کاریگەری کۆرۆنا لەسەر ڕێژەی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ ساڵی 2022 لە جیهاندا

کراوەیی ئیسلامی

Alternate Text

و: ئارام مەحموود ئەحمەد

توێژینەوەیەک باس لە کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر چالاکی تیرۆریستان دەکات لە جیهاندا و جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە چالاکی تیرۆریستان زیاتر بووە، ئەمەش لەگەڵ ئەوەی کە ڕێکاری ئاسایشی توند لەلایەن بەرپرسانەوە گیراوەتەبەر.

توێژینەوەکە کە ناوەندی ترێندز بە ناوی (ئاڕاستەکانی چالاکییە تیرۆریستییەکان بۆ ساڵی 2022) بڵاویکردووەتەوە، ڕوونیکردووەتەوە کە کۆمەڵێک کاریگەری ئاڵۆز بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەسەر چالاکییە تیرۆریستییەکان دروستبوون. لەلایەکەوە هەلی داوە بە گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ ئەوەی سوودی لێوەرگرن، بەڵام لەلایەکی ترەوە چالاکییەکانی سنوردار کردوون.

سیاسەتی دووری کۆمەڵایەتی و هەلی بە سەرباز گرتنی ئەندامی نوێ
بەپێی وردەکارییەکانی توێژینەوەکە کە لەلایەن توێژەری تایبەت بە ئیسلامی سیاسی و تیرۆر (محەمەد قەندیل)ەوە نووسراوە، سیاسەتی مانەوە لە ماڵەوە و دووری کۆمەڵایەتی هەلی زیاتری داوە بۆ زۆربوونی توندڕەوی لە کۆمەڵگەکەندا، کە گرووپە تیرۆریستییەکان ئەو هەلەیان قۆستووەتەوە بۆ زیاد کردنی ژمارەی ئەندامەکانیان، بە تایبەتی ئەوانەی بە هۆی ئەو سیاسەتانەوە زیانیان پێگەیشتووە، بۆ نموونە بەپێی توێژینەوەیەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ڕاستە توندڕەوەکان لە ئەوروپا هەوڵیانداوە سوود لە نەیارانی ڤاکسین و ئەوانەی گوومانیان هەیە وەرگرتووە، ئەویش لە ڕیگەی ڕەخنەگرتن لەو کۆتوبەندانەی وڵاتانی جیهان بۆ خۆپارێزی و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵەیەتی گرتویانەتەبەر.

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەداوە، کە نەچوونە دەرەوە لە ماڵەوە بووتە هۆی ئەوەی لە تاکەکان کاتی زیاتر لەسەر هێڵی ئینتەرنێت بمێننەوە، ئەمەش بووەتە هۆی گەیشتنیان بە ناوەرۆکە توندڕەوییەکان.  کە دەرەنجامی هەستکردن بە دابڕاوی کۆمەڵایەتی و بێزاربوونی تاکەکان لە سیاسەتەکانی خۆپارێزییە.

سەرقاڵی حکومەتەکان
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەبووە، بە هۆی ئەوەی ژمارەیەک لە وڵاتان بەشێکی زۆری هێزی خۆیان تەرخان کردووە بۆ لایەنی تەندروستی نیشتمانی.

ئەمەش ئەوەیە کە یاریدەدەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان (میشێل کونینکس) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرەنگاربوونەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی پێداوە و وتویەتی، وڵاتان بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەیان بە کاری لەپێشینە داناوە و ئەمەش بووەتە هۆی کەمکردنەوەی هاوکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و تەندڕەوی، هەروەها بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هەماهەنگی نێوان وڵاتان لە ڕووی هاوکاری دارایی و پشتیوانی تەکنیکی، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو وڵاتانە دروستکردووە، کە توانای سنورداریان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

سەربازگە و بەندیخانەکان؛ بۆمبی چێنراو

لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کاریگەری زۆری خستووەتە سەر سەقامگیری سەربازگە و بەندیخانەکان، بە تایبەتی ئەوانەی پەویەندیان بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعشەوە هەیە، ئەویش بە هۆی ترسی بەرپرسانی ئەو بەندیخانانە لە تووشبوون بە ڤایرسۆەکە گرفتی هەڵاتن و دروستبوونی ئاڵۆزی لە بەندیخانەکان زیاتر کردووە. بۆ نموونە گێڕانەوەی ژمارەیەک لە داعشە بەندکراوەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی خۆیان، بە وتەی ڤلادیمیر فرونکوف، پرۆسەکە بە خاوی بەڕێوەدەچێت، ئەویش بە هۆی گرفتی یاسایی و سیاسییەوە.

بە کورتی توێژینەوەکە هۆشداری داوە لە زیادبوونی چالاکییە تیرۆریستییەکانی لە جیهاندا بۆ ساڵی 2022، کە چالاکی ژمارەیەک گرووپ و ڕێکخراوی تیرۆریستی وەک داعش و قاعیدە لەگەڵ ئەوەی گورزی گەورەیان بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا بوونیان ماوە و کار دەکەن بۆ خۆڕێکخستنەوە و گەشيپێدانی کەرەستە بەردەستەکان بۆ ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکان.

س: سکاینیوز

 

ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا لە ناوەندی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان بڵاوکراوەتەوە

زۆرترین خوێنراو