وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ زه‌نگی‌ مه‌ترسی‌ لێدا

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

Alternate Text

میلله‌ت
وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ عێراق زه‌نگی‌ مه‌ترسی‌ لێدا و رایگه‌یاند كه‌ گۆڕاوی‌ ئۆمیكرۆنی‌ كۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و ژماره‌ی‌ توشبووان رووی‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كردووه‌.


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ هه‌یسه‌م ئه‌لعوبه‌یدی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ عێراق له‌ لێدوانێكدا وتی‌: "گۆڕاوی‌ ئۆمیكرۆن گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغی‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ له‌ عێراقدا".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئۆمیكرۆن هاوشێوه‌ی‌ گۆڕاوه‌كانی‌ تری‌ كۆرۆنایه‌، به‌ڵام زۆر به‌خێرایی بڵاوده‌بێته‌وه‌ و له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر خه‌ڵك توش ده‌كات ئه‌مه‌ش جێگه‌ی‌ نیگه‌رانییه‌ و فشار له‌سه‌ر كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ دروست ده‌كات.

به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ عێراق پێشبینی‌ كرد له‌ چه‌ند رۆژی‌ داهاتوودا ژماره‌ی‌ توشبووانی‌ كۆرۆنا زیاتر به‌رزبێته‌وه‌ و باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ "به‌ گشتی‌ ماوه‌ی‌ (حه‌زانه‌) ده‌ركه‌وتنی‌ نیشانه‌كانی‌ توشبوون به‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا له‌نێوان رۆژێك بۆ 21 رۆژدایه‌، به‌ڵام ئۆمیكرۆن هه‌فته‌یه‌ك كه‌متره‌ به‌هۆی‌ خێرا ده‌ركه‌وتنی‌ نیشانه‌كانی‌ و كورتی‌ ماوه‌ی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ران و سه‌ردانكه‌رانی‌ فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان به‌شێكی‌ گرنگن له‌ كۆنترۆڵكردنی‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ڕێی‌ پابه‌ندبوونیان به‌ رێكاره‌كانی‌ خۆپارێزی‌ و وه‌رگرتنی‌ ڤاكسین.

لای‌ خۆیه‌وه‌ سه‌یف به‌در وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ عێراق وتی‌: "دیارترین ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ سیستمی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌بنه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ ماوه‌یه‌كی‌ زه‌مه‌نی‌ دیاریكراودا توش ده‌بن".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ گۆڕاوه‌ نوێكه‌ی‌ كۆرۆنا توشی‌ هه‌موو ته‌مه‌نه‌كان ده‌بێت، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كان زیاتر له‌سه‌ر كه‌سانی‌ به‌ته‌مه‌ن و ئه‌وانه‌یه‌ كه‌نه‌خۆشی‌ درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ و سیستمی‌ به‌رگریی جه‌سته‌یان لاوازه‌.

زۆرترین خوێنراو