ میدیای توركیا، پەكەكە بە یەكێك لە هۆكارەكانی كۆچی لێشاوی گەنجان بۆ هەندەران وەسف دەكات.


كەمال زرار ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت، ''بەڕای من هۆکاری سەرەکی بۆ کۆچی هاووڵاتییان و گەنجانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئەوروپا، بێئومێد بوونیانە لە دەسەڵات، بەڵگەشمان بایکۆتکردنی لەسەدا ٦٠ی هاووڵاتییانە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ١٠ی ئۆکتۆبەر، هاوکات سەدان دەنگدەریش دەنگەکانیان سووتاند، کەواتە لەسەدا ٧٠ی هاووڵاتیان بێزارن لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش".

کەمال زرار هۆکارێکی تری کۆچی گەنجان بۆ ئەورووپا بۆ بوونی گەندەڵی دەگەڕێنێتەوە کە بەڕای ئەو گشت دەسەڵاتی گرتۆتەوە، لەگەڵ نەبوونی پلانی حکومەت بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان کە ئەوەش بە یەکێک لە هۆکارەکان لەقەڵەم دەدات کە وادەکات هاووڵاتییان روو لە هەندەران بکەن.

ئەندامەكەی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی پێیوایە بوونی پەكەكە یەكێكی دیكەیە لە هۆكارەكانی كۆچی گەنجان و بە ئاژانسە توركییەكەی ڕاگەیاندووە "بەدڵنیایییەوە هۆکاری تریش هەن لەوانە ئەو بازرگانانەی بە کارەکە (گواستنەوەی هاووڵاتییان لە کۆمپانیاکانی گەشت) هەڵدەستن بۆ مەرامی خۆیان لەوانەیە خەڵکی پەکەکەیان تێدابێت، لەهەمان کاتیشدا ئەو دۆخە ناهەموارەی کە لە سنوورەکاندا هەیە بەهۆی پەکەکەوە بە دڵنیایییەوە ئەو گوند و لادێیانە، ئاوەدان نابنەوە و مەجالی ئاوەدان کردنەوەیان تێدا نییە. لەبەر بوونی پەکەکە، ئەو خەڵکە کە نەیتوانی لە شوێنی باب و باپیرانی دانیشێت، بێئومێد دەبێت و روو لە هەندەران دەکات".