یەكێتیی بە فەرمی زیادبوونی ژمارەی كورسییەكانی بۆ پەرلەمانی عێراق راگەیاند

هەواڵی کوردستان

Alternate Text

میللەت
پاش ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، كورسییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەچوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستان بوو بە 18 كورسی و لەدەرەوەی لیستی هاوپەیمانی بوو بە 19 كورسی. 

ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ماڵپەری فەرمی یەكێتیی ڕاگەیاند: تا ئێستا یەكێتی 18 كورسی هێناوە.

وتیشی: ئێمە لەكاتی هەڵبژاردنەكان كە پڕۆسەكە بەڕێوەچوو لە هەندێك بازنە لە هەولێر و موسڵ و شوێنی دیكە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تانەمان لە كۆمەڵێك بازنە بەهۆی ئەوەی كە پێمانوابوو لەو بازنانە كێشە هەیە و غەدر لە كاندیدەكانی ئێمە كراوە، لەبازنەی 1 و 3 ی هەولێر تانەمان دا، دوای پێداچوونەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عیراق و دەستەی دادوەری هەڵبژاردنی عیراق ، دوای خستنەڕووی بەڵگە و دیكۆمێنتەكان كە كێشە و گرفت هەبووە. دەستەی دادوەری هەڵبژاردن بڕیاریدا ئەو دوو كاندیدەی ئێمە بەپێی ماف و دەنگی خۆیان سەركەوتوون، بە واتایەكی دیكە گەڕانەوەی ماف بوو بۆ خاوەن مافەكان.

بەپێی ڕاگەیاندنی كۆمیسیۆن لە هەولێر هەرێم كەما ئاغا لە یەكێتی چووە شوێنی لەیلا ئەكەرەم لە پارتی، لە موسڵ رونزی سیدۆ لە یەكێتی چووە شوێنی عەبدولسەلام شەعبان بەرزنجی لەپارتی.

لەچوارچێوەی گۆڕانكاری كورسییەكان، لە ئاستی عیراق بەپێی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری بەسەر 5 كورسیدا هاتووە، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دوو كورسی زیادی كردووە و لە كەركوك غەریب عەسكەر لە پەیمانی فەتح چووە شوێنی سەوسەن جدوع لەبەرەی توركمانی.

لە بەغدا خالیدی عوبیدی لە عەزم چووە شوێنی عەباس جبوری لە عەقدی وەتەنی و لەبەسرە ڕەفیق ئەلسالحی لە هاوپەیمانی فەتح چووە شوێنی هەیسەم فەهد سەربەخۆ.